کاک شەماڵی ٢٦ ساڵی دەرچووی زانکۆ، ٤ ساڵە بێکار قیت و قنج لە کافتریا بۆ کافتریا بازدەدات. بیکوژە لێی مەپرسە بۆ بێکارە. وەڵامە هەمیشەیەکەی هەردەم حازرە: چۆن کار بکەم فلسێک لە گیرفانم نەبێت؟ وەڵامێکی هەتا حەددێک راستە لە ڕووکەش بەڵام ناخەکەی جۆرێک لە نەزانی نیشان دەدات. لە نەزانی سەبارەت بە جۆرەکانی سەرمایە. بەداخەوە، کەس نەهات بە کاک شەماڵ بڵێت کەوا ٤ جۆر سەرمایە هەیە. ئەوانیش:
یەکەم سەرمایە سەرمایەی کەلتووریە: ئەویش ئەو زانیاری و ئەزموون و لێهاتوویی و توانایانەی کە خاوەنییت.
دووەم سەرمایە سەرمایەی ڕەمزیە: ئەو ناوبانگ و پێگە و شکۆیە کە لە نێو خەڵکدا خاوەنییت، یان تەنانەت لەلایەن کۆمەڵێک تاکی ناو کۆمەڵگاوە پێی ناسراویت. بڕوانامە و کارەکەت جۆرێکە لە سەرمایەی ڕەمزی. بە سادەیی دەتوانرێت ئەم جۆرە پێناسە بکرێت بەو بڕوایەی کە کەسانی دیکە لەسەر تۆ هەیانە (تەنانەت ئەگەر بە باشی تۆ نەناسن).
سێیەم سەرمایە سەرمایەی کۆمەڵایەتیە: ئەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ کەسانی تردا هەتە، چ هاوڕێیەتی و ناسیاوی کەسی یان پیشەیی. تا زیاتر کەسانێک بە جۆرە جیاوازەکانی سەرمایە بناسیت، و تۆڕی پەیوەندییەکانتان بەهێزتر و هەمەچەشنتر بن، باشترە.
چوارەمیش بێگومان سەرمایەی ئابوورییە، پێویست بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات لێرە.
گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە کە دەتوانیت جۆرێک لە سەرمایە بگۆڕیت بۆ جۆرێکی تر. بەگریمانەیەک کە لە ئێستادا سەرمایەی ئابووریت نییە، ئەوا سەرنجت لەسەر بەدەستهێنانی جۆرەکانی تری سەرمایە دەبێت، پاشان دەیانگۆڕیت بۆ سەرمایەی ئابووری (پارە).
بەکورتی، با کەیسی کاک شەماڵ شیبکەینەوە و عیلاجەکی بکەین. کاک شەماڵ سەرمایەی ئابوری سفرە. بەڵام سەرچاوەکانی دیکەی سەرمایەی هەیە و پێویستی بە بەهێزکردنە.
یەکەم قۆناغ، شەماڵە فەندی دەبێت خۆی بخاتە بەر دەوڵەمەندکردنی خۆی لە سەرمایەی کەلتوری. هەموو هەوڵیک بدات خۆی بکات بە کەسێکی لێهاتوو لە پیشەیەک و بەشداری لە چەندین هەلی راهینان بکات. ڕێگای (PVP) بەکاربهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی حەزی لێیە.
دووەم قۆناغ، شەماڵە فەندی دەبێت وا خۆی بناسێنێت کەوا کەسێکە جێگای متمانەیە و ئەو هەرزەکارەی پێشوو نیە کە دوای٢ی بەیانی بە سەرخۆشی دەگەرەیاوە ماڵەوە. دەبێت، کەس و کاری، خزمی، هاوریکانی بەچاوی خۆیان دەوڵەمەندبوونی شەماڵ لە رەوشت و ڕێکی و ناوبانگ ببینن. ئێستا (Personal Branding) خۆی هەیە.
سێیەم قۆناغ، شەمالە فەندی دەبێت تۆڕی ناسینی خەڵک فراوانتربکات و خەڵک بیناسن. هەموان وەک پیاویکی پێگەیشتوو شایەتی بۆ بدەن. بەتایبەت لەنێو خەڵکی خاوەن کار و پیشە.
کە هەر ٣ قۆناغەکە بەتەواوی جێبەجێکرا، ئەوجا با شەماڵە فەندی بێکار لەماڵەوە دابنیشێت.
لەکۆتایدا، چۆن وزە لەناوناچێت بەڵام لە فۆرمێکەوە دەگۆرێت بۆ فۆرمیکی تر، سەرمایەش بەهەمان شێوە.