یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی دواکەوتنی ولاتانی جیهانی سێیەم بەگشتی و خۆمان بەتایبەت بریتیە لە: کەلتوری سیاسی
ناوێری باسی یەک شت بکەیت، گرم دەبردرێتەوە سەر سیاسەت. با لە خۆمەوە دەست پێبکەم. لە ٢٣/ ٣/ ٢٠٢٣ لە لینکۆلنەوە دەچومە ئۆماها لە ویلایەتی نیبڕاسکا لە ئەمریکا. سەیارەیەکی تاهۆی مۆدێل ٢٠٢٢ هات و هەڵیگرتم. شۆفێرەکە ئەندازیارێکی کارەبایی خانەنشین بوو. دەستمان بە گفتوگۆ کرد. لەجیاتی باسی جیاوازی جۆرەکانی مۆتۆڕ بکەین، هەر لەخۆمەوە و بەبێ ئەوەی بزانم گرم باسەکەم بردە سەر سیاسەت. ١٠٠ خولەکی ڕێک باسی سیاسەتمان کرد لەناو ئەمریکا و هۆکاری جەمسەرگیری کۆمەڵگەی ئەمریکی بە قوڵی. پێش ئەوەی دابەزم کابرا بەمنی گوت: "دەزانی هاوڕێ (Dude) سەرم لەیەک شت دەرناچی، چۆن ئەوها بەوردی ئاگاداری ناو کۆمەڵگەی ئێمەی؟ باوەڕ ناکەم ٩٥٪ ی خەڵکی ئەمریکا وەک تۆ ئاگاداری ناو ئەمریکا بێت."
لێتان نەشارمەوە، زۆر کەیفم بەخۆم هات کە ئەوهام. ئێستا دەزانم کە ئەو برادەرە لەبەرچی سەری لەئاستی زانیاریەکانی من سوڕما و تێنەگەیشتیە ئەندازیارێکی پیشەسازی وەک من لەبەرچی ئەو زانیاریانە دەبێ بزانێت. ئەوان زۆر جار دەڵێن، لەوانەیە مردنی سمۆرەکەی بەردەرگای ماڵت بۆ تۆ پەیوەندارتر بێت لەکوژرانی ١٠٠٠ کەس لە ئەفریقا.
باسی سیاسەت بویتە جیگرەوەی باسی زانست و تەکنەلۆجیا و فەلسەفە و کەلتور و میوزیک. هەرچی ڕاست دەبتەوە لەجیاتی سەرۆکی فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا بڕیار دەدات و بەدەستی بێت دەچێتە جیگای ئەوان و لەخۆشی ڕادەبینێت بیکات. کەچی بە سیاسی ناو ماڵی خۆی/گەرەکەکە/شارەکەی پێ بەڕێوەنابردرێت.
ئەو کەلتورە سیاسیە مانای تەرخانکردنی بەشیکی زۆری هزرە بۆ شتێک کە خۆت تێیدا بەدەگمەن کاریگەری. ئەوەش وادەکات کەوا وردە وردە هزرێکی بێدەسەلاتی و متمانە بەخۆنەبوون لەناخی هەر کەسێک بچێنێت چونکە تۆ دەستت داوەتە شتێک کە بەزانستی نەتخوێندنووە و تاقیکردنەوەت تێیدا نەکردووە. خەفەتەکە ئەوەیە مۆدێلی سیاسەتێکیشە کە لەمۆدێلی سەدەی ١٦ هەتا ١٨ ی ئیتاڵیا و ئەڵمانیای دەرەبەگایەتی و میرنشینی دەچێت. یەع!!
لەو سەردەمەی سۆشیال میدیاش، بەدەردی کابرا گۆتی: جاران تەنها ڕای زاناکان بڵاو دەکرایەوە و قسەی نەزانەکان لە دیواری چاخانەکان نەدەچووە دەرێ. ئێستا، بەهۆکاری سۆشیال میدیا، زانا و نەزان یەک هەلیان هەیە. بەداخەوە، کەلتوری ٣٠ چرکە کەی تاقەتی ئەوەی مایە لەماناکان قوڵ ببێتەوە.