سەرۆکی وڵاتێک بەجلێکی جیا و بە "متنكر"ی لەگەڵ پاسەوانەکەی چووە دەرەوە بۆ پرسین لە حاڵی هاوڵاتیەکانی پایتەخت. دوای گەڕان و سوڕان کۆتاییەکەی لە ماڵی یەکێک لە هاوڵاتییەکان لایدا. ساحیب ماڵ ڕێزی لێگرتن و پێشوازی لێکردن بەبێ ئەوەی بیانناسێت و لێیان بپرسێت کێن، نەیزانی کە ئەو کەسە سەرۆکی وڵاتە.
کە سەرۆک لە ماڵەکەی هاتە دەرەوە سەگێکی ((لەسێدارەدراوی )) لە تەنیشت ماڵەکەوە بینی. سەرۆک لە خاوەن ماڵەکەی پرسی بۆ ئەو سەگەت بە پەت هەڵواسیوە؟
کابرا وتی: ئەمە چیرۆکێکی دوور و درێژە بۆ کەسی ناگێڕمەوە. ڕۆژی دواتر سەرۆک دارو دەستەکەی نارد بۆ لای هەمان کابرا تا پرسیاری سەگە هەڵواسراوەکەی لێبکات، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە بیگێڕێتەوە. لە ڕۆژی سێیەم، سەرۆک سەربازەکانی نارد و کابرایان هێنایە کۆشکەکەی خۆی. دەربارەی سەگە هەڵواسراوەکە،پرسیاری لە پیاوەکە کرد. کابرا وتی: چیرۆکەکەت بۆ ناگێڕمەوە تا من نەکەیتە سەرۆک لە شوێنی خۆت بۆ ماوەی یەک هەفتە
سەرۆک بەم داوایە سەری سوڕما و بە توندی ڕەتیکردەوە و فەرمانی پێکرد بەبێ ئەوەی چیرۆکەکەی بزانێت بڕوات. بەڵام سەرۆک وەک ئەو پەندەی کە دایکم بەرەحمەت بێت دەیگوت: ((ئەوەی نۆک لە زگی بشارتەوە، شەو لەسەرپێ رۆژ دەکاتەوە)) بەسەرهات ئەو شەوە. بە درێژایی شەو بەردەوام بیری لێدەکردەوە تا سەگە هەڵواسراوەکە بوو بە مەڕاقێکی گەورە لێی لە خەو بێبەشی کرد.
دوای هەفتەیەک، سەرۆک فەرمانی بە سەربازەکانی کرد کە کابراکە بهێنن. و پێی گوت کە بە داواکارییەکەی ڕازی بووە کە بۆماوەی هەفتەیەک ببێت بەسەرۆکی وڵات بە مەرجێک چیرۆکی سەگە هەڵواسراوەکەی بۆ بگێڕێتەوە.
یەکەم رۆژی سەرۆکی نوێی کاتی بە بریاری لادانی سەرجەم بەرپرسەکانی ریزی یەکەم بەڕیکرد هەموانیشی سجن کردن. رۆژی دواتر پەیامی بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێی نارد کە نۆکەرایەتی نەما. ئێوە لە دوای ئەمڕۆ پارەتان لای ئێمە نییە وە هیچ دەسەڵاتێکتان بەسەر ئێمەدا نییە. ولاتانی دراوسێ پەیوەندیان بە بەرپرسە نۆکەرەکان دەکرد بەڵام جواب نەبوو چونکە هەمووی لە سجن بوون و کەسیان نەدۆزیەوە کە هاوکاریان بکات. وردە وردە خەزێنەی دەوڵەت پردەبوو.
کاتێک سەرۆکی راستەقینە گەڕایەوە و بینی پارە خەزێنەی دەوڵەت پڕ دەکات، زۆر دڵخۆش بوو. وتی: ئێستا چیرۆکی سەگە هەڵواسراوەکەم بۆ باس بکە!
کابرا وتی: رانە مەرێکم هەبوو، هەموو ڕۆژێک بەرانێکم لەدەست دەدا. نەمدەزانی بۆ چی. تا ڕۆژێک بۆسەیەکم دانا و بینیم ئەم سەگە هەموو ڕۆژێک بە پەلە بەرانێک دەکوژێت و دەیدا بە هاوڕێکەی کە کەمتیارێک بوو وەک سەرانەیەک بۆ ئەوەی کەمتیار لێی رازی بێت. کە ئەوەم بینی سەگەکەم هەڵواسی کردمە پەند. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا یەک بەرانم لەدەست نەداوە.
کابراکە بۆ سەرکی وڵات: گەورەم ئەگەر ١٠ فیشەکت هەیە دەبێت ٩ ی بۆ دوژمنی ناوخۆ هەڵبگری و ١ دانەش بۆ دوژمنی دەرەکی. بەرپرسە گەندەڵەکانت چەند بەرانی ناسک و نازداریان سەربڕی و فرۆشتیان و تاڵانیان کردن؟ چەند کەمتیار بەدەوری ئێمەدا دێن و دەڕۆن؟ هەمیشە لەناوەوە ڕووبەڕووی بریکاری دوژمن و جاش و خیانەتکاران ببەوە و کۆتا تەقە بۆ دوژمنی دەرەوە بهێڵەوە. سەرۆکێکی لاواز دەوڵەتەکەی لاواز دەکات و لەناوی دەبات. دوژمنانیش بە کەیفی خۆیان هێرش دەکەنە سەری. تکایە ئەوە بکە ئەلقە و لە گوێتی بکە!