ناوی زل و ناوەرۆکی فشە

بەڕێزان، ئاگاتان لێ نیە هەرێمی کوردستان خەریکی هەڵدانی مانگێکی دەستکردە بۆ بۆشایی ئاسمان؟ ئاگاتان لێ نیە، کەوا گەورەترین کۆمپانیاکانی سیلیکۆن ڤالی خەریکی گواستنەوەی بنکە سەرەکیەکانیانن بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئاگاتان لێ نیە بانکە هەرەگەورەکانی جیهان تەمای ئەوەیان هەیە لەندەن و نیویۆڕک بەجێ بهێلن بێنە هەولێر؟ ئاگاتان لێ نیە گەورەترین کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد سڕە دەگرن بۆ ئەوەی دەرچوەکانی زانکۆکانی کوردستان دابمەزرێنن؟ ئەی ئاگاداری ئەوە نین کەوا گەورەترین کۆمپانیاکانی دەرمانسازی جیهانی وەک پفایزەر و جۆنسۆن ئەند جونسۆن و ئەسترازێنێکا شەڕێکی گەورەیانە لەسەر دەرچوانی دەرمانسازی هەرێمی کوردستان؟ ئەی ئاگاداری ئەوەنین مایۆکلینیک بەفەرمی لقی خۆی لەهەرێمی کوردستان کردەوە لەبەر لێهاتوویی پزیشکە دەرچووەکانی هەرێمی کوردستان؟ ئەی ئاگاداری ئەو شەڕە سەختە نین لەنێوان ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا خەریکە بەرپادەبێت لەسەر کردنەوەی زانکۆ و پەیمانگەکانی دیراساتیان لە هەرێمی کوردستان؟ ئەی ئاگاداری ئەوە نین کەوا ئاژانسی ئاسمانی ئەمریکی ناسا لە کۆنگریس گلەیی لە ئیدارەی بایدن کرد کە ڕێگەی پێنەداوە بنکەیەک لەهەرێمی کوردستان بکاتەوە؟ ئەی ئاگادارنین کەوا فۆلکسڤاگن و تۆیۆتا و فۆرد و تێسلا یەکی کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایین لەهەرێمی کوردستان دادەمەزرێنن؟ ئەو هەواڵەشتان نەبیستووە کەوا بنکەی سەرەکی بۆوینگ و ئێرباس خەریکە ئەمریکا و ئەوروپا بەجێدەهێڵن و دێنە کوردستان؟ دەزانم نەتانبیستووە کەوا سەرۆکی زانکۆ نابینی هاوڕێی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی جیهانی ترلیۆن دۆلاری نەبێت یان لەسەر یەک تەختە لەگەڵ سەرۆکی زانکۆیەکی وەک هارڤارد و ئۆکسفۆرد و ستانفۆرد و ئێم ئای تی و پرینستۆن و یەلز و کامبریدج و ئاخن دانەنیشتبێت؟ هەر چ نەبێت، یەکی ٢ ساڵ وەک زەمیلێکی زانستی بە ئیعارە بردراون بۆ یەکێک لە مەزنترین زانکۆکانی جیهان.


ئەرێ بەس نیە ئەو هەموو ناوە گەورە گەورە زل زلانەی ناو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان؟ بۆ هیوایەتتان ئەوەیە ناو و ناونیشانی گەورە بەناوەرۆکی بەتاڵ بنێن؟ بەشی ئەندازیاری فڕۆکەوانی، بەشی ئەندازیاری میکاترۆنیکس و رۆبۆتیکس، بەشی ئەندازیاری زیرەکی دەستکرد، بەشی بانک و زانیاری ...هتد. زۆربەی بەشەکان زۆرجار لەناوێک دەگەڕێن کە شازبێت. ڕووبەری بەشەکانیان ١٠٠مەتر دوجا نابێت، بە ٣-٤ مامۆستای ناپسپۆڕ تەق بەشێک دەکەنەوە و وەزارەتیش دەڵێت بابێت بابێت و میکانزمی کوالیتی و بەدواداچوونیش خوا عەفوی بکات و بەبەهەشتی بەرینی شاد بکات

پەیامێک بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان