ئێمە نەوەیەکین کە هەرگیز ناگەڕێینەوە

نەوەیەک کە بە پێ دەڕۆیشتین بۆ قوتابخانە و دواتر بە پێ دەگەڕاینەوە.


نەوەیەک کە بە تەنیا ئەرکی ماڵەوەمان دەکرد بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەربچین لە کۆڵانەکان بە پێلاو و تۆپی لاستیکی یاری بکەین.


نەوەیەک کە زۆربەمان لەناو کۆڵانەکان لەکاتێک لەکاتەکان فرۆشیاری گەرۆک و شاگرد و کاسب بووین.


نەوەیەک بوین لەپیکردنی پانتۆڵمان پێ عەیبەبوو. لەیەکەم رۆژی پۆلی یەکی ناوەندی کتابەکان و دەفتەرەکانی لەلاستیک دەپێچا و جانتا هەلگرتنیشی پێ عەیبە بوو.


نەوەیەک کە هەموو کاتە بەتاڵەکانمان لە شەقامەکاندا لەگەڵ هاوڕێکانمان بەسەر دەبرد.


نەوەیەک کە کێک و گومبەتۆکەی بەهەشت و جەهەنەممان بە قوڕ دروست دەکرد.


نەوەیەک کە قەپاغی پێپسی کۆدەکردەوە و دوو داوی تێدەخست و دەیکرد بە فرفرۆکە. لەهەموو شتێکی بێ نرخ یاریەکی دروست دەکرد.


نەوەیەک کە بە دەست کۆلارە و تەیارە و ترەقە و پاپۆڕی کاغەزیمان دروست دەکرد.


نەوەیەک کە لە ڕۆژانی باراناوی و خۆشدا یاری شەرەشەقانێ، بازبازانێ، ساپساپانێ، موشانێ، کەلایانێ، سیفۆنانێ، گۆگۆیانی، تامتامانێ، پەلیکانێ و ..هتد دەکرد.


نەوەیەک کە لە ١١ شەو و دوای ژەنینی سروودی نیشتمانی تەلەفزیۆنەکان دەکوژایەوە و دەخەوت.


نەوەیەک کە لەسەربانەکان لە ناو چیغ و سەر سیسەمی تەختە دەنوستین و زۆربەی کات دەبوو دۆشەک و بالیف و بەتانی لە ئیوارەوە ببەیتە سەربان و رایبخەیت و بەیانیانیش بیهینیتە خوارێ.


نەوەیەک کە سنوری جوگرافی کۆنترۆلی هەبوو ڕیگەی نەدەدا منداڵی وڵاتانی داوسێی گەرەکەکەی تەنیشتی بەئاسانی تێپەربن.


نەوەیەک کە لە ژێر یەک بەتانی ٤-٥ کۆدەبوینەوە بەدزی فشقیات و فسکەفسکمان دەکرد، دایک و باوکمان نەیاندەزانی ئێمە هێشتا بەئاگاین.


نەوەیەک کە لە کاتی تاریکیدا یاری قەرەقاراینێمان دەکرد و جاری واهەبوو ٥٠٠ مەتر دوردەکەوتینەوە لەماڵ و نەشدەترسیان.


نەوەیەک کە تێدەپەڕێت و بەداخەوە هەرچەند هەوڵبدەین هەرگیز ناگەڕێتەوە.


من گەورەبوونی خۆم زۆر خۆشدەوێت. ئەو کاتەی کە لە کۆنترین گەرەکی کۆیە (بایزاغا) دەژیام.


خۆشترین کات بوو.

پێشنیاری باجی سەوز