نهێنیەکی شاردراوە سەبارەت بە هۆکاری بێ مەوقیفی بەشێک لەمامۆستایانی زانکۆ

هەرچەندە من لەگەڵ ئەو جۆرە پرۆتێستە سەرەتایانە نیم کە بەداخستنی دەرگای قوتابخانەکانی کەرتی گشتی کۆتای هات و دەیان هەزار منداڵی خێزانە کەمدەرامەت و خیزانەکانی چینی ناوەڕاست زەبری گەورەیان بەرکەوت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، لەبەرچی مامۆستایانی سەرەتایی و ئامادەیی ئەو بوێریەیان هەبوو دەرگاکانی قوتابخانەکان دابخەن، کە بەڕای من دەیان جار لە زانکۆکان گرنگترن، مامۆستایانی زۆربەی زانکۆکانی دەڤەری سەوز دەرگای زانکۆکانیان دانەخست مانیان نەگرت؟!


هەندێک کەس وا مەزەندە دەکەن کە مامۆستایانی زانکۆ هۆشیاریان بەرزتربێت لەمامۆستایانی سەرەتایی و ئامادەیی، لەبەر ئەوەیە ئەوان نەچونە ژێر باری ئەو مانگرتنە. بەڵام هۆکارێکی شاردراوەی تریش هەیە کەدەبێت لەبیرنەکرێت، ئەویش ئەوەیە: بەشێکی زۆر لەمامۆستایانی زانکۆ حکومیەکانی هەرێمی کوردستان بە خەونیش نەیاندەبینی ببن بە کاک دکتۆر و کاک پرۆفیسۆر ئەگەر سیستەمیکی ئەوها فشۆڵ نەبوایە کە بەخشینی بروانامەکانی کردۆتە مجامەلە و خودی زانست لە زانکۆکان بەهایەکی ئەوتۆی نیە ئەوەندەی فەخفەخەی ناونیشان و بروانامە هەیەتی. لەگەڵ بونی دەرماڵەی ١٠٠ ٪ ی خۆتەرخانکردن، کە درۆیەکی گەورەیە و زۆربەی ستافی زانکۆکان لەدوای کاتژمیر یەکی دوای نیوەڕۆ ئاشبەتاڵی لێدەکەن، هەندێک لەو کاک پرۆفیسۆر و کاک دکتۆرانە ئامادەن پارەش بدەن تەنها لەو خەونە بژین و ئەو بەهەشتەیان لێوەرنەگیرێتەوە.


هەموو جار بەتەحەدا وتومە و دەیڵێمەوە، لیژنەیەکی زانستی باڵای دەرەکی بهێنن کە لەسەرجەم بەخشینی بروانامەکان و ناونیشانە زانستیەکان لەکۆتا ١٠ ساڵی رابردوو بکۆلیتەوە، دەیان ملیاردینار بۆ حکومەت دەگەرێنیتەوە. نازانم ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەت بۆ کارێکی ئەوها ناکات؟! بۆ گرێبەست لەگەڵ پەیمانگەیەکی ناوداری جیهانی ناکات کە وردبینی لە بەخشینی بروانامە و ناونیشانەکان بکات؟


توخوا مەعقولە توێژەر هەیە لەکوردستان ساڵی ٥٠ تویژینەوە بکات، هەمووشی لەگەڵ تیمی مالیزی و ئێرانی و ڤێتنامی و..هتد ئیتفاق بکات بەپارە و لەکۆتایدا بێیت بڵێیت ئەوە لە لوتکەی توێژەرەکانە لەسەر ئاستی جیهان؟ سەرتان لەخمێ بگرن باشترە لەوەی باوەر بەو توێژینەوانە بکەن! ئەو نەوعانە لەزانکۆ چۆن چاوەرێی مەوقیفیان لێدەکەی؟! لەئەساس بە درۆ بویتن بەمامۆستای زانکۆ، چۆن ئەو بەهەشتە لە خۆیان تیکدەدەن؟!! هەی ترحێو!!


لەکۆتایدا بە تەحەدا دەڵیم: سبەی لیژنەیەک پێک دەهێنین، سەرجەم کاک پرۆفیسۆرەکان کۆدەکەینەوە و کویزێکیان دەکەیەن. دەزانن کویزەکە چیە؟ پرسیاری پۆلی شەشی سەرەتایی ساڵی ١٩٢٦، باوەرتان هەبێت گومانم هەیە کەوا ٢٥٪ ی بتوانن لێی دەربچن!! کوڕە خۆ هەیانە عەرەبی نازانن؟ وەک ئەوە وایە لە ئەمریکا بن ئینگلیزی نەزانن! هەی ترحێوێکی گەورەتر!!


سڵاو لە "تەهانی" یەکانی کوردستان