ڕێگەی پلاستیکی

پڕۆژەیەکی کۆن کەبۆ چەندین ڕێکخراو و لایەنی حکومی پێشنیارم کردبوو لە ساڵی ٢٠١٦، پڕۆژەی ڕێگای پلاستیکی بوو. بەکورتی پرۆژەکە بریتیە لە ڕیسایکڵی زبڵی پلاستیکی لە دروستکردنی ڕێگاکانی هەرێمی کوردستان. لەبلۆگی گوگڵی تایبەت بەخۆم لەو سەردەمە سودەکانی ئەو بابەتەم خستبوەڕوو. لەلایەک لە زبڵی پلاستیکی نەجاتمان دەبێت لەلایەکی تر ڕێگای گوندەکان و ناو و نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستانمان پێ قیڕتاو دەکرد.


هەنگاوەکانی دروستکردنی ئەو قیڕە پلاستیکیە زۆر سانان: دوای کۆکردنەوە و پۆلینکردنی زبڵی پلاستیکی، دەهاتین وردمان دەکرد و خاوێنمان دەکردەوە و لەگەڵ کەساڕەی بەردی پلەگەرمی ١٧٠ پلەی سەدی تێکەڵمان دەکرد و ڕیژەیەکی کەمیشمان لە بیتۆمین بە گەرمی تێدەکرد و ئامادەدەبوو بۆ قیڕتاوکردنی ڕیگاکان. لەقیڕی ئاسایی سیفاتی هەڵمژینی ژاوەژاو و پتەوی باشترە و تێچووشی زۆر کەمترە. هەموو کەس دەتوانێت ئەوکارە بکات و بیر لەوەش بکەنەوە ژینگەی کوردستان بەڕیژەیەکی بەرچاو خاوێن دەکراوە لەو دیمەنە ناشیرنەی زبڵی پلاستیکی.


بەڕێزان، لەهیندستان نزیکەی ٤٠ هەزار کیلۆمەتری ڕیگەوبانیان بەو شێوەیە قیڕتاو کردوە (https://lnkd.in/efQ33GYB). وەخت نیە لەجیاتی ئەو زەوقە نەشاز و سەیرەی کەخۆی لە شتی بێ کەڵک و ڕووکەش لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەند دەکات، بیر لە پرۆژەی ئەوها بکەینەوە؟ پڕۆژەی دوبارە بەکارهێنانەوەی تایە و مافوری کۆن و مەوادی بینا و ڕێگا و چەندین بابەتی تر؟

مەسەلەیەکی ئەڵمانی و ئەکادیمیای ئێستا