پێشنیارێک بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان،
لە ئیستادا ٢٠ زانکۆی حکومی و ١٧ زانکۆی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان هەیە. ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ناگاتە ٦،٥ ملیۆن کەس کە ئێستاش ناگاتە ژمارەی دانیشتوانی بەغداد و لە ٣٠% ی دانیشتوانی قاهرە کەمترە. بۆ ئەوەی لەمەودای دریژ کۆنترۆلی ئەو هەموو زانکۆیە بکەیت و جوڵە لەنیوان شارەکان دروست بکەیت، هیوادارم دەستەیەک لە پلانداڕیژەری بەتوانا کۆببنەوە لەسەر پێشنیارێکی هەندێک عەجیب و زۆر گران بەڵام زۆر کاریگەری من لەوەی:
هەموو زانکۆ حکومیەکان ببن بەیەک زانکۆ و تەنها و تەنها ئەو زانکۆیە هەبێت لە کوردستان. پسپۆریەکان بەسەر شارەکان دابەش بکرێن و زانکۆکە ناوی لێ بنرێت زانکۆی هەرێم. زانکۆی هەرێم، بکرێت بە چەندین پسپۆڕی گشتی جیا و هەر پسپۆریەک بەناوی فاکەلتیەک لە کامپەسێک بخوێندرێت. شوێنی ئەو کامپەسانە بریتی بن لە شوینی ئەو ٢٠ زانکۆیەی ئیستا. وەزارەتی خوێندنی باڵا نەمێنێت و لەجیاتی ئەوە زانکۆی هەرێم ببێت بە بەدیلی و سەرۆکایەتی ئەو زانکۆیەش لە شوێنی ئیستای وەزارەتی خوێندنی باڵا دابنرێت.
ناونیشانی زانکۆ لەسەرجەم زانکۆ ئەهلیەکانی ئیستای کوردستان بستێندریتەوە وبکرێن بە سکولی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی سەر بەوەزارەتی پەروەردە کە کادری ناوەند لە کوردستان بەرهەم بهێنن.
بۆ نمونە، زانکۆی راپەرین ببێتە فاکەلتیەک لەزانکۆی هەرێم کە تەنها گرنگی بە پسپۆریە کشتوکاڵیەکان بدات. سەرجەم ئەو مامۆستایانەی کەلە هەموو شارەکانی تری کوردستان بابەتە کشتوکالیەکان دەلینەوە بێن و نیشتەجێ بن لە ڕانیە. سەرجەم تاقیگەکانیش بگوازرێنەوە بۆ ڕانیە. ئەوەی بەدوای زانستی کوشتوکاڵیە فەرموو بابێت لە ڕانیە بخوێنێت. زانکۆی کۆیە بکرێت بە فاکەڵتی ئەندازیاریە شارستانیەکان. ئەوەی حەزی لە ئەندازیاری شارستانی، ئاودێری، بیناسازی هەیە بابێت لە فاکەڵتی ئەندازیاریە شارستانیەکان لەکۆیە بخوێنێت. زانکۆی سەڵاحەددین و هەولێری پزیشکی ئیستا بگۆردرێن بۆ فاکەلتی زانستە پزیشکیەکان. کێ دەیەوێت لە زانستی پزیشکی بخوێنیت، فەرموو بابیتە هەولێر. بەدەر لەهەولیر یەک جێگای تر نیە بۆ خوێندنی پزیشکی.
پلەی پرۆفیسۆری و پرۆفیسۆری یاریدەدەریش هەموو بکرێت بە پۆزیشن. یەعنی چی؟ واتە پێداچوونەوە بەسەرجەم پلە زانستیەکانی ئیستا و دیاریکردنی ژمارەی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر بۆ ئەو فاکەلتیانە. بۆ نمونە، پەروەردەی وەرزش لە فاکەلتی وەرزش کە شوینەکەی ئیستای زانکۆی ئاکرێی گرتیتەوە، ١٠ پرۆفیسۆری پیویستە. چی پرۆفیسۆری وەرزش هەیە لە کوردستان دەبێت بێن پێشبرکێ لەسەر ئەو ١٠ پرۆژیشنی پرۆفیسۆریە بکەن، ئەوجا خوای دەکرد ئیستا ژمارەکەیان ٢٠٠ پرۆفیسۆر دەبوو. بەو شیوەیە ١٠ پرۆف بەمەعنای کەلیمە پرۆف دەبێت لە کوردستان.
ئەوەی لە مێشکی منە، زۆر گەورەیە کە زەحمەتە بتوانین لێرە هەمووی بنوسم. لەیەک شت دڵنیام، ئەویش ئەوەیە کەوا جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە زۆر قوڕسە، بەڵام کوالیتی خوێندن لەکوردستان دەگەیەنێتە ئاستێکی جیهانی و یەکجاری کۆتایی بەو تەسەیوبە دەهێنێت کەهەیە و بۆتە هۆکاری دروستکردنی نیو ملیۆن گەنجی بێکار. بۆ نمونە لەیەک زانکۆ بەشێک هەیە ١٥ پرۆفیسۆری هەیە، بەشیکی تر ٢ دکتۆرا و کەرتکە مامۆستایەکی هەیە. بەشی ١٥ پرۆفیسۆری لەهەر ٤ قۆناغ ١٠٠ خویندکاری نیە، کەچی بەشی ٢ دکتۆرا و کەرتکە مامۆستا ٢٠٠ خوێندکاری هەیە. هەرچەندە بەشی ١٥ پرۆف کاری بەس خستنەوەی گەنجی بیکارە و تێچووی هەر خوێندکارێکی نزیکەی ٤٠ ملیۆن لەسەر حکومەت دەوەستێت.