قەت لەخۆتان پرسیە بۆ هەر ٤ شۆڕشە پیشەسازیەکە لە رۆژئاوا سەریان هەڵدا؟ قەت لەخۆتان پرسیە بۆ تەنها کۆمپانیایەکی وەک ئەپل ١٥ بەقەد ساڵانەی داهاتی وڵاتێکی وەک عیراق، کە رۆژانە نزیکەی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشیت بە ٤٤ ملیۆن دانیشتوانیشەوە، نرخەکەیتی؟
کۆلکە موسەقەفەکانی خۆمان دێن و دەچن باسی دیموکراسی و زیرەکی و بازاری ئازاد، ژینگە و ئیمپریالیزم و کاپیتالیزم و تەڕەماش دەکەن. هیچیان ناپڕژێنە سەر بنەچەی سەرەکی ئەو هەموو هێز و سامان و سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی و داهێنانە لەڕۆژئاوا.
من، لەگەڵ سنورداری مەودای سەقافیم، نهێنی ئەوەتان بۆ ئاشکرا بکەم؟
بەڕێزان: نهێنی ئەوە بریتیە لە چونە سەر دیانەتی پرۆتستانتی کالڤینیزم لەلایەن ئەنگلۆساکسۆنەکان بە پلەی یەکەم.
ژان کالڤین (١٥٠٩-١٥٦٤)، زانای ئایینی و چاکسازیخوازێکی فەرەنسی بووە و لە سەدەی ١٦دا ڕۆڵێکی سەرەکی لە چاکسازی پرۆتستانتدا گێڕاوە. زیاتر بە نووسینە تیۆلۆژییەکانی و ڕۆڵی لە داڕشتنی نەریتی چاکسازیخوازی پرۆتستانتیزم ناسراوە کە زۆرجار بە کالڤینیزم ناودەبرێت.
تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئیتیکی کاری پرۆتستانتی کالڤینیزم بریتین لە:
کارکردنی بەردەوام: کالڤینیزم هانی تاکەکان دەدات کە بەشداری کارێکی بەرهەمدار بکەن وەک جۆرێک لە خزمەتکردن بە خودا. کار وەک بانگەوازێک یان بانگێشتێکی ئاینی سەیر دەکرێت و باوەڕیان وایە خودا بەهایەکی زۆر بە کۆشش و پیشەسازی دەدات.
پارەپارێزی: کالڤینیزم بیرۆکەی پاشەکەوتکردن و پارەکۆکردنەوە بەرەوپێش دەبات. هانی تاکەکان دەدات کە خۆیان لە بەفیڕۆدان بەدوور بگرن و سەرچاوەکانیان بە ژیرانە وەبەربهێنن.
خۆدیسیپلین: خۆبەدەستەوەدان و دیسیپلین بە فەزیلەتێکی گرنگ دادەنرێت. چاوەڕوان دەکرێت خەڵک بەرەنگاری بێکاری و دواکەوتن ببنەوە و هەمیشە سەرنجیان لەسەر چالاکییە بەرهەمدارەکان بێت. ئەوان نابێت خۆیان وانیشان بدەن کەوا چەند دەوڵەمەندن یاخود چەند بەتوانان. دەبێت هەمیشە پارێزگاری لە تواضعی خۆیان بکەن.
بەرپرسیارێتی تاک: تاکەکان وەک بەرپرسیار سەیر دەکرێن لە خۆشگوزەرانی ئابووریی خۆیان. سەرکەوتن یان شکست لە ژیاندا وەک ڕەنگدانەوەی هەوڵ و هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ خۆی سەیر دەکرێت.
سەرکەوتنی ماددی بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا: لە لێکدانەوەکانی ئیتیکی کاری کالڤینیستدا، سەرکەوتنی ماددی و سامان وەک نیشانەی ڕەزامەندی خودا سەیر دەکرێت.
زاهیدی: هەندێک لە لێکدانەوەکانی ئەخلاق توخمەکانی زاهید لەخۆدەگرن، جەخت لەسەر شێوازێکی ژیانی سادە و توند و تیژ دەکەنەوە، لەگەڵ گرنگیدان بە بەها ڕۆحی و ئەخلاقییەکان بەسەر خۆبەخشی ماددیدا.
هەموو ئەو هەڵسوکەوت و کەلتور و پیشکەوتن و هەراوهۆریایە هۆکارەکەی تەبەنیکردنی ڕینمایەکانی ژان کالڤینە. ئێستا لە رۆژائاوا لەوانەیە زۆربەی خەڵک هەر نەزانن ژان کالڤین کێیە. بەڵام بەووردی پەیرەوی رینمایەکانی دەکەن.
بۆیە جارێکی دی کە مارک چوکەربێرگ، ئیلۆن مەسک، ستیڤ جۆبز، جیف بیسۆزی ملیاردێر دەبینی بە پانتۆڵ و کراسێکی ٥٠ دۆلاری بەلاتەوە سەیر نەبێت. بەلاتەوە سەیر نەبێت بیل گەیتس لە سڕەی لەفەی فەلافل رابوەستێت. ئەوە بەشیکە لە جێبەجیکردنی تەعلیماتەکانی قەشە کالڤین. لێرەوە دەبێت تویژینەوە بکەین لەسەر ئەوەی کە قەشەیەکی فەرەنسی چۆن توانی روخساری گۆی زەوی بگۆڕێت؟