بەڕێزان، بەچاوی خۆتان نامەی یەکێک لە مافیاکانی ئەکادیمی ببینن کە ماوەیەک بەر لە ئیستا بۆ هاوڕێیەکی زۆر نزیکم هاتووە. لەنامەکەدا هاتووە کەوا ئەوان تیمێکن لە چەندین بواری زانستی و ئەندازیاری و کشتوکاڵی کاردەکەن. توێژینەوەی زانستی لە باشترین گۆڤاری زانستی و ئەندازەیی (Q1 & Q2) بڵاو دەکەنەوە. ئەوان ئامادەن ناوی ئەو هاوڕێیەم ئیزافە بکەن بۆ سەر تویژینەوەکانیان لەبەرامبەر پارە. دوای پرسینێکی سەرپێی، وتیان ٦٠٠ دۆلار. معامەلەی زیاتری بکردبا، ناوی منیشیان ئیزافە دەکرد و بە ٦٠٠ دۆلار بۆ هەردووکمان دەگەیشتینە ئیتفاق.
بەداخەوە، زۆر زۆریش بەداخەوە، زۆرێک لە توێژەرەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان لەگەڵ ئەو باندە مافیا ئەکادیمیانە تێکەڵە. فێل لە پاداشتی خوێندنی باڵا دەکەن و پارە دەدەنە ئەو مافیا ئەکادیمیانە و دواتر سێ قات و چوار قات لە وەزارەتی خوێندنی باڵای وەردەگرنەوە. هەر ئەوەندەش نا، لەبەر ئەوەی لەوەزارەت بریار هەیە کەوا ئەگەر لە (Q1) بڵاو بکەیەوە پێداچوونەوەی زانستی ناوێت، سەدان نامەی دکتۆرا و ماستەر و سەدان گۆرینی نازناوی زانستی سوودی راستەوخۆیان لەو دزی و گەندەڵیە وەرگرتووە. طبیعی، کە نازناویشیان دەگۆرن بەدرۆ داوای پارە و پۆست و پاداشتیشت لێدەکەن.
داوەشێن باشترە لەوەی فێل لە وڵات و سیستەمی وڵاتێک بکەن بە دزی زانستی. لێرەوە زۆر زۆر بە ڕاشکاوی ڕایدەگەینم، هەر تویژینەوەیەکت بینی، توێژەرێک یاخود زیاتری ئیرانی، ڤێتنامی، هیندی، تایلەندی، پاکستانی، ...هتد. بوون لەگەڵ توێژەری یەکێک لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان، یەکسەر گومان بخەسەر ئەمانەتی زانستی ئەو تویژینەوە. ئەگەر ئەوە گەندەڵی نەبێت، ناوی چی لێدەنێیت؟ چ پەیوەندیەک توێژەرێکی ئیرانی لە بلوشستان بەیەکێک لەهەولێر گریدەدات مەگەر درۆ و ساختە نەبی؟ بۆیە داواکارم لەسەرجەم مرۆڤە پاک و خاوەن پرینسیپە تۆکمەکانی کوردستان لە ئاست ئەو گەندەڵیە ترسناکە بیدەنگ نەبن. ئەوان ساڵانە زەرەری دەیان ملیار دینار لە ئابووری هەرێمی کوردستان دەدەن. من لە جێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بم:
یەکەم هەنگاو: هەموو ئەو مامۆستا و ستافانەی وەزارەت دیاری دەکەم کە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوو نازناوی زانستیان گۆڕاوە.
دووەم هەنگاو: ناو و ناونیشانی مافیا ئەکادیمیەکانی ئیران و ڤێتنام و هیندستان و ..هتد. بەووردی دیاریدەکەم.
سێیەم هەنگاو: توێژینەوە زانستی ئەوان دەهێنم و بەوردی ڵیکۆلینەوەی لەسەر دەکەم. یارەبی لە (Nature) ناوی دەبوو، حەقم نیە. دەگەرێم بزانم چ لینکەک لەنێوان ئەو و توێژینەوەکانی هەیە لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی ناویان لەهەر توێژینەوەیەکی هاوبەش هاتوە.
چوارەم هەنگاو: ئەگەر بۆم دەرکەوت ستافی وەزارەت بە مامۆستا و فەرمانبەری دەستی لەگەڵ ئەوان تێکەڵ کردووە ونازناوی گۆڕیوە و پاداشتی وەرگرتووە، بێ یەک و دوو دەیدەمە دادگا و هەموو شایستە دارایەکانی بە (اثر رجعي) لێوەردەگرمەوە. ناویشی دەخەمە لیستی ڕەش و بۆ سەرجەم کۆمەڵگە زانستیەکانی جیهانی دەنێرم کەوا چیتر مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە نەکەن و بروانامەکەشی لیوەردەگرمەوە و دەیگەڕینمەوە ئەو شوێنەی لێی هاتووە.