زۆرجار تەکنیکی ژاپۆنی "وابی سابی" بەکاردەینم بۆ ئەوەی قەناعەت بەخۆم بکەم هەموو ئەو شتە ناڕێکانەی لەدەوروبەرم بینیومە یاخود دەیبینم بە جوانی بێنە پێش چاوم. هەر لە دیمەنی خۆڵ و خاشاکی سەر جادەکان بۆ دیمەنی ناڕێکی هەموو بینایەو سروشتی بیابانیی شارەکان. "وابی سابی" وام لێدەکات کە هەموو ئەوانە وەک لەوحەیەکی جوان بێنە پێش چاوم. لەکۆتایدا، بۆ دڵم بەشتێک تەنگ بکەم کە چارەکردنی ڕیشەیی بە پەروەردەی نەوەیەکی تازە نەبێت ناکرێت.
زۆر دەگمەن گوندێکی کوردستان دەبینی یەک شەقامی ڕاست بەری چەپی لە ڕاستی جیابکاتەوە کەچی لەپێش چاومان هەرجوانە و هەر لەوحەیە. بەدەر لەچەند گوندێکی هەورامان، بەدەگمەن شاکارێکی تەلارسازی لەناویان دەبینیتەوە و کەچی هەمووی ئامادەیە بەکاتژمیر بەرامبەر دیمەنی ئەو خانووە شرو قوڕە دووهۆدەو هەیوانە دابنیشێت و کەسیش ناڵێت ناشیرنن. لەحەقیقەتیشدا بەڕاستی ناشیرنن. بەڵام ئیمە بەو شێوەیە نایبینین چونکە ئەوە بەشێکە لە ئێمە. لە هەولیریەک بپرسن کە سەردەمی دەلارخانەی کۆن و شیخ اللە و مەیدانی پاسەکان و بازاری پیرێژنانی لەبیربێت، لەوێ زیاتر هەستی بە ئارامی دەروونی دەکرد لە بازارکردن یاخود ئێستا لە سوپەرمارکێتێکی ناو زۆنی زێر. زۆربەیان دەڵێن لەو شوێنانە. بۆ؟ چونکە ئەو ناڕێکی و فەوزایە بەشێکە لەئێمە.
من دژی پێشکەوتن نیم، بەڵام وابی سابی وای لێکردم کە جوانی لە ناشیرنی و ناڕێکیش ببینم.