گەنجێکی خوداپێداوی دەوڵەمەندی بێزار لەژیان، دەچێتە سەر پردێک و دەیەوێت خۆی بکوژێت. لەنکاو پیاوچاکێکی لێ پەیدا دەبێت و لێی دەپرسێت: کوڕم لەبەرچی دەتەوێت خۆت بکوژیت، نازانی ئەوەی خۆی بکوژێت بە ئاگری جەهەنەم دەسوتێت؟ تۆ هێشتا گەنجی و ژیانت لەبەردەمە. ئەگەر بیر لەخۆشت ناکەیتەوە، بیر لەدایک و باوکت وکەسانی نزیکت بکەوە.
گەنجەکە وەڵام دەداتەوە: مامە بێزارم لە گەشت. زۆربەی وڵاتە خۆشەکانی جیهان گەڕاوم. بێزام لە ئافرەت، زیاتر لە ١٠ جار هاوسەرگیریم کردووە و جیابویمەتەوە. بێزارم لە کۆشک و تەلار، نازانم لەکامیان بە یەکجاری بمێنمەوە. ئەمڕۆ، دەمویست لەگەڵ هاوریکانم پیاسەیەکی سەفاری بکەین، نەمدەزانی نە لاندکروزە مۆدێل نوێیەکەم ببەم، نە پاترۆلەکەم، نە پۆرشێیەکەم، نە لاندرۆڤەرەکە. توخوا ئەوە ژیانە؟!
پیاوچاکەکە: ناوەڵا کوڕم! ژیانی "من" ژیان نیە. لەسەر پردەکە خۆی فرێدا و خۆی کوشت.
بەڕێزان، ئەوە "پارادۆکسی سولەیمان" پێدەڵێن. پارادۆکسی سولەیمان بریتییە لە مەیلی مرۆڤەکان بۆ بیرکردنەوەی ژیرانە لە کێشەکانی کەسانی دیکە نەک کێشەکانی خۆیان. مرۆڤەکان ئامۆژگارییەکی دروست دەدەن بە کەسانی تر بەڵام بەزەحمەت هەمان ئامۆژگاری لە ژیانی خۆیاندا بەکاردەهێنن.
لەبیرمە، مامۆستایەکی ئامادەییمان هەبوو رۆژێک زۆر توڕەبوو لەو گەنجانەی کە جگەرەیان دەکێشا. بەتوڕەی و دەم بەجگەرەوە ڕووی کردە گەنجەکان و پێی گوتن، توخوا "هین" بخۆن باشتر نیە لە جگەرە؟!😂
توخوا، زۆربەمان لەسەر پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان، لە خولەکانی ڕاهێنان، لە ڕاوێژکاری، ..هتد.. توشبوی موتەلازمەی سولەیمان نین؟