بۆچی دەبێت زانکۆکان بەو فۆڕمە کۆمیونیستە بەرهەم نەهێنەی ئێستا زیندەبەچاڵ بکرێن؟ بۆچی دەبێت زانکۆکان کە دەمێکە پێیان دەڵێم: کارگەکانی بەرهەمهێنانی گەنجی بێکار و دروستکردنی بڵقی زانستی بخرێنە ژێر چاودێری ورد و حکومەت لەجیاتی کردنەوەی زانکۆی نوێ، ٧٥٪یان دابخات و پێداچونەوەی ورد بۆ ئەهلیەتی خوێندن تیایاندا بکات؟
لەپۆستێکی ١٥ مانگ پێش ئێستا بەراوردی ژمارەی زانکۆکانی هەرێمم بە هی چەند وڵاتێک کردبوو وە پێشنیاری گۆڕینی ٢٠ زانکۆ حکومیەکەم بۆ یەک زانکۆ، بەناوی زانکۆی هەرێم کردبوو.
بەڵام لێرەدا باسی دەردە بۆگەنەکەی کۆمیونیزم دەکەم لە فەلسەفەی بەڕیوەبردنی زانکۆکان. کە ئیستا چەند باوهاوسەکی بێ ناسنامە، وەک باوهاوسەکانی کۆمیونیزم و کارگە زلە زیانبەخشەکان بەتاڵن لە زانستێک کە کەمترین کاریگەری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر ئابووری کوردستان و بگرە بارێکی قوڕسن و هەڵگرتنی لەلایەن حکومەتەوە بەدەر لە بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی و بەخشینەوەی بڕوانامە و دروستکردنی کێشە بۆ حکومەت هیچی تر نین.
لێشاوی توێژینەوەی بێسوود و لەقەبی زل زل و گاڵتە بە زانست ناونیشانی ئەو دامەزراوە کۆمیونیستانە کەزۆر بەکەمی جیاوازی لەنێوان کەسێکی بەتوانا و کارامە لەگەڵ "شیرین بەهارەیەک" دەکات. تەحەدا دەکەم خەڵکێک لەدەرەوە هاتبێت داوای خوێندنەوەی ٥٪ ی نامەی ماستەر و دکتۆرا و ئەو توێژینەوانەیان کردبێت. پێوەرت بکەیە سایتەیشن و بڵاوکردنەوەی ٥٠ توێژینەوە لەساڵێک نەک چەند کەسەکە باشە لەئەنجامدانی کارەکەی، چاوەڕێی چ دەبێت بکەیت؟ جیاوازی چیە لەگەڵ ڕەشید دۆستەم و کیم جۆن ئون کە ١٠٠ نیشانەی سەربازی درۆیان لەسەر شانە. من جیاوازی لەنێوانیان نابینم.
بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری مامۆستاکانی زانکۆ لە سەلەفیەکانەوە تا عیلمانیە ئەثیستەکان بگری، هیچ نین کۆمەڵێک کۆمیۆنیستن کاردەکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ واقیع و هیچ فیدباکێکی راستەقینە لەسەر خۆیان دانانێن تەنها ئەوە نەبێت دەوڵەت دەبێت بەخێویان بکات و مانگانە ٥ ملیۆن بۆ ٥ کاتژمیر وەربگرن و دەرەنجامەکەشی ئەوە بێت کە دەیبینین. زۆربەی توێژینەوەکانیان بگری و بیانهێنی بیفرۆشی لەبازاری کار و پیشەسازی، کەس ٢٥٠ دیناریان پێنادات ئەوە نەبێت، ئەگەر گوڵەبەڕۆژە فرۆشێک نۆستالژیای هەڵسێت و وەک جاران گولەبەرۆژەی تیبکات و بیفرۆشێت. ئەگینا نرخی ئەو کاغەزەشی نیە کە لەسەری چاپ دەکەن.
ئەو زانایە گرنگانە وەک زۆربەی چینەکانی دیکە، لەڕاستیدا لەسەر سۆسیالی حکومەتن. لەڕاستیدا چەمکی "گەندەڵکارانی زانست" لەوانەیە پڕ بە پێستی بێت. خۆ گەندەڵی هەر گەندەڵی نیە لە پارە. گەندەڵی لە فیکر و سەقافەت و ئیدیعای شتێک کە بەقەد خوێندکارێکی پۆلی ١٢ی ساڵی ١٩٢٥ نەزانی، هەڵخەڵەتاندنی خۆت و کۆمەڵگە و حکومەتە. کارەساتێک دەنێیەوە کە تۆیەکەی لەدوای ٥٠ ساڵیش دەمێنێت و هەردەبێت خەریکی بژار بین.
ئەو گەندەڵانەی لەعیراق هەن، پەروەردەی دەستی کێ و چ سیستەمێکن، ئەگەر پەروەردەی راستەوخۆی ئەو زانکۆیانە نەبن؟ هەستم بەو بابەتە کاتێک کرد کە لیژنەی ماستەرەکەم وەک تاوانبارێک سەیریان دەکردم و دادگاییان دەکردم وەک ئەوەی گوناحێکم کردبێت.
لە کۆتایدا لەو سەردەمە، هەر توێژینەوەیەک/زانستێک بازاڕێک بۆخۆی نەبینێتەوە کە خەڵکێک سودی لێببینێت، نەک هەر خۆهەڵخەڵەتاندنە، بەڵکو خیانەتێکە وەک خیانەتی بەکۆمەڵی کۆمیۆنیستەکان و ولات کاول نەکات سودی پێناگەیەنێت. حکومەت موچەت ناداتێ بۆ ئەوەی خیانەت لەزانست و کۆمەڵگە بکەیت! یان هەر خەریکی شێلانی داتا قۆرنج کراوەکان دەبین بۆ دڵخۆشکردن و خۆگونجان لەگەڵ سیستەمێک کە لەبنەچەوە نەزۆک و بەرهەم نەهێنە.