ئەگەر دەتەوێت بە ناوەرۆکی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان ئاشنا بیت، ئەو ئامۆژگاریانەی نیکۆلۆ ماکیاڤێڵیت (١٤٦٩ - ١٥٢٧ ز) لەبیربێت:
١- باشتر وایە لێت بترسن لەوەی تۆیان خۆش بوێت، ئەگەر نەتتوانی هەردوکیان بیت. (مەگەر هەموان ئیش بەو بنەمایە نەکەن، کابرا گۆتەنی یەک کورسیش هەبیت، کێشە نیە، هەر عەنتەری ساحەین).
٢- سیاسەت هیچ پەیوەندییەکی بە ئەخلاقەوە نییە (نمونەی ئەورۆ دۆستە، سبەی دوژمنتە و هتد. لەبیرتان چوو لە شەنگال لەگەڵ ئەوان بەیەکەوە نانتان خوارد!)
٣- مرۆڤەکان پێویستە یان بە بەخشندەیی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت یان لەناوببرێن، چونکە تۆڵەی برینێکی سووک دەکەنەوە - بۆ برینە قورسەکان ناتوانن (نمونەی یەک مانگ سەرقاڵبون بە گرتنی رۆژنامەوانێک وەک برینێکی سوک، لەدەستدانی کەرکوکیش وەک برینێکی قورس کە تازە ئەستەمە بتوانین تۆڵەی بکەینەوە)
٤- ئەوەی ئارەزووی گوێڕایەڵی لە خەڵک دەکات دەبێت بزانێت چۆن فەرمان بکات. (نمونەی فەرمان کردن بەشتی عەجیب و غەریبی وەک ١٠ قات زیادکردنی کرێی کارەبا و باج، زیادکردنی دەوام لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینە و سەپاندنی سیستەمی پاشەکەوت! گرنگ ئەوەیە نیشان بدەی کە فەرمان دەکەی)
٥- یەکەم ڕێگا بۆ خەمڵاندنی زیرەکی فەرمانڕەوا، سەیرکردنی ئەو پیاوانەیە کە لە دەوروبەریدایە. (ئەوانەی پێرێ راوەستابوون لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە و بەهانەیان بۆ زەلیلی و دەرۆزەکەریی دامەزراوەکەی خۆیان دەهێناوە)
٦- پێش هەموو شتێک چەکدار بە! (نمونەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار چەکدار بەناوی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی دارستان و پۆلیسی نەوت و پۆلیسی گازوایل و پۆلیسی پشیلە و پۆلیسی کۆتر)
٧- مرۆڤەکان ئەوەندە سادەن و ئەوەندە مەیلیان هەیە بۆ گوێڕایەڵی لە دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاکانیان کە فریودەر هەرگیز لە کەمی فریودراوەکانی ناترسێت (نمونەی ئەو هەمووە قەیرانەی بەناوی موچە و کارەبا و ئاو و بەنزین بەفریودان دروست دەکرێن)
٨- شازادەکان و حکومەتەکان زۆر مەترسیدارترن لە توخمەکانی تری ناو کۆمەڵگا (نمونەی جیلی دووەم و سێیەمی کوڕ و کچی کاربەدەستەکان)
٩- پیاوان لە تەماحێکەوە بۆ تەماحێکی تر هەڵدەستن: سەرەتا هەوڵدەدەن خۆیان لە هێرشکردنە سەر بپارێزن، دواتر هێرش دەکەنە سەر ئەوانی دیکە.. (نمونەی باڵباڵینەی ناو هەردوو حزبەکەو تەراتینی برا و ئامۆزا و کورە خاڵەکان)
١٠- هیچ نیشانەیەکی دڵنیاتر لە خراپبوون لە وڵاتێکدا نییە لەوەی کە ببینیت تۆپکی کەسەئاینیەکان مایەی سوکایەتی خەلکن. (نمونەی کابرای هەی کە موشتاقتم وەی وەی و ئەوەی لە دوعاکانی دەڵیت خوایە تایەی سەیارەکەی پەنچەر بکەی)
١١- کەسێک کە فریو بدات هەمیشە ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە کە ڕێگە بە خۆیان دەدەن فریو بدرێن. (نمونەی کاکی لەفاف لەپەنجەی نەوەی هەلپەرستەکان)
١٢- مرۆڤەکان دەبێ یان خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە یان بە تەواوی لەناو ببرێن، چونکە ئەگەر تەنها توڕەیان بکەیت تۆڵەیان لێدەکەنەوە، بەڵام ئەگەر زۆر برینداریان بکەیت ناتوانن تۆڵە بکەنەوە، بەجۆرێک کە ئەو بریندارکردنەی کە بە پیاوێک دەدرێت دەبێ بە جۆرێک بێت کە تۆڵەکردنەوە نەترسێت. (نمونەی ئەو هەمووە گرتە سێکسیانەی کە هەموان لەسەر هەموانیان هەیە، کەهیچیان لە تۆلەکردنەوە ناترسن چونکە تازە بریندارن)
سیاسەت لەسەر نەهجی ماکیاڤێلی یەکێکە لە ناشیرنترین جۆرەکانی سیاسەت و دەستوری سەرجەم دیکتاتۆرەکانی جیهانە کە بە بە فێڵبازی، دووفاقی و باوەڕێکی خراپ ناسراوە.