لەسەر نەخۆشی دەروونی-کۆمەڵایەتی: دارەمەیتی قەنەفە

زۆرجار لەو خولانەی کەلەسەر چۆنیەتی پەیداکردنی کار دەیانڵێمەوە باسی "نەخۆشی دارەمەیتی قەنەفە" دەکەم. ئەو نەخۆشیە کۆمەڵایەتیە دەروونیە لە کوردستان توشی توێژێکی بەرچاوی گەنجەکان (بەتایبەت کچەکان) بووە.


توشبوانی نەخۆشی دارەمەیتی قەنەفە کەسانی وەک ئێمە ئاسایی بوون. ئەوان توێژێکن لەو دەرچوانەی زانکۆ/پەیمانگە کەوا پێش دەرچونیان خەونێکی زۆریان هەبووە. جیاوازیان لەگەڵ کەسانی ئاسایی ئەوەیە: لەساڵی یەکەمەوە تا دەرچوون یەک ڕستەیان وەک توتی دەگوتەوە: "تەنها دەربچم لەو بەشە یان لەو میحنەتەی خوێندن ڕزگارم بێت، بزانە چۆن چیای قەندیل دەهێنمە خوارێ".


ساڵەکانت تێپەڕدەبن و کاکم/خانم لە پەیمانگە/زانکۆ دەردەچێت. زۆربەی کاتیش بە نمرەیەکی کەمتر لە ٦٠٪. هەفتەی یەکەم لە دووەم و دووەم لە سێیەم لەسەر قەنەفەکەی ژوری دانیشتن گرێ دەدات بەبیانوی ئەوەی "با ئیسراحەتێک بکەم". ژیانی دەبێتە سوڕێک لە بەخەبەری لەشەو وە نوستن بەڕۆژ. هەفتە دەبێتە مانگ و مانگیش دەبێتە ساڵ. ناوە ناوەش کە بەڕۆژ بەخەبەردێت، لە دایکی یان باوکی دەپرسێت: ئەرێ دنیا نەگۆڕا؟!


قەنەفە ساڵ لەدوای ساڵ چاڵتر و ژیانی ئەو کەسەش بێهیواتر. کار دەگاتە ئەوەی هەر ئەو پسپۆڕیەی پێشووتر ڕقی دنیای لێدەبۆوەو نمرەی خوار ٦٠٪ ی لێهێنا، ئێستا هەوڵی دیپلۆمی باڵا دەدات بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە ئاستێک کە قبوڵکراوبێت بۆ ماستەر. بەکورتی ئاستی بێهیوایی دەگاتە پلەیەک کە ئامادەیە ١٥ ساڵ لەتەمەنی خۆی بکوژێت تەنها ئەوەش بەدەرەچە بزانێت. خۆ ئەگەر ئەوەش دەستنەکەوت، سەقفی ئیسفنجی قەنەفەکە ڕۆژیک دەتەپێت و دەکەوتە ناو چوارچێوەکەی. قەنەفە دەبێتە دارەمەیتێک کە نەک هیوا و ئاواتی بەڵکو خۆشی تێدا دەنیژرێت.

لەسەر مایندسێتی قوربانیدەر