لەسەر کێشەی مزاجیەت (بەتایبەتی لە نێو کچان)
مەسەلەیەکی کوردی هەیە دەڵیت:
وەستای نەجار.. بنوو بێ خەم و خەیال... خودا یەکە و دەرگەی هەزار
کێشەیەکی گەورەی باس نەکراو بریتیە لە کێشەی هەلبەزودابەزی مزاجی مرۆڤەکان لە رۆژیکدا. بەیانی مزاجی خۆشە و دەم بە پێکەنینە. نیوەڕۆ دەگۆریت و گرژدەبیت و بیانگە بە راست و چەپ دەگرێت. ئیوارە دیسان چاک دەبیت و بەهار دەست پێدەکات. شەوانیش زستانەکی سەخت وپر لە گریان دێ. لە رۆژێکدا چەندین وەرزی مزاج دەگۆریت و لۆخۆشی نازانێت لەبەر چی. گرنگ ئەوەیە بەهەر شیوەیەک بیت بیانویەک بۆخۆی دەدۆزێتەوە و شەر و کەناڵی شەر و ئاشتی بە مزاج دەگۆڕیت. ئەوەش زۆر کاریگەری خراپی هەیە لەسەر کەسانی دەوروبەر. بەتایبەت ئەگەر بێت ئەو کەسە لە تیمێک کاربکات.
بگەریینەوە سەر مەسەلە کوردیەکە...
دەگێرنەوە قەدیمەلزەمان، میری وڵاتێک حوکمی ئیعدامی بۆ دارتاشیک دەرکرد. ئەو شەوەی دارتاش کە بەمەی زانی خەو لە چاوەکانی ون بوون و زۆر ترسا. مزاجی بووە ١٠٠ بە ماینەس. بە درێژایی شەوەکە چاوەرێی پاسەوانەکانی میری دەکرد بێن و قۆلبەستی بکەن و بیبەن بۆ بەر پەتی سیدارە.
تەق تەق تەق... تەقەی دەرگایە و پاسەوانەکان دەنگیان دەهات.. ئەو دەرگایە بکەوە... ئەو دەرگایە بکەوە! دارتاش لۆخۆی زەندەقی چووبوو، هێندەی تر زەندەقی رژا. بەهەر شیوەیەک بیت خۆی گەیاندە دەرگا و دەرگای کردەوە.
سەرۆکی پاسەوانەکان: تۆ دارتاشی؟
دارتاش: بەڵی گەورەم!
سەرۆکی پاسەوانەکان: میری وڵات کۆچی دوایی کردووە و دەبێت هەر ئیستا تابوتێک دروست بکەی!
دارتاش (رەنگێکی هینا و ١٠٠ی برد): بەسەرچاو گەورەم.
بەرێزم، خۆ تۆش ئەو دارتاشە نیت کە حوکمی ئیعدامت بۆ دەرچوو بێت؟ ئەو مزاج ترشیە لەبەر چی؟ گریمان حوکمی ئیعدامت لۆ دەرچووە، بەو مزاج ترشیە چ دەگۆڕی؟ لە بۆردی کارەبای مزاجت، هەوڵبدە کەوا جۆزەی مزاج ترشیت هەتا هەتایە بکوژێنیتەوە. لشمە لشمی گریانی شەوانەت بەبێ هۆکار هیچ سوودەکی نیە.
in Posts