ئای لەدەست وەزارەتی پلاندانان

لەگەڵ قەیرانی موچە، هێشتا نرخی خانوو لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بە بەراورد لەگەڵ قەزاکان، ٢-٣ قاتە. نەهامەتیەکی گەورەیە بۆ گەنجانی ئەو ٣ شارە. هەتاکو ئێستا نەمبیستووە وەزارەتی پلاندانان لەخۆی بپرسێت ئەو جیاوازیە هۆکارە راستەقینەکەی چیە؟


بەڕیزان، هۆکاری ڕاستەقینەی ئەو گرانیە لێشاوی پارە و خڕبونەوەی پیشەسازیە لەو ٣ شارە. با شارێکی بەناو "یەخسیر"ی وەک کۆیە بەراورد بکەین لەگەڵ هەولێر. تا ساڵی ٢٠٠٣، نرخی خانوو لە کۆیە ئەگەر گرانتر نەبوبێت لە هەولێر هەرزانتر نەبوو. زۆر بە ئاسانی خانوەکی ٢٠٠ مەتریت لە کۆیە دەفرۆشت و لە هەولێر خانوەکی ٢٠٠ مەتریت دەکڕیەوە. ئێسا ٣ خانوو دەفرۆشیت، ئەوجا خانووەک لە هەولێر دەکڕی!


ئەو قەزایە "یەخسیرە" ساڵی پار ١٢٠ هەزار تەنی گەنم و جۆ بەرهەم هێناوە. ئەو ساڵیش لەوانەیە لەنێوان ٧٠ هەزار بۆ ٨٠ هەزار تەن گەنم. بۆ دانیشتوانێکی ١٦٠،٠٠٠ کەسی، ١٢٠ هەزار تەن گەنم بەنرخی ٨٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تەنێک گەنم دەکاتە ٩٦ ملیار دینار. نزیکەی ٣٠٠٠ حەوزی ماسی تێدایە. هەر حەوزێک ٥ ملیۆنی داهات بێت کە زۆر جار دەگاتە ١٥ ملیۆنیش، ئەوە ١٥ - ٤٥ملیار دینار. چەندین دەواجن و سەدان خانوی پلاستیکی و ١٠٠ ملیار دیناری مووچە. بە کۆی گشتی ئەو لەو قەزا یەخسیرە داماوەی کە ڕیژەی بێکاری لەنیوگەنجی زۆرترینە، سالانە لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٣٥٠ ملیار دیناری داهاتە. واتە هەر نەفەریک لە کۆیە لە منداڵی یەک رۆژیەوە هەتاکو پیری ١٠٠ ساڵی، ساڵانە داهاتی ١٨ ملیۆن بۆ ٢٢ ملیۆن دینارە. ئەی کوا ئاسەواری ئەو ٧٢ بۆ ٨٨ ملیۆن دینارە بۆ خیزانێکی ٤ کەسی؟


بەڕێزان، خەڵکی قەزای کۆیە نایەت پارەکەی لەناو قەزاکە وەبەرهینان پێبکات. دەیباتە هەولێر. خەڵکی شەقڵاوەش، سۆرانیش، ..هتد. بەهەمان شیوە دوکان، دەربەندیخان، چەمچەماڵ،..هتد بۆ سلیمانی. لە دەرەنجام گرانی ڕوو لەسەنتەری پارێزگاکان دەکات. هەر شوێنێک پارەی زۆرتری تیابێت گرانی زیاتری تێدایە. لەلایەک سەنتەری قەزاکان بە هەژاری و دواکەوتوویی ئابووری دەمێننەوە، لەلایەکی دیکە سەنتەری پارێزگاکان بە پارەی زۆر و ڕواڵەت پیشکەوتوتر لە رووی ئابووریەوە بەڵام گرانی و سەرگەردانی مۆرال دەمێننەوە.


وەزارەتی پلاندانانی بێ پلان، بۆ چارەیەکی ئاسان بۆ ئەوە نادۆزیتەوە؟ ناتوانی وەبەرهێنان ببەستیتەوە بەکارتی زانیاری؟ بە تیرێک دوو ئامانج بپێکی؟ لەلایەک جەنجاڵی و پیسی و گرانی لەسەنتەری پارێزگاکان کەمکەیتەوە و لەلایەکی تر وەبەرهینان و کارسازی لە قەزاو ناحیەکان پەرەپێبدیت؟ دە لێمەگەرێ خەڵکی قەزاکان لەسەنتەری پاریزگاکان بەئاسانی دەستیان بە وەبەرهێنان و کرین و فرۆشتن بگات، بزانە چۆن هاوسەنگی جم و جۆڵی ئابوری لەسەرجەم کوردستان دەبوژێنیەوە. بەس چ بڵێین کە نەک بۆ خەڵکی خۆمان، بەڵکو دەرگا کرایتەوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عیراقیش. ئەوەش لەبەر تەماحی هەندێک ئۆلیگارکی چلێس. کە قوریان بەسەر گەنجی هەردوو نیوەندی قەزا و پاریزگادا کردووە.


ئەو وێنەی خوارەوەش پێشکەشە بە وەزارەتی پلاندانان کە چۆن وایان لە خەڵک کردووە هەمووی بۆکسی کۆنرینی دووقات و سێ قات بکات و قاتی دووەم و سێیەمی بەخۆرایی بداتە جنۆکە. هەر بۆخۆشی شەویک بە کۆڵانێکدا تێپەڕن بزانن چەند خانوو قاتی دووەم و سێیەمی چۆلە. باوەڕتان هەبێت لەوانەیە ٨٠-٩٠%ی سەرجەم قاتی دووەم و سێیەمەکان چۆل بن. ئەوەی خانوی دروستکردووە پارەی لێنەداوە؟ لەوانەیە کوردستان ٥ ملیار دۆلاری تەنها لە قاتی دووەم و سێیەم زەرەر کردبێت. ئەگەر خەڵک دەرەچەیەکی باشتری هەبوایە، نەدەچوو ٢٠،٠٠٠ تا ٥٠،٠٠٠ دۆلار لە بۆکسێکی بێ سوود بدات.

چوار داب و نەریتی جوانی سەردەمی عوسمانی