ئەمن نە زانای سایکۆلۆژیم نە کۆمەڵایەتی، بەڵام وابزانم دەتوانم شیکردنەوەکی زۆر سانا لۆ ئەو پرسیارە گرنگە بکەم: لەبەرچی میللەتی کورد و هەتا رادەیەکی زۆر عەرەب بەرهەمهێن نیە و هەمیشە توڕە و وێل و سەرگەردان و بێ بەرنامە و مەیل بەرزە بۆ تێکدان و توندوتیژی؟
با بەنمونەیەکی زۆر سانا دەستپێبکەم: کابرایەک بەبەغایەکی هەیە کە لۆخۆشی نازانی لۆ هەموو ڕۆژی داوا لەبەبەغایەکە دەکات کە پێی بڵێت "بابە" . هەر هەوڵی لەگەڵ دەدات و دەدات، بەبەغا ناڵێت "بابە". ئیوارەیەکیان سزای بەبەغایەکە دەدات و دەڵیت چیتر نابێت لە ژوورەوە بخەویت. دەبێت لەگەڵ مریشکەکان بخەوی. ئەو شەوە دەیباتە کۆریتی مریشکەکان و بەیانی کە هەڵدەستی بەبەغاکە سەرجەم مریشکەکانی کوشتووە و ئەخیر مریشک ماوە کە هاوار دەکات بەسەری و پێی دەڵێت: پێم بڵێ بابە، پێم بڵێ بابە.
پەیوەندی نیوان کابرا و بەبەغا وەک پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی، باوک/دایک و منداڵ، مەلا و نویژکەرەکانی مزگەوەت، دکتۆر و نەخۆشەکان، دوکاندار و موشتەریە لە کۆمەڵگەی ئیمە.
بەڕیزان: ترسناکترین پەتا کە توشی تاک و کۆمەڵگەی ئیمە بووە بریتیە لە "تێنەگەیشتن لە مەبەستی لە ژیان کە دەرەنجامەکەی دروستبوونی بەتاڵی و بێ واتاییە". کەی تاک تێگەیشت پەیامی چیە لە ژیان، ئەوکات دەتوانێت هەموو هەوڵیک بدات بۆ جێبەجیکردنی.
با چەند پرسیارێکی گرنگ بکەم لێرە: ئایا ڕیژەی تاوان و خۆکوشتن لە چینی کەناسەکانی سەرجادە و ملیۆنێرەکان، لەکامیان بەرزترە؟ ئایا خاوەن سەیارە لوکسوز و گرانبەهاکان زیاتر سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆ دەکەن یاخود خاوەن سەیارە کۆن و شەپڕیوەکان؟ ئایا دکتۆرە دەوڵەمەندە فاحیشەکان زیاتر چاویان لە رووتاندنەوەی خەڵکە یاخود نەخۆشە داماو و گیرفان بەتاڵەکان؟ ئایا مامۆستاکانی زانکۆ چاویان لە دزی و گەندەڵی زانستیە یاخود خویندکارێکی قوربەسەر؟ ئایا مەلاکان، کە شتیک نیە لە ئیسلامی بەڕاستی بەناوی مەلا (وَجَعَلْناكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عند اللَّهِ أَتْقَاكُمْ)، زیاتر چاویان لە شەرعیەتدانە بە فێلکردن لەخەلک و دەرهینانی پارە لەگیرفانی ئیماندارەکان و دامەزراندنی فەرمانگەیەکی بەناوبانگی بۆ خۆیان کە بەداخەوە ناویان لێناوە (مزگەوت/ماڵی خودا) یان ئیمانداریکی لە خواترس؟
کێشەکە نە پارەیە، نە ئاوە، نە هەژاریە، نە کارەبایە، نە خۆشیە، نە ناخۆشیە، کێشەی ئێمە، کێشەی "بێ واتایی ژیانمانە". تێنەگەیشتنە لە ئامانج لە هەناسەدانمان. کەس ئەوەی پێت نەگوتووە و پێشت ناڵێت. زۆربەی کاتیش پێچەوانەکەت پێدەلێت و ژیانت لەبەرچاو سووک دەکات بەوەی پێت دەلێت خۆ هەر دەمرین دەمرین.
تاکێکی تورک، تاکێکی فارس، تاکێکی ئەمریکی، تاکێکی چینی و یابانی، تاکێکی ئەوروپی واتایەکی داتاشیووە بۆ ژیانی ئەگەر چی گشتگیریش نەبێت. بەڵام تاکی کورد بە مامۆستای لەپێش خوێندکاری سەرگەردانی گەڕانە بەدوای ئەو واتایە. ئەگەر واتاکە خزمەتکردنی نیشتمان بێت، کۆمەڵگە بێت، ژینگە بیت، پشیلە بێت، سیسرک بێت، خۆ دەربازی دەکات لە وێلی و تورەیی و بەسووک سەیرکردنی ژیانی خۆی..
مەرج نیە هەموو واتاکان ڕاست بن، بەڵام مەرجە کە بزانی پەیامی تۆ چیە لەژیان. نەزانینی پەیام دەرگای ئەوە دەکاتەوە کە لەسەر فول لایتێک یەکیک بکوژی، لەسەر تەماتەیەک دەستریژی لە ١٠٠ کەس بکەیت، لەسەر جادەکان هەمیشە تیژرەوبیت و پێشی هەموان بکەوی و کارەسات بقەومێنی، چونکە لە کۆتایی تۆ وێلی و سەرگەردانی، وا هەست دەکەیت بەوە مانایەک دەدەیتە ژیانت کە لەئەساسدا بەبی بونی پەیامێک لەژیان هیناوتە. ڕادەکەیت لە وڵاتی خۆت بۆ ئەوەی ئەو مانایە بدۆزیتەوە و وادەزانی ئەو و ئەم غەدری ڵیکردووی. لە راستیدا ئەوە تۆی کە غەدر لەخۆت دەکەیت بەوەی کە مانایەک نادەیتە پەیامی بونت لە ژیان.