پەیامێک بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان

کە لە فاوندەیشنی کۆیەم https://lnkd.in/eGjArckP زۆرجار دەرچووە تازەکان ئەو پرسیارەم لێدەکەن: چۆن دابمەزرێین کەهیچ خیبرەیەکمان نیە لەکار و نازانین چ بنوسین لەسەر سیڤی یان ئەگەر بانگێشتی موقابەلە بکرێین چ بڵێین!


وەرن با بزانین چۆن بەزمانێکی سادە جوابیان دەدەمەوە! با وا دابنێین دەرچووی بەشی کوردیە کە زۆر کەم لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بەپسپۆڕی ئەوە.


یەکەم جوابی من ئەوە بوو: پێت وایە هەرکەسێک بە خیبرەی ٣٠ ساڵ لەکار لە کوردستان صاروخ دروست دەکات یان خەریکی ڕەخنەی جدی زانستیە لە بیردۆزەکانی ئاینشتاین یان بووە بە کەسێک کە ١٠ هەزار لاینی پایثۆن دەنوسێت بێ هەڵە؟ دەبێت ئەوەت لەپیش چاو بێت، ٩٠٪ی ئیشی ئیداری زۆربەی فەرمانبەرەکانی کەرتی تایبەت و گشتی لە کوردستان بە دوو هەفتە ڕاهێنانی چڕ، زۆری لەبارەیەوە فێر دەبیت کەترست لێی نامێنێت و دوای ئەوە دەڵێیت چما ئەوە کارە قوڕسەکەی ڕیبات فەریکەنۆکەکان بوو؟!! مەترسە، چونکە کەس لە کوردستان کەشتی ئاسمانی ناسا دروست ناکات.


دواتر، کاکی خۆم بۆ دەڵێی هیچ نازانم؟ قەت لەژیانت کێشەیەکت چارەسەر نەکردیە؟ قەت لەژیانت ڕاپۆرتێکت نەنوسیە؟ قەت لەژیانت پڕۆژەیەک یان کارێکی بەکۆمەڵت نەکردیە؟ قەت لەژیانت ئامانجێکت نەبووە و بەدیتهێنابێت، هەرچەندە بچوکیش بێت؟ ...هتد.


ئێ خۆ کارکردن زۆربەی ئەوەیە!


ڕاوەستە، تەمەنت ٢٢ ساڵە، وزەی خۆت بە وزەی کەسێکی ٥٠ ساڵی بەراورد دەکەیت؟ زاکیرە و تەرکیزی خۆت بە زاکیرە و تەرکیزی ئەوان بەراورد دەکەیت؟ تۆ وەک قەمەرەیەکی مۆدیل ٢٠٢٤ی نوێی و ئەوان ئەگەرتڕێلەیەکی ٥٠٠ هۆرسپاوەربن، ٥ قاطرە و مقطورەیان لێبەستراوە. ١٠٠١ کێشەی دیکەی وەک منداڵ و خێزان و ئەولا و ئەولایان هەیە. فرسەتە بۆ تۆ ئەوەی بقۆزیەوە، نەوەک لە شێوە و تەمەنیان بترسێی.


دوایە، کێ دەڵێ خاوەنکارەکان کەسانی وەک تۆیان ناوێت تا بەدەستی خۆیان پەروەردەی بکەن و تاقەتیان لە فەرمانبەری خاوەن ٢٠ ساڵ خیبرە نەچووە، کە لوتیان لە ئاسمانە و هەمیشە پرتە وبۆرەیانە و بە موچەی زۆریش نەبێت ڕازی نابن؟


لە مقابەلەش هێندە مەترسێ چونکە دەتوانی تەرکیز لەسەر خاڵە بەهێزەکانت بکەی وەک وزە، ئامادەباشی بۆ فێربوون و توانستی گرتنی بەرپرسیارەتی. خۆ دەتوانی یەکەمجار توێژینەوە لەسەر ئەو کۆمپانیایە بکەیت، چەند پڕۆژەیەک حازر بکەیت و نیشانیان بدەیت! لە کۆتایشدا ئەوانیش بەو قۆناغەی تۆدا تێپەڕیون، خۆ کە لەسکی داکیان بوین بەرپرس نەبویتن!! گرنگترین شت ئەوەیە کەوا نیشانی بدەیت کەوا دڵسۆز دەبیت و کارەکانی خۆت بەجوانی ئەنجام دەدەیت.


هەمیشە ئەوەت لەبیربێت: کەس صاروخ دروست ناکات لە کوردستان. بۆیە ئەوەندە ترس و دڵەراوکێیەی پێناوێت! با ١٠٠ جار بڵێن "نا"، خۆ ئەو "نا" یانە نین دوای ٢٢ ساڵ تۆیان کردۆتە گەنجێکی پێگەیشتووی وەک ئێستا. لەوان وابێت ئەگەر بەتۆ بڵێن "نا" تۆ دەچی تەشتێک قوڕ دەگریەوە و بەسەری خۆتی دادەکەی؟! با لە گوپی خۆیان بدەن کاکە! خۆ ناو هەناوی ئەوان زێڕی تێدانیە و هی تۆش هین!! هەمووی ناو هەناوی هینە!!


هەستە دەی، لۆم مەکروزێوە و بڵێی وەڵا هەلی کار بۆ بەشەکەم کەمە!! لەسەر سیڤیەکەت بە گەورەیی بنوسە: ئامادەم بۆ فێربوون و کارکردن بەدڵسۆزی. لەنامەی کارەکەشت بنوسە، ڕاستە من دەرچووی زمانی کوردیم، بەڵام ئەوە خاڵی بەهێزیمە نەک لاوازی. ئەوە پاڵنەرە بۆ ئەوەی خۆم بسەلمێنم وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن کە چۆن دەرچویەکی زمانی کوردی توانی ببێت بە پرۆگرامسازێک یان ئەو پۆستەی بۆی تەقدیم دەکەی. بایی هێندە خەڵکی باش هەرماون حساب لەبۆ پەیامەکەت بکەن و هەستت پێبکەن. قەت کارسازیش لەبیر نەکەی!

شێتەکان