لەسەر لیۆناردۆ داڤینشیە کوردەکە

وەک کەسێکی پسپۆر لەبواری ئەندازیاری پیشەسازی و دروستکردن، ماوەیەکی زۆر درێژە دەمویست پۆستێک لەسەر یەکێک لەبلیمەترین ئەندازیارەکانی میکانیک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم، کە بە ڕەچەلەک کوردە و بەباوکی بواری رۆبۆت ناسراوە: ئەویش بدیع الزمان ئیسماعیل ی جەزیرەی خەڵکی بۆتانە (١١٣٦ -١٢٠٦)لە باکوری کوردستان.


ئەلجەزری خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ داهێنانی گرنگە. لە کتێبی زانینی ئامێرە میکانیکییە داهێنەرەکان، ئامێرەکانی ناو ئەو کتیبە هەم پراکتیکی و هەم هونەریانە بوون، لە کاتژمێرەکانەوە تا دەگاتە کەشتییە ئۆتۆماتیکیەکان کە خواردنەوەیان بە ئۆتۆماتیکی دابەش دەکرد. ئامێری پشکنینی خوێن، نافورە، میوزیکی ئۆتۆماتیکی؛ ئامێری بەرزکردنەوەی ئاو؛ و ئامێرەکانی پێوانەکردن؛ پەمپی ئاو؛ لەسەرووی هەموشی دانانی بنەچەی بیرۆکەی مانیوال/کەتالۆگ بوو بۆ گشت ئامێرەکان.


کتێبەکە بە وردی باس لە لانیکەم لە پێنج ئامێر دەکات کە ئاسانکارییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاودێری، لە کێڵگە و لە ماڵەوە. هەروەها ئامێرە زۆر پراکتیکییەکانی دیکەش لە کتێبەکەیدا هاتبوون: شەفتێکی کرانک کە جووڵەی هێڵی دەگۆڕێت بۆ جوڵەی سووڕاوە (داهێنانی کرنگی سەیارە)؛ و ئامرازێک بۆ قەبارەدانانی وردی قوفڵ (قوفڵی قاسەکان) و ئاودەستی غەربی، و لەنێو زۆر شتی تردا.


زۆربەی داهێنانەکانی چەندین سەدە پێش دەستکەوتەکانی زانستی ئەوروپی بوون. کارەکانی لەسەر بەلوعە - کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە ئەندازیاری هایدرۆلیکیدا - بۆ یەکەمجار لە ئەوروپا زیاتر لە دوو سەدە دواتر لەلایەن لیۆناردۆ داڤینچیەوە باسکرا، کە دەوترێت ئەویش سەرسام بووە بە داهینانە ئۆتۆماتیکەکانی ئەلجەزری.


ئێمەی کورد بلیمەتی زۆر گەورەمان هەیە لە مێژوو. بەڵام بەداخەوە، دوژمنان بە بەردەوامی کار لەسەر لایەنی سایکۆلۆژیمان دەکەن و وامان تێدەگەیێنن کە بەدریژایی مێژوو خەڵکانێکی ڕەوەندین هەر خەریکی ئاژەڵداری و چاندنی گەنم و جۆ بوین. 




لەسەر راوێژکارە گەندەڵ و ئینتهازیەکان