ئەوەی بۆنی سەرەویلکی نەکردبێت کاتێک داپیرەت پڕی دەکرد لە ئەستوکی گەرم و لەسەر سفرەی نایلۆنی دادەنا؛
ئەوەی ٢٠ کگم گەنمی لەسەر شانی دانەنابا و نەیبردبا ئاش و بۆنی ئاردی گەرمی نەکردبێت؛
ئەوەی دانولە و سپاوۆلکە و جلبڕۆکە و خورمای بەهێلکە و سەمەنی و مزەورە وسڵق و ڕۆن و نان و شوتی و گندۆرە و نان و شێلم بەترشی لەژیانی تام نەکردبێت؛
ئەوەی ١٠ جار مەرکانەی پڕ ئاو نەکردبێت لەلای ماڵی جیرانەکەی خوارەوەی کۆڵانەکە کاتێک ئاو لەماڵ دەبڕا لەسەر شانی دانەدابا تا دەگەیشتەوە ماڵەوە؛
ئەوەی لەناو تەشتی پر لەتەماتە هەڵنەپەڕیبێت و ئاوەکەی لەسینی نەکردبێت و بیبات بۆ سەربان؛
ئەوەی بە عەلاگەی پلاستیکی سەوزەواتی نەکریبێت؛
ئەوەی نانی لەسەر ڕۆژنامەی کۆن نەخواردبێت؛
ئەوەی شفتی باگردێنی لەسەر شانی دانەنابێت لەبازار تاکو ماڵەوە؛
ئەوەی بەیانی زووی جەژن و پێش نوێژ بەناو ڕەزەکانی پێش قەبرستان دا تێنەپەڕیبێت تا دەگاتە قەبرەکانی خزم و کەس و کار؛
ئەوەی بە فانۆس کات ١١ و ١٢ شەو لەگەڵ ئافرەتانی خزم و کەس کە شەوان دەهاتن بۆ سەردانی نەڕۆیشتبێت تا دەگەیشتنەوە بەردەرگای خۆیان؛
ئەوەی چیرۆکی نیسکۆکە و ردێن گەزەی باڵابستە و گورنەتەڕە و پەلک سەوزی لەزاری داپیرەی گوێ لێنەبوبێت؛
ئەوەی سەر لە ئێوارە جێگاکانی هەمووی بەسەر شانی دانەدابێت و رایانبخات لەسەر بان و سەری بە بالیفی سیڕەی سارد نەکردبێت دوای ڕاخستن؛
ئەوەی بەپرەمێز و حەمامی نەوتی ڕەش خۆی نەشوشتبێت؛
ئەوەی چاوی صدامی لەسەر لاپەڕی یەکەمی کتابەکانی مەکتەب نەکۆڵیبێت؛
ئەوەی لەسەر تەختەی ڕەق و تەقی شل و مل لە پۆلێکی سارد و سڕ دانەنیشتبێت؛
ئەوەی دارلاستیک و قۆچەقانی و نۆزڵی نەبوبێت؛
ئەوەی هەتا رۆیشتە کۆلیژ رۆژێک بەسەیارە نەچوبێتە مەکتەب؛
ئەوەی بە تیرۆگ و ناوبرێشک و صۆندە و نەعل دارکاری نەکرابێت و ئاسەواری ٣ جار داغکردنی بەسەر دەست و قاچی نەبێت؛
ئەوەی منداڵی گەرەکەکەی ئەولا ڕیگەی پێنەگرتبێت و دووسێ شەقی مزری نەخواردبێت؛
ئەوەی لەگەڵ داپیرەی شەوانی لیلة القدر چاوەڕێی هاتنەخوارەوەی فریشتەکان نەبوبێت؛
ئەوەی باوک و دایکی بەمامۆستاکانی نەگوتبێت " گۆشت بۆ ئێوە و ئێسک بۆ ئێمە"؛
ئەوەی لەبەردی خاڵدار کەلای خڕ نەکردبێت و ٣ رۆژ و شەو چاوەرێی لەناو ڕۆن و دۆشاوی تەماتە نەبوبێت؛
.
.
.
چۆن چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەی وەک خۆت بیربکاتەوە؟ دووری نێوان شێواز و ڕێگای گەورەبونتان زۆر زۆرە.