پێشنیارێک بۆ تەشکیلەی کابینەی نوێی حکومەت

هەرچەندە پێشتر ئاماژەم بەوەکردبوو کەوا وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە بکرێتەوە یەک وەزارەت وەک ئەڵمانیا، یان بەریتانیا/ئەمریکا کە وەزارەتی خوێندنی باڵایان نیە و زانکۆکان وەک دامەزراوەی سەربەخۆ کاردەکەن، لێرەدا پێشنیاری دامەزراندنی "وەزارەتی بەدیجیتالکردنی دامودەزگاکان و خزمەتگوزاری کوردستان" دەکەم. هەزاران گەنجی بەتوانای دەرچووی بەشەکانی پرۆگرامسازی و زانستی کۆمپیوتەر کاریان بەدیجتالکردنی سەرجەم داهات و خزمەتگوزاری و ڕاژە و دانانی پێوەری بەرهەمسازی بێت لە کوردستان. میکانیزمێکی پتەوی سەرتاسەری دابنێن بۆ بەستنەوەی هەموو خزمەتگوزاریەکان بەیەکەوە و دوبارە حکومەت چوست بکەنەوە لەڕێگەی کەمکردنەوەی بەهەدەردان و کەموکورتی ئیداری و گەندەڵی.


لەلایەکی دیکەشەوە، حەقی وایە شەڕی ئۆکرانیا -ڕوسیا وانەیەکی باشی فێری دەزگاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کردبێت کە چۆن یەک ئەندازیاری پرۆگرامساز دەتوانێت شەڕی ١٠٠ سەرباز بکات. چۆن دەکرێت عەقیدەی بەرگری خۆمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە ببەین کە هەر دەرچویەکی ئەو بەشانە لەڕاستیدا سەربازێکی حازربن بۆ بەرگری لە هەرێمی کوردستان. بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکەم کەوا گرنگی زۆر بدرێت بە بەشە ئەکادیمیەکانی پرۆگرامسازی و زانستی کۆمپیوتەر.

تەحەمولکردنی نادادپەروەری وەک چەپڵەی بێدەنگ وایە بۆ بەردەوامبوونی نادادپەروەری