نەوتی سەدەی ٢١

زۆرێک لەخەڵک ئەو ڕاستیە نازانن کەوا؛ نەوتی سەردەمی ئێستا زانیاریە. لەسەر گۆی زەوی ٨ ملیار و ١٢٥ ملیۆن بیری نەوت هەیە. هەر مرۆڤێک بریتیە لە بیرێکی نەوت و رۆژانە نەوتێکی زۆری زانیاری بەرهەم دەهێنێت و دەیخاتە بازاڕ و بێ بەرامبەر دەیفرۆشێت. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای زانیاری ئەوزانیاریە بەلاشانە دەبەن و دەیفرۆشنەوە بە لایەنی سێیەم ئەوجا کۆمپانیای تر بێت یان حکومەت. زۆر زۆر کەمن ئەوانەی قوفڵی بیرەکانیان داخستوە لێناگەڕێن کۆمپانیا گەورەکان بازرگانیان پێبکەن.


بەشداری لەهەر پلاتفۆرمێک دەکەی، لیستێکی درێژ کە بە تێکستێکی بچوک نوسراوە و ٩٩،٩٩٩٪ی خەڵک تاقەتی نیە بیخوێنتەوە و دەڵێن رازی بە مەرجەکانمان؟ تۆش تاقەتت نیە، یەکسەر دەڵێی بەڵێ! لەڕاستیدا رەزامەندی تۆ وەردەگرن کە سود لە زانیاریەکانت وەربگرن بەڕەزامەندی خۆت. نەوتی زانیاری لەبیری کەسایەتی تۆ دەربهێنن و دوو ڕۆژی تر هەر داوایەکی یاسایان لەسەر تۆماربکەی، یەک زڕتی جوانت بۆ لێدەدەن.


ئەوانەش کەوا دڵیان بەوەخۆشە کە ئەکاونتێکیان هەیە بەڵام هیچ چالاکیەکیان نیە لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و واشدەزانن کە پارێزراون، لەخەڵکی دیکە خەشیمترن. هەر کەچویتە ناو هەرپلاتفۆڕمێکی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان یاخود بازاڕی ئۆنلاین، پۆستت هەبێت یان نا، خەڵک بتبینێت یان نا، ئەلگۆریثمێک هەیە دەتبینێت. دەزانی ڕۆژانە چەند چرکە تەمەشای ڤیدیۆی کچێکی جوان دەکەی. دەزانێت چویتیە سەر پرۆفایلی چ کەسێک و چەند جار. دەزانێت ڕۆژانە چەندجار دەچیتە سەر پەیجێکی دیاریکراو. هەموو زانیاریەک لەسەرت دەزانێت. خۆت دەکەیە عەیشێ یان قومری، فێڵت لەو ئەلگۆریتمە پێناکرێت. هەموو شتەکان بەیەکەوە گرێدراوە و بە داتا ماینینگ بە ئاسانی دەزانی تۆ دەشنێ خانی، عەیشێ و قومری نی.


دەشنێ خان پێی وایە کاتێک ئەکاونتێکی فەیسبوکی بەناوی قومری یان عەیشی داناوە و لایکی هیچ پۆستێک ناکات یاخود کۆمێنت بۆ کەس نانوسیت بەڵام لایکی ٢٠٠ پەیجی کردووە، کۆمپانیای مێتا ئاگای لەوەنیە کە دەشنێ هەمان ئامێر بەکاردەهێنێت بۆ کردنەوەی گیمەیل و ئەمازۆن و پینتریست و ئێکس و ..هتد. لەهەر هەموان ناویشی عەیشێ بیت، هەر دادی نادات. بەدەیان پارامیتەری شارادراوەی تر هەیە ئەو ئەلگۆریتمانە لەکاتی داتاماینینگ ئەکاونتەکانی بە ناسنامەی راستی دەشنێی گرێدەدات و لەناو ماڵی خۆی دەزانێت پاڵکەوتوە یان نان دەخوات.

کاریگەری باکستەر