پیاوێک گەڕایەوە ماڵەوە، ساڵێک بەسەر هاوسەرگیریەکەیاندا تێنەپەڕیبوو، بینی خێزانەکەی دەگری. بە نەرمی خێزانی لە باوەش گرت و لە دڵی خۆیدا بیری لەوە دەکردەوە کە بیری ماڵی باوکی دەکات. لێی پرسی بۆچی دەگری؟ وتی باڵندەکان لە درەختەکەی بەرامبەر ماڵەکەمان سەیری من دەکەن کاتێک خۆم دەگۆڕم و جلەکانم دادەکەنم ، دەبێت ئەوە نەبێتە سەرپێچی و تاوان لای خودای گەورە؟!!
مێردەکە لەبەر پاکی و لە خودا ترسی نێوچەوانی ماچ کرد، بۆیە چووە دەرەوە و مشارەکەی برد و دارەکەی بڕی.
دوای هەفتەیەک، ڕۆژێک ناعادەتی زوو لە کارەکەی گەڕایەوە و بینی ژنەکەی لە باوەشی پیاوێکدا خەوتووە! هیچی نەکرد جگە لەوەی ئەوەی پێویستی بوو بیبات لە ماڵەکەی خۆی بردی و هەموو شارەکەی بەجێهێشت. گەیشتە شارێکی دوور، بینی خەڵک لە نزیک کۆشکی پاشا کۆبوونەتەوە، ویستی بزانێت بۆچی خەڵک لە نزیک کۆشکی پاشا کۆبوونەتەوە، پرسیاری هۆکارەکەی کرد، پێیان گوت: خەزێنەی پاشا دزراوە!
لەم نێوەندەدا پیرەمێردێک بە سەر نووکی پێیەکانیدا تێپەڕی و پرسی: “ئەمە کێیە؟” پێیان گوت: ئەمە مەلای گەورەی شارە، لە ترسی هەنگاونان بە سەر مێروولەیەک و سەرپێچیکردنی خودا لەسەر نووکی پێیەکانی دەڕوات.
کابرا هاواری کرد وتی: بەخوا دزەکەم دۆزیەوە، بمنێرن بۆ لای پاشا. هێنایان بۆ بەردەرگای کۆشکی پاشا، هاتە سەر پاشا و پێی گوت، گەورەم مەلای گەورەی شار ئەو کەسەیە کە خەزێنەی تۆی دزیوە، ئەگەر خۆنمایشکەر و درۆزن بم سەرم ببرە! پاشا فەرمانی بە سەربازەکان کرد و مەلایان هێنا. دوای لێکۆڵینەوە، مەلا دانی بەوەدا نا کە خەزێنەی پاشای دزیوە.
پاشا بە پیاوەکەی گوت: چۆن زانیت کە ئەو دزە؟
کابرا وتی: گەورەم، کاتێک زمان لووسی و نواندنی فەزیلەت و پیاوچاکی زیادەڕەوی کرا، ئەوە بزانە کە ئەوە پەردەپۆشکردنە بۆ تاوانێک.