لەمیانەی گوفتۆگۆیەکی هاوڕێیانە لەگەڵ هاورێیانی خۆشەویستم د. سۆران صباح و د. دارا خالد ، سەرۆکی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی و سەرۆکی بەشی ئەندازیاری دروستکردن و پیشەسازی لەزانکۆی کۆیە، د. سۆران سەرنجی بۆ تێبینیەکی یەکجار گرنگ ڕاکێشاین؛ ئەویش چۆن دەبێت هەموو پسپۆڕیە ئەندازیاریەکان لەیەک سەندیکا/یەکێتی کۆبکرێنەوە؟ ئەندازیاری میکانیک پەیوەندی چیە بە ئەندازیاری پرۆگرامسازی؟ مەدەنی بە کیمیاوی؟ کارەبا بە جێۆتەکنیک؟ تەلارسازی بە بەنداوەکان؟..هتد
بەڕێزان، دەزانن کە دەڵێی سەندیکا/یەکێتی ئەندازیاران وەک ئەوەیە بڵێی سەندیکا/یەکێتی زانستخوازانی/ئەدەبناسانی/ کارگێری و ئابوریناسانی/ پەرەوەردەخوازانی کوردستان؟ بڕۆن ببینن، جیۆلۆجی سەندیکای تایبەت بەخۆی هەیە یان نا؟ ژمێریاران سەندیکای تایبەت بەخۆیان هەیە یاخود نا؟ مێژووش بەهەمان شێوە نیە؟ ئەی خێرە ئەو مزەورە ٧٠ ترینگەی ئەندازیاری بەو شیوەیە؟!
مەبەستی ئێمە ئەوەیە، کە دەرچوی یەک کۆلیژ بویت، مانای ئەوە نیە کە تەخەروجت کرد لەیەک سەندیکا جێگات بکرێیتەوە. بەو پێیە بێت، با دەرچوانی کوردی و عەرەبی و جوگرافیا و مێژوو و ئەڵمانی و کیمیا و فیزیا و بایۆلۆجی و ئینگلیزیش کەهەموان دەرچوی پەروەردەن لەیەک سەندیکا جێگابکرێنەوە! ئایا ئەوە ڕاستە؟
یان ڕاستیەکە ئەوەیە وەک لەئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە کە هەیە وهەڵساون بە جیاکردنەوەی سەندیکاکان بەپێی پسپۆڕیەکان؟ بۆنمونە
کۆمەڵگەی ئەندازیارانی میکانیکی ئەمریکی
کۆمەڵگەی ئەندازیارانی کیمیاوی ئەمریکی
کۆمەڵگەی ئەندازیارانی شارستانی ئەمریکی
کۆمەڵگەی ئەندازیارانی پیشەسازی ئەمریکی
کۆمەڵگەی ئەندازیارانی ئۆتۆمۆبیلی ئەمریکی
.
.
هتد.
وەک نمونە، ئەندازیاری تەلارسازی بەڕێز؛ کە دەچیە سەندیکای ئەندازیاران و دەبینی سەرۆکی سەندیکا ئەندازیاری کیمیاویە و تۆش هاتووی باسی قوتابخانەی باوهاوسی بۆ دەکەی، تەقەی سەری نایە سەرۆکی سەندیکا؟ ئەندازیاری شارستانی بەڕیز، کەدەچیتە یەکێتی ئەندازیاران و کتابێکی مەرجەکانی مقاوەلات و تەندەرت بەدەستە و دەبینی سەرۆکی یەکێتی ئەندازیاران ئەندازیارێکی پرۆگرامسازیە، ئەویش تەقەی سەری نایەت؟ باشتر نیە لەجیاتی ئەو دوو سەرۆکە، دوو سەرۆکی پسپۆری تایبەت بەخۆتان لەوێ دانیشتبن؟
بەڕای ئێمە، لەجیاتی ئەوەی سەندیکا و یەکێتی ئەندازیاران یەکبگرنەوە، با بەیەکەوە بڕیار بدەن کەوا خۆیان حەل بکەن و ڕێگە بۆ دروستبونی ئەو کۆمەڵگانە/دەستە/دەزگا/ لەسەر ئەساسی پسپۆڕی بدەن. یەکێک دێت و دەڵێت، با سەندیکا بکرێت بەچەند بەشیک بەپێی پسپۆریەکان. بەپێی تەجروبەی خۆمان، ئێمە ئەوەمان پێ باش نیە و سەربەخۆیی پسپۆریەکان سنوردار دەکەین و ئیشەکە دەکەینە خەپسە!
بەڕاست، ئەندازیارانی خۆشەویست، ئێوەش لەگەڵ ئێمە نین لەو بابەتە؟