پیاوێک و هاوسەرەکەی چوون بۆ باخچەی ئاژەڵان. مەیموونێکیان بینی کە بە سۆزەوە یاری لەگەڵ مێینەکان دەکرد. ژنەکەی گوتی: "ببینە ئەو مەیمونە نێرە چەند ڕۆمانسیە!". پاشان چونە لای شیرەکان و بینیان شێرە نێرەکە دوورە لە شێرە مێینەکان. شێری بێدەنگ و تەنیا لە گۆشەکەیدا وەک ئەوەی شێرە مێینەکان بوونیان نەبووبێت لێی کەوتووە. ژنەکەی گوتی: "چ دیمەنێکی خەمناک و بێ خۆشەویستی و رۆمانسیە".
هاوسەرەکەی بەدەنگ هات: بەردێکی بەرەو شێرە مێینەکان فڕێدا و چاودێری کرد. کاتێک بەردەکەی فڕێیدا، شێرە نێرەکە بازێکی دا بۆ بەرگریکردن لە شێرە مێینەکان. چوونەوە لای مەیموونەکان و بەهەمان شێوە بەردێکی بەرەو مەیمونە مێینەکان فڕێدا. مەیموونە نێرە رۆمانسیەکە بازێکی دا و وازی لە مێینەکان هێنا بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات و بەئاسانی بەجێیهێشتن.
پیاوەکە ڕووی لە خێزانی کرد و گوتی: "بەو دیمەنانەی کە بە ڕۆمانسی دەیانبینی فریو مەخۆ! زۆرجار ڕواڵەتێکی چەواشەکارانە دڵێکی بەتاڵ دەشارێتەوە؛ هەندێکی دیکەش بە پێچەوانەوە هەن کە هیچ نیشان نادەن، بەڵام دڵیان پڕە لە خۆشەویستییەکی دڵسۆز و ئەمەکدار."
بەداخەوە لەجیهانی ئەمڕۆ مەیمونەکان زۆر زیاترن لە شێرەکان. ئەو مەیمونانە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ڕۆمانسیەتیان لێدەبارێت. سەری زار و بنی زاریان گوڵەکەم و دڵەکەمە. لەڕاستیدا ئەوانم وەک "کازم ساهیر" دێتە بەرچاو. بەقسە و فشەفش هیچی تێداناهێڵنەوە. لەبچوکترین مەوقیفیش بە ئاسانی پشت لە خێزانەکانیان دەکەن. ئەوان دێنە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بۆ ئەوەی پێش خەڵک بکەون کەوا لەدوای جیابونەوە کەس لۆمەیان نەکات. بە نەفەسێکی ژەهراوی دەیانەوێت جڵەوی سەقامگیری ئەو خێزانانەش تێک بدەن کە پیاوەکانیان سوک و بێ شەخسیەت نین.