کاک خدر زیرەکترە یان پرۆفیسۆرێکی زانکۆ؟!
لە ڕوانگەی سەرمایەداری پەتی، وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە زۆر بەلای کاک خدر دەشکێتەوە. هەموومان وا دەزانین کاک خدر کەسێکی خاوەن زیرەکیەکی سنورداری پیکەنیناویە. بەڵام، راستیەکان شتێکی تر دەڵێن. کاک خدر لە پرۆفیسۆرەکەی زانکۆ باشتر لە کرۆکی کۆمەڵگە تیگەیشتووە. دەزانێت تاکی کورد شەیدای چیە. خۆی وا نیشان دەدات کەوا نازانێت. چونکە بە پێشاندانی ئەوەی کە دەزانێت، وەک پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی بەسەردێت.
دەپرسم، ئەگەر کاک خدر بریار بدات بچیت بۆ هەر بۆنەیەک، دەستی لەسەر هەر بڕە پارەیەک دابنێ، چەند کەس لەو بۆنە بەشدار دەبن و چەندی پێدەدەن؟ ئەی ئەگەر کاکی پرۆفیسۆر بڕیار بدات بچیت بۆ هەر بۆنەیەک، دەستی لەسەر هەر بڕە پارەیەک دابنێ چەند کەس لەو بۆنە بەشدار دەبن و چەندی پێدەدەن؟! دڵنیام هەمووتان وەڵامەکەی چاک چاک دەزانن. کەواتە، کامیان کارسازێکی سەرکەوتوترن؟ کامیان سەرکەوتوترن لە راکێشانی سەرنجی خەڵک؟ کامیان ناوبانگیان زیاترە و زۆرتر خەڵک شەیدای بینینیتی.
مەگەر چیرۆکی کابرا سواڵکەرە زیرەکەکەتان نەبیستووە؟! ئەوەی ٢٥٠ دیناریان دەدایە وەریدەگرت بەڵام ٢٥٠٠٠ ەکەی وەرنەدەگرت! خەڵک گاڵتەیان بە گەمژەیی دەکرد و ئەویش لەناخی خۆی گاڵتەی بە گێلی ئەوان دەکرد. چاک دەیزانی مەکسەبی رزقەکەی لەوەیە وا نیشان بدات کە گەمژەیە. ئەوەش بەردەوامی کاسبیەکەی مسۆگەر دەکرد.
مەخسەدم ئەوە نیە کە کاک خدر گەمژەیە. بەڵام مەخسەدم ئەوەیە کەوا کاک خدر زۆر بە زیرەکی ستایلی پێکەنیناوی خۆی بڵاودەکاتەوە بۆ گەیشتن بە مەجدی شوهرە و شەرکردن لەسەر تۆقەیەک لەگەڵی. ئەگینا هەزارانی وەک خدر بیگەلاسی هەن کەوا شیوەیان جیاوازە، بەڵام چەندیان وەک ئەیان سەرکەوتوتر بوون لە گەیشتن بە لوتکەی بەناوبانگی!!
دڵنیام بریاربدات خۆی بۆ ئەندام پەرلەمانی هەڵبژێرێت، ١٠٠ جار لەکاکی پرۆفیسۆر زیاتر دەنگ دەهێنێت. مەڵێن میللەت گەمژەیە بۆیە بەدوای ئەو دەکەوێت و بەدوای کاکی پرۆفیسۆر ناکەوێت. ئەو بابەتە زۆر لەوە قوڵترە کە یەکسەر بازبدەیتە سەر ئەو دەرەنجامە.
کامیان زیرەکترن؟ کاک خدر یان کاکی پرۆفیسۆر!