چەندین ساڵە تێبینم هەیە لەسەر دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت. بۆیە دەمێکە بیر لە پەرەپیدانی جۆرێکی تایبەت بە کوردستان دەکەمەوە. لەخۆم دەپرسم ئەو هەمووە فەیلەسوفە سیاسیەمان هەیە، بۆ نەهاتوون "فۆڕمێکی نوێی چاککراو" لە دیموکراسی ئیلیتیزم (Elite Democracy) کە بە مەرج ڕێگە بە خەڵک بدات خۆیان بەربژێر بکەن بۆ پەرلەمان و تێوەگڵان لە سیاسەت؟
ئەکادیمیایەک پێشنیار بکەن کەوا ڕۆژی بەلانی کەم ١٠ کاتژمێر خوازیارەکان بخاتە بەردەم چەندین فۆڕمی پەروەردە و ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی ئاستی تێگەیشتن لە ئابووری و ئاستی زانستی و زمانزانی و تەنانەت لەشجوانی و گونجانی فیزیکیش بگرێتەوە. فۆڕمێکی تایبەت کە بە مەرجیش ڕیگە بە دەنگدان بدات. هەموان مافی دەنگدانیان هەبێت بەڵام بەمەرجی ڕادەی تێگەیشتنیان لە ئابووری، لە مێژوو، لە ئاستی ڕۆشنبیریان. لەوانەیە بەلاتانەوە سەیر بێت ئەگەر بڵێم پێش ئەوەی کەسەکە دەنگ بدات کویزێک بکرێت بۆ ئەوە دڵنیابین لەوەی توانای دانی بڕیاری ڕاستی هەیە. کە وەزیر چووە سەر سندوقی دەنگدان و لە تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو نەبوو، مافی دەنگدانی نەبێت. ئەو پەیرەوەش بەردەوام بێت تا نەوەیەک دروست دەبێت کە پیویستی بەو جۆرە لە تاقیکردنەوە و راهینانە نابێت. دواتر واز لەو سیستەمە دەهێنرێت.
هەڵبژاردەی ١٠،٠٠٠ کەسی ژیر باشترە لە هەڵبژاردەی ١٠ ملیۆنی گەمژە.
کاتێک پرسیار لە نووسەری ڕووسی ئەنتۆن چێخۆف کرا سەبارەت بە سروشتی کۆمەڵگا شکستخواردووەکان، وەڵامی دایەوە: لە کۆمەڵگا شکستخواردووەکاندا بۆ هەر عەقڵی سەرکەوتوو هەزار گەمژە هەیە، بۆ هەر وشەیەکی هۆشیاریش هەزار ووشەی نابەپێز هەیە. زۆرینە هەمیشە بە گەمژەیی دەمێنێتەوە و بەردەوام بەسەر عەقڵانیدا زاڵ دەبێت. کاتێک بابەتی بێ بایەخ لە پێشەنگی گفتوگۆکانی کۆمەڵگایەکدا دەبینیت، و کەسانی بێ بایەخ سەنتەری شانۆ دەگرن، ئەوا باس لە کۆمەڵگایەکی قووڵی شکستخواردوو دەکەیت. بۆ نمونە گۆرانی و وشەی بێ مانا وا لە ملیۆنان کەس دەکات سەما بکەن و دووبارەی بکەنەوە و ئەو کەسەی گۆرانیەکەی نووسیوە ناوبانگ و ناسراو و خۆشەویست دەبێت. تەنانەت مرۆڤەکان بۆچوونی خۆیان هەیە لەسەر بابەتی کۆمەڵگا و ژیان. سەبارەت بە نووسەران و ڕۆشنبیران، کەس نایانناسێ و کەس بەها و سەنگیان پێ نادات. زۆربەی خەڵک چێژ لە بچووکی و بێهێزی وەردەگرن. کەسێک مادەی هۆشبەرمان پێبدات بۆ ئەوەی شێتمان بکات و کەسێک بە قسەی بێمانا پێمان پێبکەنێت باشترە لە کەسێک کە لە واقیعدا بەئاگامان بێنێ و بە وتنی ڕاستییەکان ئازارمان بدات. بۆیە دیموکراسی بۆ کۆمەڵگە نەفامەکان ناگونجێت، چونکە زۆرینەی نەزان چارەنووسی ئێوە یەکلادەکاتەوە.