شینەکەر و فەقێ سەلیم

هەبوو نەبوو، شینە کەرێک هەبوو.


شینە کەر زۆر برسی دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات بچێتە سەوزترین کێلگەی ئاوایی کە کێڵگەی فەقێ سەلیمی چناریە. بەبەر چاوی فەقێ سەلیم شینە کەر دەست دەکات بەخواردنی سەوز وشینی کێلگەکە.


فەقێ سەلیمی واق وڕماوی فەقیر، بیردەکاتەوە چۆن ئەو شینە کەرە لەو کێلگە دەربکات. لە مێشکی خۆی گوتی، باشترین ئیش ئەوەیە هەر ئێستا لافیتەیەک بهێنم و لەسەری بنوسم: کاک شینەکەری بەڕێز، مناڵم وردن، ئەگەر ئەزیەت نیە لە کێلگەکەم وەرەدەرێ.


فەقی سەلیم لەگەل دەرکەوتنی یەکەم تروسکایی رۆژ لافیتەی بەرامبەر شینە کەر بەرزکردەوە هەتاکو ئێوارێ، بەڵام شینە کەر گوێی پێنەدا.


هاتەوە ماڵێ، لەدڵی خۆی گوتی دەبێت شینەکەر لەکوردی تێنەگات. بۆیە بەیانی ٢٠ لافیتەی تری بە ٢٠ زمان نوسی و هەریەکی دا دەست یەکێک لە ریش سپی ئاوایی. هەموان لافیتەکانیان لەبەردەم شینەکەر بەرزکردەوە، شینەکەر هەر چرقەی لێوەنەهات.


ئەوجارە گۆتی بەخوای بەزمانی فەرمی و پارانەوە شینەکەر تێناگات، هەستا ٥٠ لافیتەی تری هێنا و دایە دەست سەرجەم خەڵکی ئاوایی و لافیتەکان ئەوجارە لەسەریان نوسرابوو: مردن بۆ شینەکەری تاڵانچی، سەرشۆڕی بۆ شینەکەری گەندەخۆر، بمرێت شینەکەر، ...هتد. هاوربکە هاواربکە فایدەی نیە لەگەڵ شینەکەر. هەموان بێزار بوون گەرانەوە ماڵەوە. شینەکەریش هەر لەجێگای خۆی زۆر بەهیمنی بەردەوام بوو لەروتاندنەوەی کێلگەی فەقێ سەلیم هەتا ئەوەی سەوزی بوو نەیهێشت.


ڕۆژی دواتر، شینەکەر لوشکەیەکی لەدەرگای کێڵگەکەدا و چوو بۆ کێلگەی حاجی سعید. کەر هەر دەخوات و گرنگی بەو شتانە نادات کە لە دەوروبەری ڕوودەدات.


کێشەکە هەتاکودێت پەرەدەسەنێت، چ بکەن چ نەکەن خەڵکی ئاوایی؟!! بریاریان دا وەفدێک بنێرێن بۆلای شینەکەر بۆ گفتوگۆ. چونە لای شینەکەر و پێیان گوت کە رازین یەک لەسەر سێی کێلگەکانی پێبدەن، نیوەی پێبدەن، سێ جارەگی پێبدەن، شینەکەر هەر بەردەوام بوو لە خواردنی خۆی و گوێی بەیەک پێشنیاری ئەوان نەدا.


خەڵک دەستیان بە خۆپێچانەوە کرد بۆ ئەوەی ئاوایەکە بۆ شینەکەر بەجێبهێلن و باربکەن. هەموان لەدوریی و بەبێدەسەڵاتی تەمەشای شینەکەریان دەکرد چۆن کێلگەکانیان دەروتێنتەوە.


لەپڕ منداڵیک و لەپیش چاوی هەموان بەچیلکەدارێک لەپشتی شینەکەردەدات و شینەکەر دەڕوات. شینەکەر لە ئاوایەکە ڕایکردە دەرەوە.


هەمووان هاواریان کرد، ئەی خوایە! ئەی شەرمەزاری بۆ ئیمە! .


ئەم منداڵە حەیای ئیمەی برد! دەمانکاتە گاڵتەجاری گوندەکانی دەوروبەرمان.


بۆیە لێی کۆبونەوە و بەهەموان مندالەکەیان کوشت.


کەرەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئاوایەکە.


پاشان ڕایانگەیاند کە ئەو منداڵە شەهیدە.


دوای مردنی شینەکەریش مەزارگەیەکیان بۆ دروستکردو لەسەریان نوسی  مەزارگەی پیرۆزی شینەکەر، فەخری ئاوایی.



لەسەر پایەبەرزی خاتوو ئەننا ئولیێەر