بەڕێزان، ئایا دەزانن کەوا داڕیژەری فەلسەفەی قوتابخانەی تایبەت، نەخۆشخانەی تایبەت، کارەبای تایبەت، ئینتەرنێتی تایبەت، تۆڕی پەیوەندی تایبەت، ..هتد. کە دواتر هەموو ئەو ملیاردێرەی لە ئەمریکا دروستکرد ئافرەتێکی ئەمریکی بەرەچەلەک رووسیە بەناوی ئاین راند (Ayn Rand)
ئەو دارێژەری فەلسەفەی بابەتگەریە لە شەستەکانی سەدەی رابردوو کە لە داهاتوودا دەبێتە بنەمایەک بۆ فۆڕمیکی نوێ لە کاپیتالیزم. هەر ئەو بۆچونە بناغەی سیلیکۆن ڤالی و هاتنە پێشەوەی بیل گەیتس و ستیڤ جۆبز و ئیلۆن مەسک و مارک چوکەربەێرگ و نەوەیەک لە گەنجی داهێنەر دەهێنێتە پێشەوە کە گشتیان لەماوەیەکی کورت دەبن بە ملیاردێر. باش یان خراپ، راستیەک هەیە کە ئەویش ئەوەیە: چەقی هێزی ئابووری لە ئەمریکا بە لەئەستۆگرتنی فەلسەفەکانی ئەو ژنە لە کۆمپانیاکانی دوپۆنت و جینرال مۆتۆرز و فۆرد و چەندین کۆمپانیای مێژووی تر دەگویزرێتەوە بۆ دەستی کۆمەلێک خەڵکی تر.
بابەتگەری واقیعیانەی ئاین راند دەڵێت: مرۆڤ وەک تاک بوونەوەرێکی قارەمانە، و بەرپرسە لە خۆشبەختی خۆی وەهەروەها لە ئامانجی ژیانی، دەستکەوتی بەرهەمدار و چالاکیی خۆی بۆخۆیەتی، و بەکارهێنانی عەقل وەک تاکە ڕەهای خۆی تەنها مافی خۆیەتی و نابێت گوێبداتە بۆچونی کۆمەڵگە.
بەرژەوەندی تاک و خۆپەرستی بەدروستی پێوەری ئەخلاقە! خۆنەویستی قووڵترین فۆرمی بێ ئەخلاقییە. کاری بەرهەمهێنەر ئامانجی بنەرەتی ژیانی مرۆڤی ژیرە.
هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی حکومەت لە بەرهەمهێنان و بازرگانیدا، جیاکردنەوەی دەوڵەت و ئابووری، بە هەمان شێوە و بە هەمان هۆکاری جیاکردنەوەی کەنیسە و دەوڵەت
لەخوارەوە هەندێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئاین راندە بۆ ئەوەی چاکتر بیناسن:
- من ئەتوانم بمرم لە پێناو تۆ. بەڵام من نەمتوانی، و نەمدەتوانی، بۆ تۆ بژیم.
- ئازادی: بۆ ئەوەی هیچ پرسیارێک نەکەیت. بۆ ئەوەی چاوەڕێی هیچ نەکەیت. بۆ ئەوەی پشت بە هیچ شتێک نەبەستیت.
- مرۆڤی داهێنەر ئارەزووی بەدەستهێنان پاڵنەری دەبێت، نەک ئارەزووی لێدانی ئەوانی تر.
- ئەو پیاوەی بەهای خۆی نەزانێت، ناتوانێت بەهای هیچ شتێک و کەس بزانێت.
- فێربە بەهای خۆت بزانیت، واتە: شەڕ بۆ خۆشبەختی خۆت بکەیت.
- ڕاستی بۆ هەموو مرۆڤەکان نییە بەڵکو تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە بەدوایدا دەگەڕێن.
- بۆ ئەوەی مرۆڤ بڵێت ‘خۆشم دەوێی’ سەرەتا دەبێت بتوانێت ‘من’ بڵێت.
- کەواتە تۆ پێت وایە پارە ڕیشەی هەموو خراپەکارییە. تا ئێستا پرسیوتە ڕیشەی هەموو پارەش چییە؟
- ئەگەر هەر شارستانیەتێک بیەوێت بژی، ئەوە ئەخلاقی خۆبەخشییە کە پیاوان دەبێت ڕەتی بکەنەوە.
- هەر بابەتێک دوو لایەنی هەیە: لایەنێک ڕاستە و لایەنەکەی تر هەڵەیە، بەڵام ناوەڕاست هەمیشە خراپە.