لەسەر خۆسوککردن بەناوی خۆبەخشی

کۆتاییەک بەو خۆسوککردنەی "خۆبەخشی" بهێنن!! دەچیە هەر شوێنێک و هەر ئۆفیسێک، چەندین خۆبەخش دەبینی کە بەڕاستی لە تام چویتە دەرێ. مەعقولە ئۆفیس هەیە ڕوبەرەکەی ٢٠ مەتر دوجا نابێت، ٧٠ خۆبەخشی تێدابێت؟!


بمرم ناچم ببمە خۆبەخش لە شوێنێک کە بە پلە دوو یان سێ سەیر بکرێم. خۆبەخشی لە ئەساسدا بۆ کارێکی وەک هاریکاریە لە ڕوبەڕووبونەوەی کارەساتێکی سروشتی وەک لافاو و بومەلەرزە و داڕمانی زەوی. نەوەک بۆ خۆدزینەوە لە دۆزینەوەی بەهای خۆت و بوون بەبەردەستی خەڵکانێک کە چەندین قاتی تۆ پارە وەردەگرن و دەستی چەوریان بەتۆ بسڕن!!


بەتایبەت لێرەدا مەبەستم خۆبەخشیە لە کەرتی گشتی. هیچ دامەزراوەکی حکومی نیە هەڵاوسانێکی گەورەی نەبێت لە ژمارەی فەرمانبەرەکانی. ئابوری وڵات داد و بێدادیتی لەدەست گەورەیی کەرتی گشتی لە کوردستان. تۆ بچی قۆرنجیان بۆ بتەقێنی و بیانشێلی و بە هیوای ئەوەی بڕیارێک دەتگرتەوە کە دواتر بە ٤٠٠ هەزار دادەمەزرێی، داوەشان نیە؟!!


ئەو مایندسێتە نەزۆکەی دامەزراندن لەکەرتی گشتی مانای کرانەوەی دەرگای بەهەشتە لێت، تاکەی کۆتایی نایەت؟! قابیلە فێری چیت دەکەن لەو فەرمانگانە؟! رۆکێتت بۆ دروست دەکەن و دەڵێن فەرموو وەرە تۆش فێری ڕۆکێت دروستکردن ببە!! باوەڕتان هەبێت، سادەیی کاری زۆریک لەوان ئەوەندە منداڵانەیە، کە ئەگەر بێتو یەک مانگ خولێکت پێ بکەن بە ئاسانی دەتوانی کاری بەڕیوەبەرێکی گشتی بەجوانی بەڕێوە ببەیت.


بۆیە لێرەدا داواکارم لە سەرجەم خۆبەخشەکان، ١٠ جار بیربکەنەوە لەوەی کە دەبن بە خۆبەخش و خزمەتکاری دامەزراوەیەک کە فەرمانبەری لێ دەڕژێت. زۆر ناخۆش نیە وەک بێدەسەڵاتێک بتبینن کە لە بێزاری لە دانیشتن لە ماڵەوە راتکردووە بۆ خۆ خستنە بەردەستی خەڵکێک کە هەموو ڕۆژێک نیگاکانی دەتکاتە یەک دڵۆپە ئاو؟!


ئەوەندە تەریق دەبمەوە کە دەرچویەکی "ئەندازیاری تەلارسازی" یان "شارستانی" یان هەر پسپۆریەک دەبینم وەک کارەکەرێک کە ناوی لەخۆی ناوە "خۆبەخش"، کەوا زۆرجار نەچمەوە ئەو شوێنە.


پێتان ناخۆش نەبێ، بەس ئاین ڕاند دەڵێت: "خۆبەخشی بۆ هەڵاتن لە بێزاری، فۆرمێکی بێرەوشتیە کە بەرامبەر خۆتی ئەنجام دەدەیت". لە شوینێکی تر دەڵێت: "ئەو کەسەی کە خۆی بە نرخ نازانێت، ناتوانێت هیچ شتێک و کەسێک بە نرخ بزانێت."

ئەو زیانەی زۆرینەی ساوێلکە بە کۆمەڵگەی دەگەیەنێت