چ بەو شۆفێری تەکسیە دەڵێی کە بەردەوام قورئان لێدەدات و میوزیکی پێ حەرامە، بەڵام لە گەردی بەیانیەوە هەتاکو ئێوارە خەریکی قۆڵبڕیە؟!!
چ بەو کۆمپانیایەی حەج و عەمڕە دەڵێی کە ناوی لەخۆی ناوە (أسفار الرحمن)، چاوی لە بڕینەوەی داپیرەیەکی بەستەزمانی پەپولەیە کە سەرجەم خەون و هیوای لەژیان گەیشتن بەو ڕۆژە بووە؟!!
چ بە فیتەرێک دەڵێی کە بەگەورەیی لەسەر دیواری سازنگەکەی نوسیویەتی (هذا من فضل ربي!) و ٤ پلاکی سەیارەکەت بە ٢٥٠٠٠ لۆ دەگۆڕی؟!!
چ بە بۆڕیچیەک دەڵێی کە بەڵێنی دابوو سبەی بێت و دوای ٣ ڕۆژ نەهات؟!!
چ بە لەحیمچیەک دەڵێی کاتێک دێتە ماڵت دەرگایەکت لۆچاک بکات، گرژ و مۆن و قسەڕەق و قیچنە تەنگ و مزاج لیمۆندزیە؟!!
چ بە خاوەنی چیشتخانەیەک دەڵێی کە بەگەورەیی لەسەر چیشتخانەکەی نوسیویەتی (چێشتخانەی بەتام) و خواردنەکانی تامی ئاوی سارد نادەن؟!!
چ بە دکتۆرێک دەڵێی کە لە کلینیکەکەی ڕۆژانە ٤٠ نەخۆش بەڕێدەکات و لە نەخۆشخانەی گشتی تەنسیبە، هەفتەی ڕۆژێک دەوام دەکات و لەزانکۆش مامۆستایە و سەریشی بچی نوێژی ناچی؟!!
چ بە سیاسەتمەدارێک دەڵێی کە تەنها بەرەبەری هەڵبژاردنەکان خەڵکی بیر دەکەوێتەوە و ماڵ بەماڵ لەدەرگای خەڵک دەدات بۆ دەرۆزەی دەنگ؟!!
چ بە کەسێکی بەرهەڵستکاری دوێنی دەڵێی کە تۆی پەمپ دا دەنگی پیبدەی و دواتر دەنگی تۆی دزی و فرۆشتیەوە دەسەڵات و ئەمڕۆ لەو شار و ئەو شاری ئەوروپا دەگەڕێ و بەتۆ پێدەکەنێت؟!!
چ بەوانە دەڵێی کە لەسەر شاشەی تیڤی لەبەردەم تۆی تەماشاکەر شەڕدەکەن و لەدوای بەرنامەکە لەسەر یەک مێز دادەنیشن ئۆکەی دەکەن و وێسکی دەخۆنەوە؟!!
چ بەو هەمووە ڕاهێنەرەی کارسازی دەڵێی کە هەڵیانتەکێنی خاوەنی ٢٠ هەزار دۆلار نین و بەتۆ دەڵێ دەتوانی ببیت بە ئەحمەد ئیسماعیل؟!!
چ بەو مامۆستایەی گیتار دەڵێی کە خۆی نازانێت گیتاڕ لێدات و وانەی گیتارلێدانت فێردەکات؟!!
چ بەو هەموو خەڵکە دەڵێی کە ئامادەیە ٥٠٠کلم ببرێت بۆ ئامادەبوون لە تازیەک و تەمسیل کردن لەبەردەم خاوەن تازیە، بەڵام ئامادەنەبوو ٥ کلم لەبەر خاتری خوالێخۆشبوو لێخوڕێت؟!!
چ بە مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێی کە ساڵی ٥٠ توێژینەوەی تەزویر بڵاو دەکاتەوە و ٥٠ ملیۆنی پێ لەگیرفان دەنێ و خۆی پی کردۆتە پرۆفیسۆر (پەڕۆشۆر) باسی گەندەڵی دەسەڵات و حکومەتت لۆ دەکات؟!!
چ بە دووفاقی پیاوێک دەڵێی کە خاوەن خێزانە، لە مەلهاکان رادەبوێرێت و باسی شەرەف و ناموسیشت لۆ دەکات و ئەوەی لۆخۆی بە حەلال دەزانی لۆ خێزانی بە حەرام؟!!
چ بە فەرمانبەرێک دەڵێی کە لوتی لە ئاسمانە و ئامادەیە هەفتەیەک بتهێنێت و بتبات بەبێ هۆکار؟!!
چ بە فەرمانبەرانی سەرچاوە مرۆیەکان دەڵێی کە تەنها تێل بۆ کەسە بەرچاوەکان دەکەن و ئەوانەش کە لەوانەیە سوپەرباش بن بەڵام شێوەکانیان بەدڵیان نیە پشتگوێ دەخەن و دواتر دێت دەڵێ وەرە فێری زانستی (HR)ت بکەم؟!!
هەتا بنوسم شتی زیاترم لەبۆ دێت و کۆتایی نایەت. پەیامی ئەو پۆستە ئەوەیە: نەکەن بە مانشێت و براند و ناونیشان هەڵبخەڵەتێن. هەر کەسێک ناونیشانی رەونەقداری هەلبژارد زۆربەی کات بۆ ئەوەیە یاری بەسۆزت بکات و قۆڵت ببڕێت.
وابزانم کەس لە شێخ محمد غەزالی جوانتری نەنوسیە: "مانشێتە ساختەکان جێگەی ڕاستییە ناشرینەکان ناگرنەوە. ساختەکردنی ڕاستییەکان و ڕازاندنەوەی بە ناونیشان و مانشێتی زەق، سروشتی ناشیرینیان ناگۆڕێت و نایپۆشێت. ئەو ڕاستییانە بە ناشیرینی و بە ئازارەوە دەمێننەوە، هەرچەندە هەوڵی شاردنەوە یان ڕازاندنەوەیان بدەن."