لەسەر ململانێی نێوان بەغدا و پارتی دیموکراتی کوردستان

هیچ گومانی تێدا نیە ئەو ململانێیەی کە لەنێوان هەردوو لا هەیە هیچ نیە تەنها قەیرانێکی دروستکراوە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی جیاوازیەک لەنێوان ئیستا و کاتی هەڵبژاردنەکان دروست بکات.

ئێمە چاک دەزانین کەوا بۆچی موچە نایەت: بەکوردی، چ پارتی و چ یەکێتیش نایانەوێت لیستی ناوی سەرجەم فەرمانبەرەکانی مەدەنی و سەربازی بۆ حکومەتی ناوەند بنێرن چونکە بەغدا تەدقیق بکات، فەزیحەک دەقەومێت لەوانەیە لەدادگای فیدرالی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زۆرێک لەوان دەربچیت. بە دەیان هەزار فەزائی و دەیان هەزار بندیواری چەکدار کە ئیش بۆ حزب دەکەن نەک بۆ حکومەت و لەسەر حکومەتیش حسابن، کەشف دەبن. ڕوسیا لە شەرە، ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین سوپایە، چین خاوەنی پینجەم گەورەترین سوپایە، هیند بە پلەی چوارەم. وەرن ڕیژەکان لێک دەنەوە، ئەگەر وادابنێین ٤٥٠،٠٠٠ چەکدارمان هەیە، و ژمارەی دانیشتوانمان ٦ ملیۆنە،


کوردستان بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ٧٥ چەکدار

ئەمریکا بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێك، ٦.٣ چەکدار

چین بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ٢،٩ چەکدار

هندستان بۆهەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ٤ چەکدار

روسیا (کە لەجەنگە) بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ٢٦،١ چەکدار

ئۆکرانیا (کە لەجەنگە) بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ٢٧،٦ چەکدار

ئێران بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ١٢ چەکدار

عیراق بۆ هەر ١٠٠٠ نەفەرێک، ٨ چەکدار


پیاو حەق بڵێت، لە کۆریای باکور و کوبا کەمترمان هەیە! حکومەتی ناوەندی بەهەموو گەندەڵیەکانیشی، ناڵێت ئەوە چیە کاکە؟ شلون هیچی ارقام؟


خەڵک بیری لاوازە، ئەگینا نابێت خۆی مشەوەش بکات بەو خۆ گیف کردنەوانە. مانگێک یاخود دوو مانگ پێش هەڵبژاردن هەموو کێشەکان چارەسەردەبن. پەیامی ئەوەش رێک بەکارهینانی سیاسەتی ماکیاڤیللیە لە فێل کردن لە خەڵک. ماکیاڤیلی دەڵێت: "مرۆڤەکان ئەوەندە سادەن و ئەوەندە مەیلیان هەیە بۆ گوێڕایەڵی لە دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاکانیان کە فریودەر هەرگیز لە کەمی فریودراوەکانی ناترسێت."


پێداویستیە سەرەتاکانی خەڵک چیە بەڕای ئێوە؟ موچە و خزمەتگوزاری. یەکەمجار ئەو دوو ئامرازە سەرەکیە لەخەڵک ببڕە. خەڵک مەشغول نابێت بە داواکردنی چاکسازی و بنبرکردنی گەندەڵی و دامەزراندنی گەنجی بێکار. سەری زمان وبنی زمانی دەبێتە هەی بەغدا ئەوەندەی نارد هەی ئەوەندەی نەنارد، هەی موچە دەدریت هەی موچە نادرێت، هەی کارەبا نیە، هەی کارەبا هەیە...هتد. گرنگ ئەوەیە لێنەگەڕێی فکریان بۆ داواکاری بەرزتر بڕوات. خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ٢٠١١ وانەیەکی نایابی پێدان.


نزیک لە وادەی هەڵبژاردن، وەفدێک دەچیتە بەغدا و بە" کن فیکون" ەک هەموو شتەک حەل دەبی. ئەو کات چاکەی چارەسەرکردنی کێشەکە دەبێتە هی کام لایەن؟ هی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەکیدی. دەنگەکانی زیاتر دەبێت یان نا؟ ئەکید زیاتر دەبێت، چونکە پارتی بە هەموو کوردستانی نیشان دەدات کەوا تاکە فریادرەس هەر خۆیتی. لەگەڵی بە لە ئەمانی. لەگەڵی نەبی خۆت حازربکە بۆ قەیران. پێت دەڵیت: بتەوێت و نەتەوێت، ئەوە ئیمەین کە هەموو سەرەداوەکانمان لەدەستە.


من بۆخۆم، سەرجەم گۆرەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە مەهزەلەیەکی منداڵانەی سوک دەبینم. ناچمە دەنگدان چونکە هەموو کەشەکە نەزۆکە و چاوەرێی باشتر لەو هاوکێشە سەقەتەی نێوان لایەنە سیاسیەکان ناکەم تا هیزی ٧٠ و ٨٠ حەل نەبن. بەڵام ئەگەر ئەو دوو هێزە حەل نەبن و بریارمدا بچمە سەر سندوقی دەنگدان، دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەم. هەر چ نەبێت دڵنیا دەبم لەوەی کەوا ئینتهازیەکان بازرگانی بەدەنگی منەوە ناکەن. ئەوە بێهیوایی نیە ئەوندەی خوێندنەوەیەکی واقیعیانەیە. ببورن.


پرسیارێک لە چات گیپیتی لەسەر پارتی و یەکێتی