لەسەر سروشتێکی خراپی تاکی کورد لە هەرێمی کوردستان

قەت لەهۆکاری ئەو هەمووە نسکۆ و کۆچەتان پرسیە کە لە مێژووی هاوچەرخ و کۆنی میللەتی کوردی کوردستانی باشور هەیە؟

قەت لەخۆتان پرسیە، کوردی کوردستانی باشور بۆ هەمیشە ڕادەکات؟

قەت لەخۆتان پرسیە بۆ، چی شار و گوندی ئەو هەرێمی کوردستانەی باشور کە هەیە و لەسەر دەستی کورد دروستکرابێت، دەبێت لەپاڵ چیا بێت؟


بۆ بیزەحمەت؟


ئیرادەمان نەبوو لە ١٩٩١ کە بەکۆمەڵ هەلاتین و کەرکوک و هەولێر ودەیان قەزا و ناحیەمان تەسلیمی حکومەت کردەوە؟ یەک ملیۆن رامانکردە چیاکانی سەر سنوور! ئەوکات لەوپەری یەکگرتووی و بەهیزی دابووین. هەر چ نەبێت هەمووان بە دڵ بە گیان دەیانویست رزگاریان بێت لەدەست بەعس.


لە ٣١ی ئاب، نەماندەتوانی هەر چ نەبێت ١٠ رۆژ مقاومە بکەین؟


لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بە ١٠ سعات هەزاران چەکدارمان لە کەرکوک رایکرد، خۆ ئەگەر بە دارلاستیک بەرگریان بکردبا، ١٠ رۆژی دەخایاند


سەیری نمونەی داعش بکەن لە موصل. بە ٦٠ دەوڵەت و چەندین سوپا توانیان ٩ مانگ و ٤ رۆژ بەرگری لەشارەکە بکەن.


هەمیشە ئەو پرسیارە لە مێشکی منە: ئەگەر لەجیاتی داعش پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی لە موصل بان، چەند بەرگەیان دەگرت؟! ٩ کاتژمێر و ٤ خولەک؟!


مەسەلەکە نە پەیوەندی بەخیانەتەوە هەیە نەتەڕەماش. چی زانای بواری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی هەیە لەو کوردستانە هەتاکو ئیستا مێشکیان لەبۆ هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتە نەچووە.


با ئەمن هۆکارە راستیە زۆر ناخۆش و جەرگ برەکەتان پێبڵیم، ئەوجا ئیوەش سەرپشک بن لەوەی چۆنی لیکدەدەنەوە.


لەبەرئەوەی بەکوردی و بە پوختی، ئیمە میللەتێکین خاوەن کەسایەتیەکی فیرارین. فیراری بەشیکی دانەبراوە لەکەسایەتی ئیمە. میللەتی فیرار ناتوانێت بەرگری بکات و هەمیشە رادەکات. شارستانیەتی پێ دروستناکرێت. چەمکی نیشتمان لەلای پێناسەیەکی پیرۆزی نیە. هەمیشە خۆی دەشارێتەوە و لەسەر یەک شت هەڵوەستە ناکات و سوارە بۆ بەجێهێشتنی شارەکەی وتەنانەت وڵاتەکەی.


هەمیشە ڕیگە ئاسانەکە هەڵدەبژێرێت بە راکردن/فیراری. هەربۆیەش تەمەشای ئەو شارانە بکە کەلەسەردەستی کورد دروستکراون بۆ نمونە، کۆیە/رانیە/سلیمانی/ئاکری/زاخۆ/دهۆک/...هتد هەمووی چیای لەپشتە. بۆ چیای دەبێت لەپشت بێت بەرای ئیوە؟ وەلامەکەی ئاسانە: بۆ ئەوەی رابکات و خۆی لەوێ بشارێتەوە. ئەوە بەشیکی دانەبراوە لە کەسایەتی ئیمە لە کوردستانی باشور و هەتا حەدێکیش لە بەشەکانی تری کوردستانیش. ئیستاش دەرگای سنورەکانی بۆ بکەوە زۆرینەی ڕادەکات و وڵاتەکەی بەجیدەهێلێت. بەداخەوە کە زانا کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەکانی کوردستان قەت باسی ئەوەت لۆ ناکەن چونکە هەتاکو ئیستا باوەرناکەم مێشکیان بەو سیفەتەی ئیمە شکابێت یاخود درکیان پێکردبێت.


ئەو نەخۆشیە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ٩٠% ی چی سەرکردەی کورد کە هەیە خاوەن ڕەگەزنامەیەکی ترە. ئەگەر بەخۆیان دەڵێن ئازا، با بەکۆمەڵ واز لە ڕەگەزنامەی دووەمیان بهێنن. لەئەگەری هەر ترسناکیەک لەسەر ژیانی، لەمنداڵێکی ٥ ساڵیەوە تا پیرێکی ٧٠ ساڵی هەمووی سوارە کە بوخچەی بپێچتەوە و وڵاتی بەجیبهێلێت. دەوڵەتیش بەکەسایەتی فیرار و بەزیو قەت دروستناکرێت. ئەوە چارە بکەن، ئەوجا ریفراندۆم بکەن.


هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان