پیاوێکی پیر لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، کوڕێکی گەنج هاتە لای و پرسی:
- منت لەبیرە مامۆستا؟
پیرەمێردەکە وەڵامی دەداتەوە: نەخێر!
گەنجەکە پێی وت کە من خوێندکاری پێشووی تۆمە.
- مامۆستای پیر: ئاه! ئێستا بۆ بژێوی ژیانت چی دەکەیت؟
گەنجەکە وەڵامی دایەوە: منیش بووم بە مامۆستا.
- ئاه، چەند باشە بزانیت، وەک منیت، پیرەمێردەکە وتی.
- بەڵێ وەک تۆ !
لە ڕاستیدا من بووم بە مامۆستا، سوپاس بۆ تۆ، تۆ ئیلهامت دام بۆ ئەوەی وەک تۆ بم.
پیرەمێردەکە بە سەرسورمانەوە لە مامۆستا گەنجەکە دەپرسێت کەی بڕیاریدا ببێتە مامۆستا؟
گەنجەکە ئەم چیرۆکەی بۆ دەگێڕێتەوە:
- ڕۆژێک یەکێک لە هاوڕێکانم کە بە هەمان شێوە خوێندکاری ئامادەیی بوو، بە کاتژمێرێکی جوان و تازە و نوێوە گەیشتە پۆل. من ئەم کاتژمێرەم دەویست و بڕیارمدا بیدزم.
دوای ماوەیەکی کەم هاوڕێکەم تێبینی کرد کاتژمێرەکەی نەماوە و یەکسەر گازاندەی لەلای تۆ کرد.
پێت وتین:
- ئەمڕۆ لە کاتی وانەکەدا کاتژمێرێک دزرا.
هەرکەسێک دزیبێت دەبێت بیگەڕێنێتەوە.
من نەمگەڕاندەوە چونکە ئەم کاتژمێرەم دەویست... !
پاشان دەرگاکەت داخست و داوات لێکردین هەستین و هەموومان بگەڕێیت، تا کاتژمێرەکە دەدۆزرێتەوە.
بەڵام، تۆ داوای ئەوەت کرد کە چاوەکانمان دابخەین.
ئێمە ئەوەمان کرد، کە لە گیرفانەکانمدا گەڕایت، کاتژمێرەکەت دۆزیەوە و بردت.
بەردەوام بوویت لە گەڕان بە گیرفانی هەمووان، کە تەواو بوویت وتت:
- چاوەکانت بکەرەوە. کاتژمێرەکەم دۆزیەوە.
تۆ هیچت پێ نەگوتم و جارێکی تر باسی ئەم چیرۆکەت نەکرد.
هەرگیز نەتگوتووە کێ کاتژمێرەکەی دزیوە.
ئەو ڕۆژە کەرامەتی منت ڕزگار کرد.
هەروەها شەرمەزارترین ڕۆژی ژیانم بوو.
هەرگیز هیچت پێ نەگوتم، هەرگیز قسەی ناشرینت پێ نەکردم یان سەرنجم ڕاکێشی بۆ ئەوەی وانەیەکی ئەخلاقیم پێ بدەیت، بەڵام توانیت... ڕیگام رۆشن بکەیت. سوپاس بۆ ئێوە تێگەیشتم پەروەردە چییە و بەهای مامۆستا چییە. ئەم چیرۆکەت لەبیرە مامۆستا؟
مامۆستای پیر لە وەڵامدا دەڵێت:
- ئەو کاتژمێرە دزراوەم لەبیرە، لە گیرفانی هەمووان سەیرم کرد، بەڵام تۆم لەبیر نییە، لەبەر ئەوەی لە کاتی گەڕان منیش چاوم داخست.
ئەمە هەر جەوهەری پەروەردەیە.
ئەگەر بۆ ڕاستکردنەوە بتەوێت خەڵک زەلیل بکەیت، نازانیت چۆن وانە بڵێیتەوە یان پەروەردە بکەیت.
لە سەرچاوەیەکی فەرەنسیەوە...