سۆمۆی کوردی و چەند تێبینیەکی تەندروستی

ئەگەر دەتەوێت وەک یاریزانەکانی سۆمۆی یابانی قەڵەوبیت و سۆمۆیەکی کوردی شەدەلارت لێدەرچێت، وەجبەیەکی گەورەی پڕ کالۆری نیشاستە بخۆ، دوای خواردن یەکسەر بخەوە لەسەری، دوای ماوەیەک دەبیت بە سۆمۆیەکی دەرەجەیەکی شەدەلاری کوردی سمێڵ فش 😂 هاوشیوەی هەندێک بەرپرسی گەندەڵ. بەداخەوە لەکوردستان زۆرێک خەڵک گیرۆدەی ئەو عادەتە خراپەیە بۆیەش قەڵەوی بەرێژەیەکی بەرچاو بەتایبەت لەدوای ٢٠٠٣ زیادی کردووە. هەر بەجدی، لە یابان بەوشێوەیە یاریزانی سۆمۆ دروست دەکەن.


ئەها، من لە پزیشکی و میتابۆلیزم زۆر کۆرەوارم. بەڵام ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشاوە بریتیە لە چەند ڕاستیەک کە پێچەوانەی زۆرێک لەو ئامۆژگاریانەیە کەوا ڕۆژانە بەرچاوم دەکەوێت لە مەسەلەی خواردنی میوە و سەوزە و جوڵە.


یەکەم ڕاستی: بۆچی (بەشێوەیەکی تاڕادەیەک گشتی) زۆربەی گیانلەبەرە گیاخۆر و میوەخۆرەکان ورگیان هەیە پێچەوانەی گیانلەبەرە گۆشتخۆرەکان کە بەڕیژەیەکی کەمتر ورگیان هەیە. بەراوردی قەبارەی ورگی بزن و مەڕ و گا و ئەسپ و گوێدرێژ و فیل و زەرافە و بە ورگی گورگ و پڵینگ و شێر و کەمتیار و سەگی کیوی و ورچ هتد بکە بزانن کامیان کێشی ورگ/کێشی گشتی لەشیان زیاترە. ئەکید گیاخۆر و میوەخۆرەکان. ئەگەر سەوزە و میوە زۆر باشن، بۆچی زۆربەی هیندی و میصری و پاکستانی کە لەبەر نەبوونی نیانە گۆشت بکرن و بخۆن، ورگیان هەیە؟ کەچی زۆرێک لەپیاوانی تیرەکانی مەسایماڕا کە تەنها لەسەر گۆشت دەژین هەمویان دەڵێی چیلکەن نە ورگیان هەیە نە تەرەماش.


دووەم ڕاستی: ئەگەر جوڵە و وەرزش زۆر باشن، بۆچی (بەشێوەیەکی تاڕادەیەک گشتی) ئەو گیانلەبەرانەی کە کەمترین جولەیان هەیە تەمەن درێژترینن. ئەوانەش کە راناوەستن و جوڵەیان زۆرە، کەمتر دەژین. میللەتانی وەک مالطە و سقلیە و باشوری یۆنان و ئیتالیا تەمەن درێژترینن کەچی تەمبەڵترینی جیهانیشن؟


ئەوجا دێن، دوو تەل کەرەوز، لەسەر پارچەیەک لە هێلکە لەگەڵ تەماتەیەکت لەبەردەم دادەنێن و دەڵێن ئەوەی بخۆ با قەڵەو نەبی! هەی تڕحێو. نازانم بۆ باوەڕ بەو جۆرە لە ئامۆژگاریانە ناکەم. هاوکێشەکەی تەندروستی باش لەلای من زۆر سانایە:


جوڵەی سوک و بەردەوام

خواردنی کەم و پچڕ پچڕ

هەوای ساف و سازگار


هەرچی بڵێن لە خراپی ئەوە و چاکی ئەوە لەلای من گرنگیەکی ئەوتۆی نیە.

پەروەردەی ڕاست