لە نێو ئەو مۆدێلە دەروونییانەی کە ئەمڕۆ سەرنجی منیان ڕاکێشا مۆدێلی کارلۆ سیبۆلا، مێژوونووسی ئابووری ئیتالی، دەربارەی جۆرەکانی مرۆڤە. ئەم مۆدێلەی سیبۆلا مرۆڤەکانی بەپێی کاریگەریی کردەوەکانیان لەسەر خۆیان و کەسانی دەوروبەریان، بەسەر ٤ جۆردا دابەش دەکات:
1- ژیرەکان: ئەوان کاتێک کار دەکەن، کارێک دەکەن کە سوودی بۆ خۆیان و بۆ کەسانی دیکە هەیە.
2- پیسەکان: ئەوانەن کە بەرژەوەندی و داهاتووی خۆیان لەسەر حسابی دەوروبەریان بنیات دەنێن.
3- بێ چارەکان: ئەوان زیان بە خۆیان دەگەیەنن بۆ ئەوەی سوود بە کەسانی تر بگەیەنن.
4- گەمژەکان: لە یەک کاتدا زیان بە خۆیان و کەسانی دەوروبەریان دەگەیەنن.
سیبۆلا پێی وایە گەمژەکان مەترسیدارترین پۆلن، چونکە کردەوەکانیان چاوەڕوان نەکراوە و بەبێ هیچ سودێک سەری خۆیان و خەڵکی دەوروبەریان لەقوڕ دەنێن. ئەو ٥ یاسای بنەڕەتی بۆ گەمژەیی دانا:
یاسای یەکەم: هەمیشە خەڵک ژمارەی ئەوان کەمتر لە ڕاستی دەخەمڵێنێت. دەکرێت پرۆفیسۆر بێت و گەمژە بێت. دەکرێت سەرۆکی وڵاتێک بێت و گەمژە بێت.
یاسای دووەم: زۆر ئاساییە کەسەکە گەمژە بێت و بە تەواوی جیاوازیش بێت لە هەر تایبەتمەندییەکی کەسایەتییەکەی. دەکرێت کەسەکە ڕاستگۆترین بێت، بەڵام گەمژەترین بێت.
یاسای سێیەم: کەسی گەمژە ئەو کەسەیە کە زیان بە کەسێکی تر یان کۆمەڵێک کەس دەگەیەنێت، لە کاتێکدا هیچ سوودێکی لەوەدا نییە، ڕەنگە ئەوە ببێتە هۆی زیانێکی زۆر بۆ خۆی و دەوروبەرەکەی.
یاسای چوارەم: مرۆڤەکان هەمیشە هێزی تێکدان لە کەسانی گەمژەدا بە کەم سەیر دەکەن و هەمیشە لەبیریان دەچێت کە ئەو کەسانە گەمژە نین لە هەموو کات و شوێن و بارودۆخێکدا. دەبێت بزانیت کەوا پەیوەندی لەگەڵ کەسانی گەمژە زۆر لەسەرت دەکەوێت.
یاسای پێنجەم: کەسی گەمژە مەترسیدارترین جۆری مرۆڤە. ئەوانە هۆکاری سەرەکی زۆربەی نەهامەتییەکانی ئێمەن.