پێشنیارێکی گرنگ بۆ حکومەتی هەرێم

لە زۆربەی هەرە زۆری ئەوروپا، ئەمریکای باکور، چەندین وڵاتی ئەمریکای باشور سیستەمی "کاتی زستانە" و "کاتی هاوینە" پەیڕەودەکرێت. داواکارم لە حکومەت ئەمساڵ لە ١/ ٧ ەوە تا ١/ ١٠ ئەو سیستەمە بگەڕێنێتەوە و میللی کاتژمیرەکان یەک کاتژمێر بهێننە پێشەوە. لەجیاتی ئەوەی دەوام لەکات ٨ دەستپێبکات، دەوام کات ٧ دەستپێبکات. لەجیاتی ئەوەی ٢ پاشنیوەڕۆ تەواوبێت، ١ ی پاشنیوەڕۆ تەواوبێت. لە ساڵانی داهاتووش لە ١/ ٦ تا ١/ ١٠ ئەو سیستەمە جێبەجێ بکرێت.


سودەکانی ئەو گۆرینە لەکات:


پاشەکەوتکردنی وزە: پاڵنەری سەرەکی بۆ جیبەجێکردنی ئەو سیستەمە بۆ کەمبوونەوەی بەکارهێنانی وزەیە لەو کاتانەی کە زۆرترین پیویستی هەیە بۆ فێنککردنەوەی ماڵەکان. سەدان دامودەزگای حکومی لەکاتە گەرمەکان وزەیەکی یەکجار زۆر ڕادەکێشن. بەداخستنیان لە کاتە گەرمەکان، ئەو وزەیە بۆ تۆڕی نیشتمانی دەگەرێتەوە.


درێژی ڕۆژەکان: لە کاتژمێر ٥ بەیانیەوە تاکو ٧ی ئیوارە کە دەکاتە ١٤ کاتژمێر ڕۆژ لەدەرێیە. چوستی خەڵک لەکاتە فێنکەکان بەتایبەت بەیانی و ئەنجامدانی چالاکی تر لە ئێوارە، بە پەیڕەوکردنی ئەو سیستەمە دەچیتە سەر. ئەمە جگە لەوەی خەڵک لەسەر زوخەوتن ڕادەهێنی کە سودێکی زۆری هەیە بۆ تەندروستی و مزاجی خەڵک.


کاریگەری ئابووری: بە درێژکردنەوەی کاتژمێرەکانی ئێوارە دەتوانرێت فرۆشیاری بازاڕەکان ببوژێنیتەوە، چونکە عادەتەن خەڵک زیاتر لە ئێواراندا بازاڕکردن و گەشتکردنیان هەیە.


لە کۆتایدا، هەندێک وڵات پەیرەوی دەکات و هەندێکی تر نایکات، ئەوە بڕیاری خۆیانە. بە دەرەجە یەک دەمەوێت بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن دەزگا حکومیەکان لەکاتی پیویستی خەڵک بۆی کەمبکەینەوە و ئەو کارەبایە بگەرێنینەوە ناو تۆڕی نیشتمانی، وە ئێواران خەڵک کاتێکی زیاتری هەبێت بۆ بازاری کردن بۆ ئەوەی بازاڕەکان زیاتر ببوژێنەوە و گەنجەکانیش لە سوڕی متبونی ڕۆژانە دوورتر بخەینەوە. گەرمای ١-٤ ی دوای نیوەڕۆ بکوژە. مەرجیش نیە هەموو ساڵێک وەک وڵاتانی تر لە ١/ ٤ ەوە تا ١/ ١٠ بێت. بەڵام پێم باشە هەموو ساڵیک لە ١/ ٦ ەوە تاکو ١/ ١٠ پەیڕەوبکرێت.

تێبینیەک لەسەر پەیرەوکردنی دیموکراسی لە کوردستان