گەشت بۆ وڵاتێکی بیانی خۆی لەخۆیدا تەجروبەیەکی گرنگە بۆ بەرەوپێش چوون و فێربوون لە تەجروبەی داڕشتنی ژێرخان و ئاشنایی کەلتوری.
ئەوەی من تێبینیم کردووە، پێشان نەدانی ئەو هەموو ناخۆشیانەیە کە دێتە ڕیگات کاتێک دەتەوێت لە وڵاتێکی وەک عیراق بۆ وڵاتێکی تر لە ئەوروپا و ئەمریکا و چین و یابان، ..هتد سەفەر بکەیت. بەڕێزان، مەکینەیەکی ئیعلامی گەورە بەمەبەست ئەو بابەتە لە خەڵک دەشارێتەوە تا خەڵک هانبدات بچین پارە لەو وڵاتانە سەرف بکەن و کەرتی گەشتیاری ئەوان بەرەوپێش ببەن.
لەمیانەی تەجروبەی خۆم لەسەفەر بۆ هەر وڵاتێکی ئەوروپی دەبێت خۆت بۆ ماندوبونێکی کەمەر شکێن ئامادە بکەیت. وەرن با بەیەکەوە بچین بۆ ئەڵمانیا و بزانین چ دەگوزەرێت هەتا دەگەیتە ئەڵمانیا:
یەکەم وێستگە: لە ماڵەوە بۆ ناو فرۆکەخانەی هەولێر. لە دەروازەوە دەبێت ماوەیەکی درێژ چاوەرێ بکەیت تا دەهێلن بچیتە سنوری فرۆکەخانە و چەند پۆلیسێک دێن بە سەگی پۆلیسی پێشوازیت لێدەکەن و دەلێن بەخێربێیت.
دووەم وێستگە: کە گەیشتیە رەدهەی پێشوازی، چاوەڕێ بکە هەتاکو دڵنیا دەبنەوە لە پاسپۆرتت و تکتی تەیارە و ئەوجا برۆ چاوەڕێی پاس بکە هەتا دەتباتە رەدهەی برینی پلیتی بۆردینگ.
سێیەم وێستگە: لەخوای بەزیادبێت گەیشتیە بەشی بۆردینگ، سڕەی بگرە جەناب هەتاکو دەگەیتە بەردەم فەرمانبەری ئەو هێلەی کە تکتەکەت لێ کریوە. تەبیعی پێش ئەوەی بگەیتە ئەو قۆناغە دەبێت بتپشکنن. لەوێش سڕە دەگریت. ئەو قۆناغە بەلانی کەم سعاتێکی دەوێت.
چوارەم وێستگە: دوای ئەوەی جانتات شەحن کرد و تکتی بۆردینگت وەرگرت، وەرە برۆ بەشی دڵنیابوونەوە لە پاسپۆرت و لیدانی مۆری دەرچوون. ئەوەش عادەتەن سڕەیە. جاری وەها هەیە سعاتێکی دەوێت. دە، چارەگێک تا نیو سعاتیش بۆ ئەوە دابنێ.
پێنجەم وێستگە: لەلێدانی مۆری دەرچوون نەجاتت بوو، وەرە کۆتا جێگای پشکنین و پێلاو و قایش و ..هتد دابکەنە. ئەوەش چارەگێکی دەوێت هەتا سڕەت دێت.
شەشەم وێستگە: گەیتەکەت دیتەوە و چاوەڕێی سواربونی تەیارە. لەوێش سڕە.
حەوتەم وێستگە: سواری تەیارە بویت و لەناو تەیارەیت. تەپ خیزانێکت لەپشت و یەکت لەپیش. یەکی ٢-٤ منداڵیان پێیە. جاری وەها هەیە، سەرت لە سەقفی تەیارە دەدەیت لەبەر گریان و قیرە قیڕی منداڵان. تەبیعی منداڵی ئەجنەبیەکان کەمتر دەگریەن و دەقیژێنن.
هەشتەم وێستگە: زۆربەی سەفەرەکانت بە ترانزیەتە، دەبیت لە فرۆکەخانەیەکی وەک صەبیحە، دەوحە، ئیستانبۆل داببەزیت و تەیارەکەت بگۆڕیت. لەوێش دەتپشکنن. دەی سڕەیەکی تر پێشکەش بەو گەشتە خۆشە.
نۆیەم وێستگە: لەفرۆکەخانەی ترانزیەت سواری تەیارە دەبیت دوای ئەوەی دڵنیا بویتەوە لە گەیتەکە. لەوێش ٢-٦ سعات چاوەڕی دەکەیت.
دەیەم وێستگە: بەخۆشی گەیشتینە ئەڵمانیا. هێیی!! دەی دابەزە جەناب و لە رەدهەی ئەوانەی کە ئەوروپی نین سڕەیەکی دوور و درێژ بگرە بۆ ئەوە دڵنیا ببنەوە لە پاسپۆرتت و مۆری هاتنەناوەوەی ئەڵمانیات بۆ لێبدەن. جاری وەها هەیە دەبێت نزیکەی ٢ سعات چاورێ بکەیت لەوێ.
یازدەم وێستگە: ئەها نەجاتت بوو لە پرسیاری پۆلیسەکان و لیدانی مۆرەکە، بڕۆ جانتاکەت وەربگرەوە. جاری وەها هەیە جانتاکەی تۆی تیدانیە. بڕۆ لای هێلی فرۆکەکە و شەکوایەک بنوسە و ناونیشانێکیان بدەیە تا دوای ٣-٥ رۆژی دیکە جانتاکەت بۆ بهێننەوە. خۆم وام بەسەرهاتووە.
دوازدەم وێستگە: بە شەمەندەفەر یان پاس بڕۆ شوینەکەت.
دەتەوێت بگەرێیتەوە، شتەکان پێچەوانە بکەوە! هەمان بتاقە چاوەڕێتە تەنها ئەوە نەبێت سەگەکە نابینیت لەدەروازەی دەرچون.
ئەوەش سەفەری یەک دەرزەن وێستگە بۆ ئەوروپا!