بەبۆنەی ڤالانتاین:
١٠٠٠ سڵاو لەو دووانەی وەک کەرەکەی بوریدانن، ئێستاش نازانن بۆیەک شیاون یان نا و هەمیشە ٣-٤ هەڵبژاردەی تریان لە فەیسبوک، سناپ، ئینستاگرام، ..هتد. وەک یەدەگ داناوە. هەموی یاریزانە لەتیپی یەدەگی تۆپانێی خۆشەویستی.
١٠٠٠ سڵاو لەهەموو ئەو دووانەی کەوا لەواقیعدا جیابوونەوە بەڵام لەسەر کاغەز هەر ژن و مێردن. ڕیژە زێرینەکەی جۆن گۆتمان کە دەڵێت لەهەر ٦ قسەیەک یەک دانە جێگەی مشتومڕبێت، لەمێژە پێچەوانە بویتەوە.
١٠٠٠ سڵاو لەو دووانەی کەوا هیچ شتێک بەیەکیان نابەستێتەوە منداڵ نەبێت. دەمێکە بانکی خۆشەویستی لەناو دڵی هەریەکەیان تەنها پارە (خۆشەویستی) بە منداڵ دەدات، هیچ بڕێک بۆ لایەنی بەرامبەر نانێرێت.
١٠٠٠ سڵاو لەو دووانەی ١٠ ساڵ زیاترە وەک خوشک و برایان لێهاتووە. هەر لێک نزیک دەبنەوە یەکیان بەوی دیکەیان دەلێت پشتی بەکار شکاوە.
١٠٠٠ سڵاو لەو دووانەی لەرقی کەپڵە قەدیمەکانیان بە تێپی ئاویی خۆیان بەیەکەوە لكاندوە. دەتۆرێن لەیەکتر، زرم لەرقی یەکتر خۆیان بە ملی یەکێكی تر ساخ دەکەنەوە. ژیانی خۆیان و بەرامبەرەکانیشیان دەکەنە جەهەنەم.
١٠٠٠ سڵاو لەوانەی پێش زەواج رۆمیۆ و جولیت بوون ئیستا سەردار و سەیرانن. ئەوانەی پێش زەواج تانکی بەنزینی خۆشەویستیان فوول بوو بەلام ئیستا بەتاڵە یان ئەگەر بەنزینی خۆشەویستیشی تیدابێت، ئۆکتانی پەنجایە.
١٠٠٠ سڵاو لەو دووانەی بۆنەکە بۆ ڕقکردنەوەی هاورێکانیان لەجیاتی خۆشەویستی بۆ یەکتر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکەنەوە. ئەوانەی ٦ مانگە پلان دادەرێژن چۆن ڕقی سازان و سۆزان و شەیما و شیلانی سینگل بکەنەوە. لەسەر میز بەرامبەر خۆشەویستەکانیان توڕە و مۆنن، لە پۆستەکانیش دڵخۆش و لێو بە خەندەن.
١٠٠٠،٠٠٠ سڵاویش لە گۆڕی مام کەریم و پورە خەجێ کە نەدەیانزانی ڤەڵانتاین چیە نە تەرەماش، وەک مصریەکان دەڵێن:
عاشوا فى تبات ونبات … وخلفوا صبيان وبنات … وتوته توته خلصت الحدوتة