خەڵکێکی زۆر قەرزاری پارەی کارەبایە؛ ماڵەکان و کۆمپانیاکان و کارگەکان و مزرەعەکان. دانەوەی ئەو قەرزانە ئاسان نیە و کاتێکی زۆری دەوێت و بەتایبەت لەگەڵ کێشەی موزمنی دواکەوتنی موچە، زۆربەی خەڵک ئامادە نیە ئەو قەرزانە بداتەوە.
پێشنیارم بۆ حکومەتی هەرێم ئەوەیە: حکومەت لە هەر خاوەن ماڵێک، کۆمپانیایەک، کارگەیەک یان مزرعەیەکی قەرزار خۆشبێت بەمەرجی بڕینی قەرزەکە لە تێچوی دانانی سۆلار سیستەمێک.
بۆ نمونە خاوەن ماڵێک ٣ ملیۆن دینار قەرزاری پارەی کارەبایە. ئەگەر سیستەمێکی سۆلاری بۆ ماڵی خۆی دانا کە ٤ ملیۆن دیناری تێچوو، ئەوا حکومەت لە ٣ ملیۆن دینار لەو تێچووە خۆشبێت و تەنها ملیۆنێک دینار قەرزار بمێنێتەوە. هەمان شێوە، ئەگەر خاوەن کارگەیەک ١٠٠ ملیۆن دینار قەرزاری پارەی کارەبا بوو، هەستا سۆلار سیستەمێکی بۆ کارگەکەی دانا بایی ١٠٠ ملیۆن دینار، ئەوا لە قەرزە ١٠٠ ملیۆنیەکەی خۆشبێت.
بەو شێوەیە لۆدێکی زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای گشتی کەم دەکەیەوە و وردە وردە لەکۆل کێشەی موەلیدەکان دەبینەوە. ئەو بڕگەیە بۆ پڕۆژەی "ڕوناکی" حکومەتیش زیاد بکرێت باوەڕ ناکەم خراپ بێت. بەهەر تێچویەکی مەعقول حکومەت لە کۆڵ کێشەی کارەبا و پیسبوونی ژینگە ببێتەوە هەر قازانجە.