ئەرێ هەر بەڕاست، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پلاندانان بیریان لەوە نەکردۆتەوە کەوا سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان توشی نەخۆشی شیخوخە (پیری) هاتوون لە بەرزبوونەوەی ناوەندی تەمەنی فەرمانبەرەکانی؟ دانەمەزراندنی گەنج لەکەرتی گشتی حکومەتی هەرێم تووشی قەیرانێکی یەکجار گەورە دەکات لە چەند ساڵێکی تر.
١٠ ساڵە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە گەنج لەسەرجەم فەرمانگە حکومیەکان دامەزراون. ئەوەی لەساڵی ٢٠١٣ تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو ئیستا ٤٠ ساڵە. ئەوەی تەمەنی ٤٠ بوو ئیستا ٥٠ ساڵە. کەی توانا و وزەی کەسێکی ٥٠ ساڵی دەبێتە هی یەکێکی ٣٠ ساڵی؟!
باشە بۆ لەسلکی سەربازی هەر کەسێک خانەنشین بێت گەنجێک دێتە جێگای بەڵام لە سلکی مەدەنی هەرکەس خانەنشین بێت، تەرەماشیشی نایەتە جێگای؟ مەگەر حکومەتی هەرێم بەرەو حکومەتێکی پۆلیسی نەڕوات؟ واتە، تادێت ڕیژەی سەرباز زیاد دەکات و فەرمانبەر کەم دەکات. هاوکێشەکە پێویستی بەزیرەکی ناکات بۆ ئەوەی تێبگەیت.
زۆر ڕاستە کە ئیستاش ڕیژەی فەرمانبەرمان زۆرە. بەڵام چارەسەر ئەوەیە کە تەق دامەزراندن رابگریت؟! یاخود بیر لە چارەسەرێکی زیرەکانەتر بکەینەوە؟! ماڵ هەیە لە کوردستان مانگانە ١٢ ملیۆن وەردەگرن و ماڵیش هەیە لەکوردستان مانگی ١٢ هەزاریش وەرناگرن. ئەو ماڵانەی کە تازە دامەزراون و گەنجن حکومەت فلسێکیان ناداتێ ئەوانەش کە هەمووی پیرە وکەترەن ١٢ ملیۆنیان دەداتێ. هەی لەو سیستەمە!
هەر چ نەبێت، تکایە، تکایە، تکایە با حکومەت دەستی هەموو ئەو خێزانانە ببڕێت کە بۆ
٢ کەس: ١،٥ ملیۆن دینار
٣ کەس: ١،٧٥ ملیۆن دینار
٤ کەس: ٢ ملیۆن دینار
٥ کەس: ٢،١ ملیۆن دینار
٦ کەس: ٢،٢٥ ملیۆن دینار
٧ کەس: ٢،٥ ملیۆن دینار
.
.
داهاتیانە و بیانداتە دادگا لە حالەتێک ئەگەر دەست بۆ کاسبی و کەرتی تایبەت ببەن. عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەبێت ئەوها بێت. نابێت ماڵیک هەبێت ٤ پیرە فەرمانبەری حکومی هەبێت و مانگانە ١٢ ملیۆن وەربگرن و ماڵێکی گەنج هەبێت بە ٢ منداڵ و یەک فلس وەرنەگرن. لەسەروی ئەوەش ٤ پیرە فەرمانبەر دەست بۆ کەرتی تایبەتیش ببەن. چ خوا قبوڵ دەکات!! ئەوها بڕوات، نەک فەرمانگەکان توشی شیخوخە دەبن، بەڵکو کۆمەڵگە بەگشتی توشی شیخوخە دەبیت چونکە گەنج چۆن بتوانێت ماڵی تازە دابمەزرێنێت ئەو ناعەدالەتیە ببینێت؟!
سەبارەت بە چارەسەری ئەو حالەتی پیریە لە فەرمانگەکان و دامەزراندنی گەنجان لە کەرتی گشتی، حکومەت یەک ڕیگەی لەپێشە و نابێت بیکاتە دوو، دووبارە پێداچوونەوە و دامەزراندنەوەی سەرجەم فەرمانبەرەکانی سەربازی پێش مەدەنی لەسەر ئەساسی پێگە. من لەوەزارەتی پلاندانان بم دیم یەک نەخشەی گشتی سەرجەم فەرمانگە سەربازی و مەدەنیەکان دادەنێم و لەسەر ئەساسی ئەوە دیاریدەکەم پیویستیمان بە چەند کەسە و دەی باخەڵک تەقدیم بکەن. ڕێژەیەک بۆ گەنجان دیاریدەکەم. ریژەیەک بۆ شارەزایان. ئەوەی ئەو سیستەمە نایگرێتەوە و دەرنەچوو، بابچیتە هێزی کار بە کاتی. دوای ماوەیەک سەپاندنی سیستەمی دامەزراندن لەکەرتی تایبەت بە ئیمتیازی خانەنشینی .