نیشتمانی گۆشەگیرەکان

کوردستانەکەم نیشتمانی گۆشەگیرەکانە. ئەو گۆشەگیرانەی وەک سوپایەک لەماڵەوە خۆیان بەندکردووە. هەمویان پۆرترێکی غەمگین و گرژن لەپەنا جامی سەیارەکان.


زۆرجار لەخۆم دەپرسی لەبەرچی لەو هەولێرە گەورە و گرانە زۆر بەدەگمەن ٥ برادەر بەیەکەوە دەبینم ئێوارەیەک بەیەکەوە پیاسە بکەن. بۆچی هەموویان لەبەندیخانەی کافیتریاکان و ژێر سەقفی سەیارەکان خۆیان شاردۆتەوە. بە دەیان هەزار لەوان لەماڵەوە خۆیان بەندکردوە و ژیانیان بریتیە لە بازنەیەک لە بازدان بەسەر پیگە کۆمەڵایەتیەکان. چەمکی برادەرایەتی ڕاستەقینە زۆر بەلاوازی پەیڕەودەکرێت؟ ئەوان یەکتر دەناسن، بەیەکەوە کاردەکەن، هاوڕێن لەکار، بەڵام نابنە برادەری یەکتر.


قوڕەکە بۆ کچان زۆر تیر و سەختترە. هەموو ژیانیان بریتیە لە سوڕێک لە چاوەڕێی شووکردن و خۆفریودان بەبیانوی منداڵ بەخێوکردن. بەڕاستی ژیانێکی پر لەتەعاسەت بەڕێدەکەن. هەموو خۆشیەکیان شۆپینگێکە لە هەفتەیەک. شۆستەیەک نیە بەیەکەوە پیاسەی لەسەربکەن.


کاتی ئەوە نەهاتووە ئەو سوپایە چەککراوە دوبارە بەگەربخرێنەوە؟ تێنەگەیشتن لە درۆی پێگە کۆمەڵایەتیەکان؟ من لەجێگای حکومەتی هەرێم بم، سەرجەم پیگە کۆمەڵایەتیەکان لە کات ١٢ی نیوەڕۆ تا ١٠ی شەو دادەخەم. ئەوان ناچاردەکەم بەدیلێک بۆ ئەو تەعاسەتە بەرهەم نەهێنە بدۆزنەوە. پەیوەندی کۆمەڵایەتی راستەقینە نەک پەیوەندی کلیککردن دووبارە زیندوو دەکەمەوە. چ مەعقولە کەسێک بە کلیکێک ببتە هاوڕێم و بەکلیکێکی تر ببتە دوژمنم؟ خۆ ئەو بەزمەی کلیک کردن نانێکی بۆ سەرخوانی زۆرینە پەیدا نەکرد.


سوپای گۆشەگیرەکان، واز لەکات بەفیرۆدان بە پێگە کۆمەڵایەتیەکان بهێنن. وەرنە دەرێ! بەس خۆتان لەپشت جامی سەیارەکان بشارنەوە! بەس خەریکی دروستکردنی کولیچە و ترالیچە بن. پەیوەندی خزمایەتی و برادەرایەتی زیندووبکەنەوە. تەوقەیەک لەگەڵ هاوڕیکەت بەقەد ١٠٠٠٠ لایک کاریگەری هەیە. وادابنێن کەوا ئێوە لەساڵی ١٩٩٠ دەژین. خۆ ئەوکات پیگەی کۆمەڵایەتی نەبوو، ئەی ئەو خەڵکە چۆن دەژیا. بەس ببن بەکاڵا بۆ فەیسبووک و ئینستاگرام و سناپ. لەو خەوە درۆیە بێ مانایە هەڵسن.


پێتان خۆشە کە گەیشتنە تەمەنی ٦٠ ساڵی هەموو یادگاریەکت دانیشتن بێت لەپەنا جامی سەیارەکان؟


لەسەر تەمسیلی کوردی ئاخر دەرەجە سەقەت