١- هێنانی نمرەی بەرز لە ئامادەیی مانای سەرکەوتنە لە ژیان. بڕۆن لە کۆنمرەی مرۆڤە سەرکەوتوەکان بکۆڵنەوە. بڕۆن ببینن دەسەڵات و پارە بەدەست کێیە.
٢- فەرمانبەری دەرمانی خۆشی و ئاسایشی ئابووریە. بڕۆن لێکۆلینەوە بکەن و بزانن زۆرترین چین لە کۆمەڵگە کە پەست و بێچارە و دەروون ماندوون ئەوانن یان نا. لەڕاستیدا فەرمانبەری تریاکی گێلکردنی خەڵکە لە سەرکەوتن.
٣- مارەیی بە زێر و پاشەکیش (موئەخیرە) هەر بە زێر. بەستنەوەی بەهای مرۆڤ بەزێر و خۆبەندکردن لە ژیانێکی کولەمەرگی لەپێناو ئەوە، فۆرمێکی دواکەوتوویە لە ژیان.
٤- بژیت بۆ ئەوەی منداڵێک یان زۆرتر بهێنیتە سەر دنیا تا ناوت بزر نەکەن. کاک محمد ژیانی خۆی بۆ کارزان و کاروان و کێوان تەرخان بکات و خۆی لەبیر بکات.
٥- کۆلیژەکانی لوتکە! لەهیچ جێگەیەک لە جیهان نیە بە چەند کۆلیژێک بڵێن لوتکە و بەهەندێکی تر بلێن لە بنکە. کۆلیژی پزیشکی و ئەندازیاری لەلوتکەبن و کۆلیژەکانی وەک کارگێری و ئابووری و پەروەردە و ئاداب و هونەرەجوانەکان لە بنکەبن. درۆیەکی گەورەیە! هەموان ژێردەستەی کۆلیژی سەربازین.