سڵاو لە "تەهانی" یەکانی کوردستان

یەکێک بوو لە خوێندکارە سەرکەوتوەکانی قۆناغی ئامادەیی لە مصر و لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٨٣ کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا. خولیای و خۆشەویستی بۆ بیرکاری وای لێکرد بەردەوام بێت لە خوێندن، لە هەمان کاتیشدا منداڵی لەدایک بووە و پەروەردەی کردووە. بە سەرکەوتوویی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیکی بەدەستهێناوە، پاشان بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاری فڕۆکەوانی، جگە لە دکتۆرا لە ئەندازیاری کەشتی ئاسمانی لە زانکۆی ئۆڵد دۆمینیون لە شاری نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا.


لە کاتی خوێندنی ئەندازیاری میکانیکیدا دوو منداڵی لەدایک بووە. لە کاتی خوێندنی دکتۆرادا منداڵی سێیەمی لەدایک بووە. دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرای، تەهانی لە ناسا دامەزرا. لە کاتی کارکردن لە ناسا منداڵی چوارەمی لەدایک بووە. ئەو هەموو ئەمانەی کردووە لەکاتێکدا هاوسەرگیری کردووە و دایکی ٤ منداڵ و ئێستا داپیرەیە. تەهانی سیستەمێکی داهێنا کە توانای پێوانەکردنی توانای گواستنەوەی گەرمیە کە بۆ حیسابکردنی هەندێک هاوکێشە لە پڕۆژەی تونێلی بای ناسادا بەکاردەهێنرێت. ئەو ئیستا لە ناسا کاردەکات.


هەتا ئێرە هەموو چیرۆکەکە زۆر سەرنج راکێش نیە؟! وانیە؟! بەڵام دەپرسم، چەند کەسی وەک تەهانی ئیستا لە کوردستان هەن، ئەگەر وەک تەهانی هەلیان بۆ برەخسابوایە، لەوانەیە لەتەهانی زۆر باشتر بونایە؟ دەپرسم، ئەگەر تەهانی هەر لە مصر بمایەتەوە وەک ملیۆنەها لە تەهانیەکان نەدەبوو کە کەس چیرۆکی نەدەبیستن؟!


سڵاو لە هەزارەها تەهانی کوردستان، ئەوانەی کەس نایاناسێت و شەرمیش دەکەن باسی چیرۆکی قوربانی و لەگڵنانی خەونەکانیان بکەن. سڵاو لەو تەهانیانەی کە خەونی زێرین و زیرەکیان بە خەمی گەیاندنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و لێنانی برنج و فاصۆلیا گۆریوەتەوە. سڵاو لەو تەهانیانەی هەموو ژیانیان کردۆتە چیرۆکێکی لەبیرکراوی سیستەمیک کە بەزەیی نەک بەتەهانی نایەتەوە، بەڵکو ژیانی هاوسەرەکەشی دەکاتە راکردنێک بەدوای "لیستی نوێی مووچە" و گەران بەدوای پرکردنەوەی کات بە سەردانی تازیە و پەیجەکانی پرسە و سەرەخۆشی.


بیرەوەریەکانی باوکم: چەرچڵ باغەزنێری