کاتێک دەتەوێت ژیانی خۆت بەگشتی و ژیانی وەزیفیت بەتایبەت بەرەو پێشتر ببەیت، یەکەم شت بیرت لۆ بچی بریتیە لەوەی کتابێک بخوێنیەوە یاخود تەمەشای زنجیرەیەک لە ڤیدیۆ بکەیت. ئەو نمونەی خوارەوە هی "گوگل بوکس" ە کە بەیەک کلیک ٩ ملیۆن و سەدوسی هەزار کتابی پەیوەندیداری لەسەر پەرەپیدانی توانست بۆم هێنا. بەڕاستی شتێکی توقینەرە و نازانییت دەست لەبۆ کام کتاب ببەیت.
ئەوەی من تێبینیم کردبیت؛ ٧ دەرەنجام کۆی سەرجەم ئەو ٩ ملیۆن کتابەیە کە لەسەری کۆکن بەڵام بەناوەرۆکی جیا. زۆربەی هەرە زۆری نوسەرەکانی ئەو جۆرە کتابانە لەراستیدا بازرگانی ساختەچین کەوا ئیش لەسەر سۆزی خەلک دەکەن و بەو هۆیەشەوە پارەیەکی باشیان دەستدەکەویت.
بابێینە سەر ئەو ٧ دەرەنجامە:
١- لەگەل خۆت و دەوروبەرت باش و نەرم و نیان بە!
٢- بەجوانی دنیا ببینین، دنیاش بەجوانی دەتبینێت!
٣- کۆنترۆڵی بیر و ژیان و کات و رۆتینی ڕۆژانەی خۆت بکە!
٤- هەڵەکردن بەشێکی دانەبراوە لە ریگەی گەیشتن بەئامانجەکانت!
٥- ئامانجێک لەبۆ ژیانت دابنێ و کار لەسەر بەدیهینانی بکە بەوردی!
٦- لۆمەی کەس مەکە!
٧- بەردەوام فێربە!
خۆت ئازا دەکەی بەحساب یەکیک لە پرفرۆشترین کتابی پەرەپیدانی تاوانستی ئەنتۆنی رۆبینزت خوندیتەوە و چاوەری دەکەی بەرەوپیش برۆیت. هەی ترحێو!! برا، ئەو خاڵانەی سەرەوە عادەتن و بە ٣ مانگ فێری نابیت. کە ئیرادەت نەبوو هەموو ئەو قسە پان پانانە بە فلسەکی سوتا. پێشی ناوێت خۆت هەندە بەو کتابانە خەریک بکەی. هەموومان بایی ئەوەندەی ژیرین کەوا بزانین چ باشە و چ خراپە لە ژیان. بەلام خۆمان لە خەتی ئیستوای گێلی دەدەین.
جارێ باسی ئەو خولانە مەکەن کە بەحساب راهێنرەکی نێودەوڵەتی دێت وانەی پەرەپیدانت پێدەڵیت. کەخۆت ئامادەنەبوویت و زۆرت لۆخۆت نەینا، بەخوای ٧٠ی لەو ریبات فەریکەنۆکانە بێن و ٧٠٠٠ پۆستت لەسەر بکەن و ٧٠٠٠ دەورەشت کردبی، لە ئاخیری بەقەد ئەو نانەواچیەی کە ٤ بەیانی خەریکی ئەنگوتک شێلانە یاخود ئەو جوتیارەی ٣ بەیانی لە عەلوەیە چوست نابیت. نە کاکی نانەوا و نەکاکی جوتیار لەژیانیان دەورەیەکی پەرەپیدانی توانستیان کردیە و ١٠٠ قاتیش لە کابرای ٧٠٠٠ دەورە چوسترن.
in Posts