ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا ئەمڕۆ لێی دەکشانەوە

ئەی قوڕ بەسەر عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا ئەمڕۆ لێی دەکشانەوە. ئەی قوڕ بەسەر عیراق ئەگەر ئەمریکا ڕێگەی دەدا ئیسرائیل چی دەوێت بیکات، بیکردبوایە. دەبوایە ئەمڕۆ لەبازاڕی دۆلارەکە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١،٢٠٠،٠٠٠ بگۆڕینەوە.


زۆرم سەیر بەو خەڵکەی لای خۆمان دێت کە ئەو ڕاستیە نابینن. هەندێکیان ناحەقیان نیە چونکە هەفتەیەک لەسەردەمی باینجان و ڕۆنەکەی صدامی لوت لە ئاسمان نەژیاون. دوور مەڕۆن و لە کوردەکانی کەرکوک بپرسن: پێیان بڵێن ساڵی ٢٠٠٠ موچەی فەرمانبەرێک چەند بوو و چی پێدەهات؟! نێوەندی یەک موچەی ئێستا بە دۆلار دەیکرد ٣٠٠ موچەی سەردەمی صەدام. دوایش دێن دەڵێن یەک دینار ٣ دۆلار بوو! هەی ترحێو! ئەوەش ئەمریکا و ئەوروپا لەسەردەمی ئەحمەد حسن بەکر رەخساندبووی، کە پیاوێکی زۆر ژیرتر بوو لەو صەدامە عەنتەرە.


سەیری ئەدای ڕۆبلی روسی بکەن کە روسیا دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە لەڕوی سەرچاوە سروشتیەکانەوە و لە ٢٠٢٢ ەوە ٢٨٪ ی نرخی خۆی لەدەستداوە. سەیری ئەدای بۆلیڤاری ڤەنزەوێلی بکەن کە ٤٧ ملیۆن جار نرخی لەدەستداوەو ڤەنزوێلا دوو هەندی عیراق دەوڵەمەندە لە یەدەگی نەوت و هەر بەراورد ناکرێت لەگەڵ عیراق. سەیری ئێران بکەن، ئەو ئێرانە دەوڵەمەندە زلە! چەندین جار لە عیراق دەوڵەمەندترە لەڕووی سامانی سروشتی و پێگە جوگرافیە گرنگەکەی و میللەتەکەشی بەشێوەیەکی گشتی (IQ)ی لە میللەتانی عیراق بەرزترە، کەچی دەبینن لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تمەنەکەی نزیکەی ٢٥ قات نرخی خۆی لەدەستداوە. چەندین نمونەی دیکەش وەک سوریا، یەمەن، لوبنان،...هتد. چەند نەوەیەک لەو وڵاتانە وێل و سەرگەردان بوون و خێر و خۆشیان لەخۆیان نەبینی. لەلایەکی دیکەشەوە سەیری تەجروبەی ئەرجەنتینیش بکەن بێ زەحمەت!


لێرەدا نامەوێت بڵێم بڕۆن ئەمریکا و ئەوروپا بپەرستن. بەس هەر چ نەبێت دان بە گرنگی گونجانی بەرژەوەندەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندی عیراق لە قۆناغە دابنێن. مێژووی هاوچەرخ سەلماندویەتی، دژیان رابوەستی لە ڕوسیا و ئێران و ڤەنزوێلا و سوریا و کوبا ئەگەر خراپترت لێ بەسەرنێیەت، زۆر خراپترت لێ بەسەردێت و ئابلوقە ئابووریەکەتان لەبیر بێت کە سەدان مامۆستای ئامادەیی بەدوای دەڕاسەی گەنم دەکەوتن بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەی دورینەوەکان یان بە کەر و بارەوە دەچوونە چیا بۆ ‌هێنانی دار.


یەکێک لە مەزنترین رۆماننوس و دەرونناسە جیهانیەکانی وەک دۆستۆفسکی قسەیەکی هەیە دەڵێت: مرۆڤ بۆیە هەمیشە غەمبارە چونکە نازانێت دڵخۆشە. ئەو هەمیشە خەریکی ژماردنی کێشەکانیەتی هەرگیز خۆشیەکانی ناژمێرێت.


موچە نیە! کارەبا خراپە! گەندەڵی هەیە!... ١٠٠١ کێشەی دیکە هەیە، ئەوە ڕاستە، بەڵام لەسەرووی هەموو ئەوانەش، هێشتا ١٠٠١ قات لە ڤەنزەوێلییەک یان کوبیەک یان سووریەک یان ئێرانییەک باشتر دەژین. هۆکارەکەی خۆمان نین چونکە ئێمە لەوان بلیمەتتر و زاناتر نین، تەنها ئەوەیە ئەو ڕژێمانەی ئێستای ئەوان دژایەتی ڕۆژئاوا دەکەن. ئێستا ئێران بابداتەوە بۆ ڕۆژئاوا، زۆرخێرا خەڵکی عیراق دەبینی لەسەر سنوورەکان سڕە دەگرێت بۆ ئەوەی لای ئەوان کاربکات.


دەزانم دەلێن ئەوە شیکردنەوەیەکی زۆر سانا و خەشیمانەیە، بەڵام زۆرجار ڕاستیەکان لە سانایی باشترە لە درۆکان لە ١٠٠٠ بیردۆزی موئامەڕە. ئاینشتاین دەڵێت: هەر بابەتێک ئەگەر نەتوانی بۆ منداڵێکی ٦ ساڵان ڕوونی بکەیتەوە، خۆت لێی تێنەگەیشتویت،

ناوی زل و ناوەرۆکی فشە