بەمەبەستی چالاککردنی کابینەی نوێ، تکایە: "لیژنەی باڵای دەستپاکی زانستی" تایبەت بەو کابینەیە دابمەزرێنن. کاری ئەو لیژنەیە لێکۆڵینەوە دەبێت لە بڕوانامەی وەزیرە نوێکان تا بەڕێوەبەری فەرمانگەکان.
هەر کاندیدێک بڕوانامە زانستیەکەی ساختە بێت، یان بە ساختە بەرزکردنەوەی پلەی زانستی بۆ کرابێت، یان توێژینەوەیەکی ساختەی لەگەڵ باندە ئەکادیمیە ئێرانی و مالیزی و قبرصی و ڤێتنامی و هیندی و پاکستانی و کوردی..هتد. ئەنجام دابێت، بێبەری بکرێت لە وەرگرتنی پۆست.
تکایە، ٥ زانای کوردستانی بێلایەن دابنێن بۆ بەڕیوەبردنی ئەو لیژنەیە و سەر بەهیچ وەزارەتێک نەبێت. کەس بۆی نەبێت تەدەخولی کارەکانیان بکات. لیژنەکە نهێنی بێت باشترە. ئەگەرنا، دەتوانن، گرێبەست لەگەڵ چەند زانایەکی بیانی بکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەهلیەتی زانستی کاندیدەکان.
تەنانەت، ئەگەر بینرا کاندید دکتۆڕاکەی یان ماستەرەکەی ئیزافەیەکی گرنگ نەبووە بۆ زانست و تەکنەلۆجیا و کۆمەڵگە، هەرچەندە لە زانکۆیەکی باوەڕپێکراویش وەریگرتووە، ئەوا نمرەبەندی بۆی بکرێت و نابێت یەکسان بکرێت بە بڕوانامەی دکتۆرای/ماستەری کەسێک کە ئیزافەیەکی گرنگ بووە بۆ ئەو ٣ کۆڵەگەیە.
لەقەزایەکی وەک کۆیە یان سۆران یان زاخۆ لەوانەیە ٥٠ پرۆفیسۆرمان هەبێت. ٢٠٠ پرۆفیسۆری یاریدەدەر. بەڕای ئێوە، سەرجەمیان شایەنی ئەوەن ببن بە پرۆفیسۆر یان پرۆفیسۆری یاریدەدەر؟ کاکی/خانمی پرۆفیسۆری ساختە باشترە یان ئەندازیارێکی زیرەک کە لە ئەساسەوە تێکڕای ئەو پێشبرکێیەی لەقەبسازی بەدرۆ بینیوە و خۆی لێ نزیک نەکردیتەوە؟
گەندەڵی زانستی لە کوردستان ڕۆژانە ئاستی پێوانەیی تۆماردەکات. خەڵک هەیە، هەموو ٥ ڕۆژێک توێژینەوەیەکی ساختە ئەنجام دەدات بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر توێژینەوەکان بکرێت.
پەیامیشم بۆ سەرجەم ئەو گەندەڵکارە زانستیانە ئەوەیە: ئەو چەپکە گوڵەی کە بەدرۆ و ساختەکردن لەگەڵ زانست لەملی خۆت ئاڵاندووە، سبەی دەبێتە پەتێک و داهاتووت لەسێدارە دەدات. خۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغلوی تورکی (https://lnkd.in/eNT7dZsV) و کارل ثیۆدۆر فۆن گوتنبێرگی (https://lnkd.in/eiK4yXjS) ئەڵمانیتان لێدیارە؟