زۆرجار کە وەسفی بەرێوەبەرێک دەکەین زۆربەمان ئەوە دەڵێین کەوا لەدوور و لەنزیک پەیوەندیەکی راستەوخۆی نیە بە ئەدا و ئەرک و چوستی بەرێوەبەرەکە. بۆ نمونە، لەبەر ئەوەی کەوا بەرێوەبەرەکە سەردانی تازیەی ماڵی منی کرد و فاتیحایەکی خوێند، یەکسەر و بەبێ دووجار بیرکردنەوە ئەو مەشهەدەی ئەو بەرێوەبەرەت دێتە پێش چاو کاتێک فاتیحایەکە دەخوێنیت و لەداهاتوو چاوپۆشی لەسەرجەم کەموکوریەکانی دەکەی. بەهەمان شێوە، بەرێوەبەرەکەت گەنجێکی باڵا بەرزی ستایلی سک شەش پاقلاوەیە، زۆربەی فەرمانبەرە کچەکان بەبێ ئەوەی گرنگیەکی ئەوتۆ بدەن بە ئەدای بەرێوەبەرەکەیان بە ئیجابی وەصفی دەکەن هەرچەندە ئەو گەنجە باڵابەرزە لەوانەیە هەڵەی کارگێری زۆر گەورەش بکات. بەڵام هەمیشە هێزێکی هەست پێنەکراوی ناوخۆی پاڵنەر هەیە کە رێگرە لەوەی بابەتیانە ئەدای بەرێوەبەرەکە هەلسەنگێنی. ئەو هێزە پێی دەڵین "دیاردەی هالۆ"
بەداخەوە، کۆمەلگەی ئێمە زۆر بەخراپی کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو دیاردەیە. سەیر دەکەی لەبەر ئەوەی بەریوەبەرەکەی کەسێکی دڵچاک و خاکی و باشە، بابەتیانە ناروانێتە دەستکەوتەکانی بەرێوەبەرەکە و کە لێی دەپرسی بەریوەبەرەکەتان چۆنە، یەکسەر دەلیت کەسێکی باشە. نایەت باسی دەستکەوتەکانی فەرمانگەکە یان کۆمپانیاکە بکات لەسەردەمی حوکمرانی بەرێوەبەرەکە و لەسەر ئەساسی ئەوە ئەدای بەرێوەبەرەکە هەلبسەنگێنێت. بۆیەش ئەو بەرێوەبەرانەی کەوا نازانن مجاملە و درۆ بکەن هەمیشە کێشەیان هەیە هەرچەندە ئەدای ئەوان لەوانەیە ١٠٠ قاتی ئەو بەریوەبەرانە باشتر بێت کەوا هەر بەقسەی خۆش و کاکە کاکە و بابە بابە و دایە دایە لەئۆفیس دانیشتون وەک پیاوچاکێکی صۆفی هەڵسوکەوت دەکەن.
من ناڵیم پیاوچاکی خراپە، بەڵام پیاوچاکی نابی ببێتە پێوەری بەرێوەبەری باش و خراپ ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی بە ئەداوە هەیە. بابەتەکان با لێک جیابکەینەوە. ئەگەر مەسەلە باشیە، وەلا لەوانەیە زۆر کارگوزار هەبن ١٠٠ هێندی بەرێوەبەر دڵچاک و بەڕەوشت و ئیماندار باش بن، بەڵام ئایا گونجاون بۆ بەرێوەبەری فەرمانگەکە یاخود کۆمپانیاکە؟ ئەدای بەرێوەبەر و چوستی لە باشی و شێوە و خاکیەت گونجاوترە بۆ پێوان. ئەگەر هەر هەمووشی هەبێت، ئەوا زۆر زۆر باشە و کەس گلەیی نیە. ئەگەرنا با بەڕێوەبەری گشت کۆمپانیا و فەرمانگە و وەزارەت مامۆستای ئاینی بن.
سەیری ئەو وێنەی خوارەوە بکەن! بەبێ ئەوەی بزانین کەوا کامیان بۆ بەریوەبەرایەتی باشترە، یەکسەر باز دەدەینە سەر ئەوەی کەوا کەسی دەستەچەپ باشترە و هەمیشە لەناخمان هالۆ پالمان پیوەدەنیت کە بەخشندەتربین بەرامبەر کەسی دەستەچەپ هەرچەندە لەوانەیە ئەو شەیتانیکی نەگریز بێت و ئەوە برادەرەی دەستەڕاستیش کەسێکی هەتابلێی چوست و کارامە بێت.
با پێوەرەکان چیتر تیکەڵ نەکەین! چاکە و باشە و رێکە و قسەخۆشە و جوانە و شیکە و قۆزە، ئەوە لۆخۆی باشە، بەلام هەتا چ حەدێک ئەوهەمووە سیفەتە کاریگەری لەسەر بەرەوپێشبردنی کۆمپانیا یاخود کارگە یاخود فەرمانگە هەیە، ئەوە گرنگترە!
in Posts