پلانی دیراسەنەکراوی خانوە تازەکان

یەکێك لە هۆکارەکانی گەورەکردنی هەستکردن بە تەعاسەت لە عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت پلانی دیراسەنەکراوی خانوە تازەکانە. هەر خانوویەک لەڕاستیدا لەماڵ ناچیت ئەوەندەی لەچەند خانویەکی بچوک دەچێت. ماڵەکان دابەشدەکرێن بەسەر چەند بۆشایەکی دابراو. بەسەربردنی کاتەکان بەتەنهایی ناونیشانێکی گەورەی ژیانی مرۆڤن.


زۆر گەمژەنە ئەو تەلارسازانەی کەوا نەوەکانی ١٠٠ ساڵ و کۆنتر بەگێل دەزانن کاتێک خانویەکیان لەسەر مۆدێلی شەرقی دروستکردووە، پەنجەرەکانیان بچوک کردووە، حەمام و ئاودەست لەدەرەوەی کۆبونەوەی خێزان داناوە. بیر لەوە بکەنەوە، ٩٠٪ی هەموو مەتبەخەکان لەسەر کانیەک دانراون کە پ*سایی و م*ز بەناوی دەڕوات و هەر لەسەر ئەو شوێنە نان دەخورێت. بیر لە بەزاندنی سنوری خصوصیەتی تاک بکەنەوە. بیر لەنانخواردن بکەنەوە کە تاکە بۆنەیە ئەندامانی خێزانێک بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و دوای ئەوە یەکتر نابیننەوە. بیر لە حساب نەکردنی وزەی ئەرێنی و نەرینی بکەنەوە. جارێ باسی مەوادی بینا مەکەن، چونکە ئەوە خۆی کارەساتێکە بۆخۆی.


لەقسەنەکردنی ئەندامانی یەک خێزان لەگەڵ یەکتر هەستیاریەکان و کێشەکان بەچارەنەکراوی دەمێننەوە. ئێمە میللەتێکی (High Context Culture) ین. واتە قسە و مجامەلە لایەنێکی گرنگی کەلتورمانە. بیر لە داخستنی دەرگاکان لەسەریەکتر و بونی ١٥ دەرگا و زیاتر لەناو یەک خانوو بکەنەوە کەوا چ کارەساتێک دروست دەکات، کاتێک یاری بەدەرونت دەکرێت و بەردەوام لەهەڵبەز و دابەزی گۆڕینی سنورەکانی. سنورێک کەمرۆڤەکانی بە تەعیسی تێدادەبینیتەوە بەدەست مۆبایلێک کە تاکە هاوڕێیەتی. لەو سنورە داخراوانە کەناویان ژوری نوستن و هۆڵ داخلی و پیشوازی و مەتبەخ و هتد بە هەڵەلێنراوە، مرۆڤێک گەورە دەبێت سەری لەخۆی دەرناچێت سەر بەکام کەلتورە. کەلتورێکی ڕۆژئاوایی کە خصوصیەت وەک قودسیەتێک دەبینێت، یان کەلتورێکی ڕۆژهەڵاتی کە کۆمەڵ ڕۆڵی سەرەکی هەیە. لێرەوە ئیزدواجیەتێکی سەیر لەناخی هەموان گەشە دەکات.


کۆپیکردنی ئەو خەریتە سەیر غەریبانە بە کەلتوری خۆمان و قەناعەت پێکردنی خەڵک کەوا ئەوە ڕوویەکی مۆدیرنیزمە، یەکێکە لە گەورەترین پرۆسەکانی هەڵخەڵەتاندن لە مێژووی نەک ئێمە، بەلکو سەرجەم میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەک بینایە نابینیتەوە پەیامێکی روون بگەیەنێت. بڕۆن سەیری زانکۆکان بکەن، بزانن، هەویەی بیناکانی زانکۆی سەلاحەدین چ پەیوەندیەکی بە میژووی هەولێر هەیە، وەک نمونە؟ ئەی سلیمانی، کۆیە، سۆران،..هتد؟ ئەی کام ماڵ، شارەوانی، دائیرەی کارەبا، ..هتد هەویەکی دیاریکراویان هەیە کە پەیامێک بگەیەنیت؟


کوانێ تەلارسازە زیرەکەکان، ئەوانەی بەڕاستی لە کەلتور و کۆمەڵگە و مێژووی ناوچەکە دەگەن؟ بۆ کەس دەنگی ٢ تەلارسازی زیرەک نابیستێت و بڵێت جەماعەت بە بەڵگە بۆمان دەرکەوتووە ڕیژەی جیابوونەوەو لیکترازانی خیزانەکان لە خانووە قیتاریەکان ٢ قاتی ئەوەیە کە لەخانویەکی شەرقی دەبینرێت.


هەمیشە دەڵێم، گومانم هەیە ٥ ئەندازیاری تەلارساز لەکوردستان هەبێت. تەلارسازی بەڕاستی، زانایەکە لە مێژوو، کەلتور، هونەر، زانستی کۆمەڵایەتی، ئەندازیاری، زانست، تەندروستی، پەروەردە...هتد. بە بەلاش ناڵێن تەلارسازی قورسترین بەشی ئەندازیاریە. بەداخەوە لەلای ئێمە، گوناحە بیهێنیتە ڕیزی ئەندازیاری. تاوانێکی گەورەیە ٩٩٪ی ئەوەی لەو بەشە تەخەروجیش دەکات پێی بڵێیت ئەندازیاری تەلارساز. ئەوانە لەقوتابخانەی تەلارسازی ناچن ئەوندەی لە نێوەندێکی خۆبادان بە بە لێکگرێدانی "م" لەگەڵ "ع" دەچێت. ناوێکی قەڵەو، ناواخنێکی پوشکە.

کەس دەتوانێت مانای کەلتوری ئەو دیکۆرەی سەرەوە لێکبداتەوە؟

کورتە چیرۆکی: یادگاریەکانی دایکێک لە ساڵی ٢٠٣٠